یاد نەقشبەندی: لەشاری سلێمانی دۆخێكی مەترسیدار هەیە بەڵام لەكۆنتڕۆڵ دەرنەچووە

کوردستان

01/07/2020‌ 953 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دكتۆر یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی لەگفتوگۆیەكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، باس لەدواین پێشهاتەكانی پەیوەست بەدۆخی تەندروستی سلێمانی دەكات.

لە سەرەتای وتووێژەكەدا وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەبارەی دۆخی تەندروستی سلێمانییەوە وتی: لەئێستادا ژمارەی توشبووان لە شاری سلێمانی و بگرە هەرێمی كوردستان و هەروەها وڵاتی عێراقیش لە هەڵكشاندایە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئێمە لە شاری سلێمانی لە دۆخێكی مەترسیدارداین بەڵام بەمانای لەدەستدەرچوونی دۆخەكە نایەت یاخود با بڵێن لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە بەڵكو هێشتا ئێمە توانیومانە هەموو توشبوویەكی كۆرۆنا ئەوەی كە پێویستە لەڕووی زانستییەوە پێشكەشی بكەین، ڕاستە نەخۆشخانەكانمان فشارێكی زۆری لەسەرە بەڵام هێشتا توانای وەرگرتنی نەخۆشمان هەیە، وە دڵنیایی دەدەم ئەگەر بێتو هاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییەكان بن وە هەموو ئەو ڕێكارانەی پێویستە بیگرینەبەر بەرامبەر بە كۆرۆنا ، دەتوانین لە داهاتوودا ئەم شەپۆلە خێرایە خاو بكەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین تەواو دۆخەكە بخەینە ژێر ئەوەی كە هەموو تووشبوویەك كە بێتە نەخۆشخانە وەربگیرێت چونكە ئێمە ترسمان تەنها ئەوەیە ئەگەر بێتو بەم شێوازە هەڵكشان هەبێت ڕەنگە وای لێبێت نەخۆشخانەكان تەواو پڕبن و نەتوانرێت هەموو توشبوویەك لە نەخۆشخانە داخڵ بكرێت."

دكتۆر یاد نەقشبەندی ئەوەشی وت: بەداخەوە هەندێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بەشێوازێكی زۆر نابەرپرسانە، نامرۆڤانە، ناتەندروستانە، مامەڵە لەگەڵ بابەتەكە دەكەن كە لەكۆتایـیدا ئەوەی زەرەرمەندە هاوڵاتییە من دڵنیایی دەدەم تا ئەم ساتە نەخۆشخانەكانمان ئەوەنیە بڵێین پڕنەبوون بەڵی قەڕەباڵغیەكی زۆری لەسەر نەخۆشخانەكانە ڕاستە ژمارەیەكی زۆری تووشبوومان هەیە كە لەناو نەخۆشخانەكاندان بەڵام دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێك بدەم ، ئەو ژمارەیەی كە ڕۆژانە لە شاری سلێمانی ڕادەگەیەنرێت بەشێكی كەمیان پێویستیان بە نەخۆشخانە هەیە، زۆرینەی حاڵەتەكان دەتوانم بڵێم نیشانەیان نییە یاخود نیشانەی مام ناوەندی یان هەیە كە ئێستا خۆم توشبوویەكم هەڵگری ڤایڕەسەكەم نیشانەیەكی مام ناوەندم هەبووە لەماڵەوەم خۆم جیاكردۆتەوە، ئەو چارەسەرانەی كە ڕێنمایی پزیشكین جێبەجێم كردووە، دەتوانم بڵێم قۆناغێكی زۆر باشیشم لە نەخۆشیەكە بڕیووە، لەبەر ئەوە دەبێت زۆر بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بابەتەكە بكرێت.

نەقشبەندی لەبارەی دۆخی نەخۆشخانەكانەوە دەڵێت: تا ئەم ساتە نەخۆشخانەكان ئەوە نییە بڵێن پڕبوون، دڵنیابن ئەگەر ئەو نەخۆشخانانەی لە ئێستادا لە شاری سلێمانی تایبەتكراوە تەواو پڕبێت، بێگومان ئێمە پلانی دیكەمان هەیە كە شوێنی تریش تەرخان بكەین سەرەڕای ئەو بارە قورسە داراییەی كە لەسەر شانی كارمەندان و پزیشكانە كە ئیداری و كارگێڕی و كارگوزاریەكانیشە چونكە گرنگترین كۆڵەكە لە تەندروستی دا سەرچاوەی مرۆیی یە پاشان بیناو دەزگای پزیشكی یە بەڵام بێگومان پلانمان هەیە ئەگەر پێویستمان بە نەخۆشخانەی تریش بێت لەئەگەر پڕبوونی شوێنەكاندا ، بێگومان ئێمە شوێنی تر تەرخان دەكەین بەڵام تا ئێستا نەخێر پڕ نەبووە، ڕاستە قەڕەباڵغی هەیە بەڵام ئێمە ڕۆژانە ژمارەیەك چاكبووەمان هەیە كە لە نەخۆشخانەكانەوە دەنێردرێنەوە ماڵەوە پاش ئەوەی كە دڵنیادەبین كە ڤایڕەسەكە لەلەشیاندا نەماوە."

