د. داهات حەوێزی سه‌باره‌ت به‌ دۆخی تووشبوانی كۆرۆنا له‌ سلێمانی روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

کوردستان

30/06/2020‌ 1127 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
د.داهات حەوێزی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید د. هێمن (جمهوری)  رایگه‌یاند، ڕۆژانە نزیکەی 100 نەخۆش لە 4 قاوشدا چارەسەریان بۆ ئەکرێت، ڕۆژانە نزیکەی 10 نەخۆش پلازمایان بۆ ئەنوسین، بەشی زۆر لەو نەخۆشانە پلازمایان دەست ئەکەوێ، بەشێکیشیان ئێمە هاوکاریان ئەکەین.

له‌ نوسینێكدا له‌ فه‌یسبووكی تایبه‌تی خۆی د. داهات حەوێزی باسی له‌وه‌كردووه‌: "ڕۆژانە نزیکەی 100 نەخۆش لە 4 قاوشدا چارەسەری بۆ ئەکرێ (ئەمڕۆ 115 نەخۆشی لێبوە)، ڕۆژانە نزیکەی 20 نەخۆش بەرەو باشی ئەچن و ئەیانێرینەوە بۆ تەواو کردنی چارەسەرەکەیان لە ماڵەوە یان لە ئوتێلە تەرخانکراوەکان".

ده‌شڵێت: "رۆژانە نزیکەی 10 نەخۆش پلازمایان بۆ ئەنوسین، بەشی زۆر لەو نەخۆشانە پلازمایان دەست ئەکەوێ، بەشێکیشیان ئێمە هاوکاریان ئەکەین، ڕۆژانە نزیکەی 5 نەخۆش باری تەندروستیان تێک ئەچێ و پێویستیان بو ئامێری هەناسەدانی دەستکرد ئەبێ و بەپێی هەبوونی جێگا ئەیانێرین بۆ ن.شەهید ئاسۆ -ڕۆژانە چەند حاڵەتێکی کەمی مردن لە جمهوری تۆمار ئەکرێ".

ئه‌و پزیشكه‌ رونیكردووه‌ته‌وه‌: ئەوەی جێگای دڵخۆشیە زۆرێک لەو نەخۆشانەی پلازما وەرئەگرن سوودی زۆری لێ دەبینن و دوای دوسێ ڕۆژ لە نەخۆشخانە دەریان ئەکەین، ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕوودەکەنە بانکی خوێن بۆ پێدانی پلازما و ڕۆژانە زۆرێک لەو نەخۆشانەی کە 14 ڕۆژ بەسەر چاکبونەوەیان تێپەڕیوە خۆیان ئەچن بۆ بەخشینی پلازما.
-لە سبەینەوە دەست ئەکەین بە دەرمانێکی تایبەت بە بەرزکردنەوەی بەرگری لەو کەسانەی تووشی هەوکردنی سەختی سیەکان بوون.