یەكێتی ئەوروپا دەیەوێت لەبواری بۆشایی ئاسماندا لەكاروانەكە دوانەكەوێت

هەمەڕەنگ

01/07/2020‌ 406 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
كۆمسیۆنی ئەوروپا بۆ كاروباری بۆشایی ئاسمان رایگەیاند، یەكێتی ئەوروپا پارەیەكی زیاتر بۆ بواری هەڵدانی مووشەك و دروستكردنی مانگە دەستكردەكان  بۆ ئامانجی تۆرەكانی پەیوەندی و دۆزینەوەكانی گەردوون تەرخان دەكات، تا لەو ڕێگایەوە بتوانێت ڕكابەری بەرزەفڕییەكانی ئەمەریكا و چین لەبواری بۆشاییگەری بكات و لە كاروانەكە بەجێنەمێنێت.

لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا ئەوروپا هەوڵیداوە دوور لە ئەمەریكا و روسیا پەرە بە پیشەسازییەكانی بواری بۆشاییگەری بدات، بۆ ئەوەش لەبواری دروستكردنی موشەكی ئاریان و سیستەمی گالیلۆ بۆ دیاریكردنی پێگە لەڕێگای مانگە دەستكردەكانەوە، كە ركابەری سیستەمی "جی پی ئێس"ی ئەمەریكی دەكات سەركەوتنی بەدەستهێناوە .

بەڵام دەركەوتنی كۆمپانیای "سپەیس ئێكس"ی ئەمەریكی و موشەكەكانی، كە دەتوانن جارێكی تر بەكاربهێنرێنەوە، هەروەك پێشكەوتنی خێرای چین لەبواری بۆشاییگەری‌و نیشتنەوەی یەكەمجاری چینییەكان لەسەر بەشی تاریكی مانگ لەساڵی رابردوودا، وایانكرد ئەوروپاییەكان هەست بكەن خەریكە لەكاروانەكە جێدەمێنن ئەگەر بێت و هەنگاوی خێرا نەنێن .

لەو بارەیەوە تێری بریتۆن كۆمسیۆنەری ئەوروپی، كە كەرتی بۆشاییگەری بەشێكە لەئەركەكانی، لەچاوپیكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز وتویەتی "بۆشایی ئاسمان یەكێكە لەخاڵەكانی هێزی ئەوروپا، بۆ ئەوەی لەو بوارەشدا پێشبكەوین هۆ و هۆكاری پێویست دەخەینە بەردەست خۆمان.

بریتۆن، كە رەگەزنامەی فەرەنسییە و سەرۆكی پێشووی كۆمپانیای ئەتووس بۆ تەكنەلۆژیای زانیارییەكان بووە دەڵێت: بۆیەكەمجار یەكێتی ئەوروپا بودجە بۆ پشتیوانیكردنی تەكنەلۆژیای نوێی هەڵدانی موشەك تەرخان دەكات، لەوانە ئەو موشەكانەی دەكرێت چەند جارێك بەكاربهێنرێنەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا