غەزبان دوای دەرچوونی لەوەزارەتی نەوتی عێراق نهێنییەكانی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات

کوردستان

30/06/2020‌ 6653 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سامر غەزبان وەزیری پێشووی نەوتی عێراق چەند نهێنییەكی لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان و هەناردەكردنی ئاشكرا كردو وتی: بەشێك لە نەوتی كوردستان دەچێت بۆ ئیسرائیل.

غەزبان لەلێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا وتیشی: حكومەتی هەرێم خۆی سەرپەرشتی پرۆسەكانی دەرهێنانی نەوت لەناو سنووری هەرێمدا دەكات، بۆ ئەوەش گرێبەستی لەگەڵ ٥٥ كۆمپانیای بیانیی كردووە، كە بەشێكیان پاشەكشەیان كردووە، روونیشیكردووەتەوە پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەرێم رۆژانە ٤٨٠ بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد .

وەزیری پێشووی نەوتی عێراق هەروەها وتی: حكومەتی هەرێم ڕێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك لە كۆمپانیای بازرگانی جیهانی كردووە بۆ ئەوەی نەوتەكەی بۆ بفرۆشن و بیخەنە بازارەوە، كە ناوی هەموو ئەو وڵاتانەش دەزانین نەوتەكەیان بۆ دەچێت‌و یەكێك لەو وڵاتانە ئیسرائیلە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا غەزبان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە عێراق بەهیج جۆرێك نەوت بۆ ئیسرائیل نانێرێت، لەماوەی رابردووشدا حكومەتی عێراق ئەو بابەتەی وروژاندووە و سكاڵای تۆمار كردووە، تەنانەت هەموو ئەو كۆمپانیایانەی نەوتی هەرێم بەبازار دەكەن لەلایەن حكومەتی عێراقی خراونەتە لیستی رەشەوە.

غەزبان ئەوەشی وت: حكومەتی عێراق دوو جۆر سكاڵای لەبارەی نەوتی هەرێم بەرزكردووەتەوە، كە یەكێكیان پەیوەستە بە قەدەغەكردنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بەوپێیەی وەك نەوتێكی قاچاخ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، دووەمیان پەیوەستە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ دەوڵەتێك، كە بە دوژمنی عێراق هەژمار دەكرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا