پارتی مه‌رجی هه‌رێم بۆ راده‌ستده‌كردنی ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وت به‌ به‌غداد ئاشكرا ده‌كات

عیراق

30/06/2020‌ 6023 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئارام باڵەتەیی وتەبێژی فراکسیونی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگه‌یاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو دۆسیەی نەوت بداتە دەست حکوومەتی ناوەندی عێراق و لەبەرامبەردا عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رەوانە بکات، بەڵام ئەوە عێراقە کە ئامادە نییە ھەموو دۆسیەی نەوتی ھەرێم وەربگرێت.

ئارام باڵەتەیی لەبارەی دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال لە بەغدا قسەی به‌  ئانادۆڵی  وتووه‌: "چەندین شاندی ھەرێمی کوردستان بە زنجیرەیەکی سەرەدانکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کوبوونەتەوە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشە ھەڵواسراوەکانی بەینی ھەردوولا و حکوومەتی ھەرێم ھەموو داتایەکانی لە بارەی فەرمانبەرانی ھەرێم و دۆسیەی نەوت و غاز و ھەموو ئەو بابەتانەی کە کێشەلەسەرە پێشکەش بە حکوومەتی عێراق کردووە و عێراقیش تا ئێستا نە ئەم داتایانەی رەتکردوونەتەوە و نە بڕیاری کۆتایشی داوە، ئێمە چاوەرێی بڕیاری کۆتایی بەغداین چونکە ئێستا چەندین بژاردە ھەن و بڕیاری کوتایی بۆ ھەڵبژاردنی یەکێک لە بژاردەکان بەدەست بەغداوەیە".

وتیشی: "ناتوانین باسی ژمارەکان بکەین چونکە ھێشتا ژمارەیەکی دیاریی کراو دەستنیشان نەکراوە، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە کە ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو داھاتی مەرزەکان و داھاتی ناوخۆ و داھاتی نەوت ھەمووی بداتە دەست بەغدا لە بەرامبەردا بەغدا چەند پارە بۆ ھەرێم رەوانە دەکات، بژاردەیەکی تریش ئەوەیە کە ئەگەر حکوومەتی ھەرێم نیوەی ئەم داھاتانە لەگەڵ 250 ھەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بداتە دەست بەغدا لە بەرامبەردا بەغدا چەند پارە بۆ ھەرێم رەوانە دەکات".

به‌گوێره‌تی وته‌كانی ئارام باڵه‌ته‌یی لەئێستادا ئەو ھەردوو بژاردەیە ھەن و ھەردوو لا لەسەر دیاریکردنی گوژمەیەکی پارە رێک نەکەوتوون، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە 895  ملیار دینار ھەیە تەنها بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی جگە لە چەندین خەرجی تر. لەھەر حاڵەتێکدا حکوومەتی ناوەندی عێراق ئامادەیی خۆی دەرنەبڕیوە بۆ پێدانی ئەم بڕە پارەیە بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

ئارام باڵەتەیی لە بارەی بەربەستەکان بۆ رێکنەکەوتنی ھەرێم و بەغدا وتی: "رەنگە بەربەستی سیاسیی یەکێک لە ھۆکارەکانی رێک نەکەوتن بێت چونکە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان و لایەنە دەرەکییەکان فشار لەسەر سەرۆکوەزیران دروست دەکەن و ھەندێک کات بابەتی تەکنیکی دەبنە بەربەست. لە لایەکی تریشەوە ئێستا عێراق خۆی لە قەیراندایە و زۆر زەحمەتە بۆ حکوومەتی عێراق لەئێستادا پارەی پێویست بۆ خەرجییەکانی عێراق دابین بکات".

ئه‌وه‌شی وت: "ئێستا لەھەر کاتێک زیاتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو دۆسیەی نەوت بداتە دەست حکوومەتی عێراق، بەڵام ئەو راستییەی کە زۆر باس ناکرێت ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق خۆی ئامادە نییە ھەموو دۆسیەی نەوتی ھەرێم وەربگرێت، چونکە ئەم دۆسیەیە قەرزی لەسەرە، پێش چەند رۆژێکیش لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، وەزیری نەوت خۆی دانپێدانی کرد کە لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە ھەموو دۆسیەی نەوتی ھەرێم وەربگرێت چونکە ئەو دۆسیە زۆر قەرزی لەسەرە".

سه‌باره‌ت پەسەندکردنی یاسای قەرزی دەرەکی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ده‌ڵێت: "پەسەندکردنی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانیش دایە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا حکوومەتی عێراق چەندین قەرزی دەرەکی وەرگرتووە و ئەو قەرزانەیش لە پەسەندکردنی بوودجەدا بە سیادی ھەژمارکراون و لە ھەرێمی کوردستانیش بڕدراون، بەڵام ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک سوودمەند نەبووە لەو قەرزانە و ھیچ بڕە پارەیەک لەو قەرزانە نەگەیشتووەتە دەست حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".

وتەبێژی فراکسیونی پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی ئەمساڵ ئاماژەی بەوە دا کە دوو بۆچوون ھەن بۆچوونێک ئەوەیە کە عێراق بوودجەی ھەبێت، بەڵام ئەم بۆچوونە لەئێستادا واقعی نییە، چونکە ئێستا ئێمە لە مانگی حەوت داین و لەبەر بابەتی کۆرۆنا کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاسان نین، بۆچوونێکی تریش ئەوەیە کە ئەمساڵ عێراق بوودجەی نەبێت و حکوومەتی عێراق لەسەر بنەمای یەک لەسەر دوانزدە پارە خەرج بکات تا کۆتایی ئەمساڵ و خۆی ئامادە بکات و بوودجەی ساڵی 2021 بو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەوانە بکات.

ئارام باڵەتەیی لە کۆتایی قسەکانییدا وتی: "ئێمە وەک نوێنەرانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە ئومێدین کە ھەموو کێشەکانی بەینی حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چارەسەربکرێن، هەروەها ئێمە پێگیرین بە دەستووری عێراق و ئێمە لەوبڕوایەداین ئەگەر پێگیری بە دەستووری عێراق بکرێت ھەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێن، بەڵام یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە خەڵکانێک ھەن لە مەیدانی سیاسیی عێراقدا کە بڕوایان بە دەستوور نییە و بڕوایان بە فیدرالییەت نییە و بڕوایان بە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان نییە، ئەمەیش دەبێتە ھۆی دروستبوونی بەربەست لە بەردەم دانوستانەکانی ھەولێر و بەغدا".

بەپەلە