دەربارەی دەنگۆی وەستانی پشكنینی كۆرۆنا لە سلێمانی وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕەتیكردەوە و وتی" نەخێر ئەمە دوورە لە ڕاستیەوە، ئێمە تەنها لەماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوودا ، لەبەر ئەوەی ئێمە چەند شوێنێكمان هەیە كە پشكنین تیایاندا ئەنجام دەدەرێن، یەكێك لەوانە سەنتەری سەرچنارە كە زۆرترین پشكنینەكان لەوێ دەكرێن، وە ئەو شوێنە تەعقیم كراوە پاشان لەبەر ئەوەی تێستی تازەمان بۆ هاتبوو، جیهازەكان پێویستی بە جۆرە شتێك دەكرد بۆ داتا كردنەوەیان، لەبەر ئەوە تەنها ئەوە بوو لەم 48 كاتژمێرەدا دەتوانم بڵێم ژمارەی پشكنینەكان بەراورد بە چەند ڕۆژی ڕابردوو كەمێك كەم بوون ئەمەش هۆكارەكەی بوو، لە دوێنێ شەویشەوە بە چڕی دەستكراوەتەوە بە پشكنین ، وە هیچ كێشەیەكمان نییە لەڕووی پشكنینەوە."

"من دەتوانم بڵێم لە ئێستادا ئەوەی دەبینرێت لە شاری سلێمانی، ئاستێكی باشە بەوەی دەبینرێت بازاڕ و دوكانەكان چۆڵن وە خەڵك بە شێوازێكی تەندروستانە مامەڵە دەكەن بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە، واتە دۆخە پێویستی بە زیاتر خۆپارێزییە وە گرنگیشە هاوڵاتیان تەنها ئەوە نەبێت كە نەیەنە بازاڕ ، گرنگە شەوانیش كۆبوونەوە نەكرێت، واتە ئەگەر چەند خێزانێك لە شوێنێك كۆ ببنەوە ئەمەش هەر بەركەوتەیە. بە ڕاستی ئێستا خۆم كە هەڵگری ڤایڕەسەكەم بە نموونە بهێنمەوە من نازانم سەرچاوەی توشبوونەكەم چی بووە، نازانم لە كوێووە توش بووم ڕەنگە برادەرێكی خۆمم بینی بێت لە شوێنێكدا و قسەم لەگەڵ كردبێت و لە شوێنێكدا بوو بێت كە پێشبینیم نەكردبێت ئەو ڤایڕەسە بەهۆی ئەوەوە بێت، بۆیە هاوڵاتیان پێویستە بە تەواوەتی پابەندی ڕێنماییەكان بن و بەهەموو شێوازێك وا مامەڵە بكەن لەگەڵ هەركەسێكدا كە هەڵگری ڤایڕەسەكەیە بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك بتوانیین دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكەین." دكتۆر یاد نەقشبەندی وای وت.

د. یاد نەقشبەندی لەبارەی ڕێژەی بەرزی توشبووانی كۆرۆنا وە ژمارەی مردووەكان لە سلێمانی دەڵێت: یەك واقیع هەیە دەتوانم بڵێم ئەو ژمارانەی كە لە شاری سلێمانی ڕادەگەیەنرێن ، ژمارەیەكی واقیع و شەفافن . ئێمە ئەوەی كە واقیعی بوونی دۆخەكەیە لە شاری سلێمانی داومانە بە هەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بۆ ئەوەی هاوڵاتیان تەواو ئاگاداری دۆخەكەبن، ڕاستە ژمارەكان جێی نیگەرانییە بەڵام دەتوانم بڵێم ئەگەر باسی ڕێژەی مردن بكەین بەراورد بە ژمارەی تووشبووان هێشتا ڕەنگە لە زۆر وڵاتی چواردەوری ئێمەدا یاخود لە جیهاندا هێشتا كەمتربێت بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت دۆخەكە مەترسیدار نییە، بەڕاستی دۆخەكە مەترسیدارەوە ژمارەكان جێی نیگەرانیین ، وە بە ڕاشكاویش دەیڵێم ئەو ژمارانەی كە ڕادەگەیەنرێن، ئەوە ئەوانەن كە نیشانەیان هەیە و دێن پشكنین دەكەن، بە ڕاستی حاڵەت هەیە و ڕەنگە هەڵگریش بێت و هیچ پشكنینێك نەكات لەبەر ئەوە ئێمە پێشبینی دەكەین ژمارەكە زیاتر بێت لەوە بەڵام گرنگە خەڵك دوو شت جیا بكاتەوە ترس لەگەڵ واقیع جیایە، ئێمە نامانەوێت بە هیچ شێوازێك بترسن ، ناشمانەوێت هاوڵاتیان بابەتەكە بەهەند وەرنەگرن وە لەگەڵ دۆخە واقیعیەكەدا مامەڵە نەكەن، بۆیە ئێمە تەنیا شت دەڵێم ژمارەكان هەرچەندێك بێت، دۆخەكە هەرچیەك بێت دڵنیابن ئەگەر خۆپارێزی بكەن و هاوكاری كەرتی تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدار بن ئەم دۆخە تێدەپەڕێنین."

