پیاوێك دووجار یانسیب دەباتەوە

هەمەڕەنگ

28/06/2020‌ 445 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەندێك لەئێمە خاوەنی بەختی باشین، كە وامان لێدەكات خەڵات ببەینەوە یان لە هەڵوێستە سەخت و دژوارەكانی ژیان دەربازمان بێت، بەڵام (ماڕك كلارك)ی ئەمریكی ئەمەشی تێپەڕاندووە، كاتێك لە دوو دووجاری یەك لەدوای یەكدا، ملیۆنەها دۆلاری بردەوە.

وەك كەناڵی ئاسمانی (سی ئێن ئێن) ی ئەمریكی باسی لێوە كردووە، (ماڕك كلارك) دانیشتوی ویلایەتی میشیگان- ی ئەمریكی، دووجار خەڵاتی یانسیبی بە بەهای 4 ملیۆن دۆلار بردۆتەوە. 

كلارك لەكاتی قسەكردنی بۆ كەناڵە ئەمریكییەكە وتی: زۆر كەس بەدووری دەزانن تەنیا جارێكیش ئەو خەڵاتە ببەنەوە، ئەی كە دووجار بیبەیەوە دەبێت چۆن بێت.

كلارك، كە تەمەنی 50 ساڵە،  ئەوەشی وت: ناتوانێت خۆشی خۆی دەرببڕێت سەبارەت بەو بەختە باشەی‌ هەیەتی و بووتە هۆی ئەوەی ملیۆنەها دۆلار بەدەست بێنێت.

چیرۆكە دڵخۆشكەرەكەی كلارك لە ساڵی 2017 دەستیپێكرد، كاتێك لە بەنزینخانەی هدسۆن لە میشیگان بەنزینی لە  سارەكەی دەكرد، لەو كاتەدا بڕیاریدا كارتێكی یانەسیبی خێرا بكڕێت، كە ئەوانی دەیبەنەوە دەستبەجێ خەڵاتەكە وەردەگرن، دوای كڕاندنی ژمارە نهێنییە داپۆشراوەكەی سەر كارتەكە تەو‌او سەرسام بوو،  كاتێك بینی كە 4 ملیۆن دۆلاری بردووەتەوە.

دوای ئەو ڕووداوە ‌و خانەنشین بوونی بە ماوەیەكی كورت،  كلارك كارتێكی یانسیبی دیكەی كڕی بەو نیازەی‌ 4 ملیۆن دۆلاری دیكە بباتەوە.

كلارك وردەكاری چیرۆكی دووەمجار بردنەوەی خەڵاتەكەی بۆ كەناڵی (سی ئێن ئێن) گێڕایەوە و وتی: بە بەكارهێنانی دراوێكی كانزایی دێرین، كە 10 ساڵ پێشتر لە باوكم وەرگرتبوو، شوێنی داپۆشراوی ژمارە نهێنییەكەی كارتەكەم كڕاند، پێشم وایە‌ ئەو پارچە دراوە دێرینە‌ هۆكار بوو بۆ ئەوەی بۆ دووەمجار ئەو خەڵاتە گەورەیە ببەمەوە‌.

كلارك، كە لە ئێستادا خانەنشینە و ژیانێكی هێمنانە بەسەردەبات و خەریكی پیادەكردنی خولیاكانیەتی وەك ڕاوە ماسی، پیلانی ئەوەی داناوە ئەو پارەیەی بخاتە بواری وەبەرهێنانەوە.

سەرچاوە: SKY NEWS  عەرەبییە
وەرگێران: دیاكۆ لوقمان حاجی