دەربارەی ئەوەی بۆچی قەدەغەی هاتوچۆ لە سلێمانی ڕاناگەیەنرێت؟ دكتۆر یاد نەقشبەندی وتی: لە ڕاستیدا ئێمە پێشنیاری قەدەغەی هاتوچۆمان كردووە ، پێش چەند هەفتەیەك لەمەو پێش ، بەڵام لەبەر هەندێك دۆخ، لەوانە خراپی باری ئابوری هاوڵاتیان كە دەتوانم بڵێم ڕێگریەكی زۆر بووە لەبەردەم ڕێو شوێنەكان و ئەو ڕێكارانەی كە پێویسته، كەواتە ئەو ڕێكارانەی كە زانستییە لەگەڵ ئەو قۆناغەی كە ئێمە تیاین ، ڕِەنگە خراپی باری ئابوری هۆكارێك بێت نەمان توانیبێت وەكو خۆی جێبەجێی بكەین لەگەڵ ئەوەی كە پێشنیاریش كراوە لەناو لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنی ڕووبەڕووبونەوە بەڵام لای ئەوانیش هەمان قسە هەبوو كە دۆخی خراپی ئابوری هاوڵاتیان و ئەو لایەنانەی كە پێویستە فرمانەكە جێبەجێ بكەن لەسەر ئەركی ئەوانە كە ئەوانیش كەسانێكی هیلاكن لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە شانبەشانی كەرتی تەندروستی لە ڕووبەڕوبوونەوەی كۆرۆنادا بوون لەبەر نەبوونی موچە و خراپی باری ئابوری بتوانن بەو شێوازە ڕێوشوێنەكان جێبەجێ بكەن ، بەڵام ئەو ڕێكارانەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنی ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی دەركرا، لە ئێستادا دەبینرێت لە شاری سلێمانیدا تەواو جێبەجێ دەكرێت و هاوڵاتیانیش تەواو باشدا پابەندن پێوەی كە هیوادارم باشتریش بێت"


وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، هەواڵە خۆشەكە یەكەم ئەو ژمارانەی كە ڕادەگەیەنرێت بەشێكی كەمیان پێویستیان بە نەخۆشخانەیە و باری تەندستیان ناجێگیرە هێشتا دەتوانم بڵێم ئەو ڕێژە مردنەی كە هەیە ڕاستە مەترسیدارە بەڵام ئەوە نیە بڵێین ئێمە لە هەموو وڵاتانی تر زیاترین بگرە ڕەنگە كەمتربین بە شێوەیەكی گشتی، خاڵێكی تر گرنگە دڵنیا بن لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دەتوانم بڵێم ژمارەیەكی چاكبوونەوەی زۆر لە شاری سلێمانی ڕادەگەیەنرێت كە لە دوو هەفتە لەمەو پێش نزیكەی430 حاڵەتمان ڕاگەیاندووە "ئینشاالله" لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا ژمارەیەكی تری چاكبوونەوە ڕادەگەیەنرێت و ڕاستە نەخۆشخانەكان ڕۆژانە نەخۆشی تێدەچێت بەڵام نەخۆشیش چاك دەبێتەوە و دەنێردرێتەوە ماڵەوە."

سەبارەت بەهۆكاری ڕێژەی بەرزی توشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی جیاواز لە شوێنەكانی تر دكتۆر یاد نەقشبەندی ڕایگەیاند، دەتوانم بڵێم واقعێكە كە ئێمە بە تایبەت لە جەژن و لە ڕەمەزاندا بەركەوتەیەكی زۆر هەبوو بەركەوتەیەكی زۆر هەبوو لە شاری سلێمانی ئەمە یەكێك بووە لە هۆكارەكان لەبەر ئەوە ئێمە هەرگیز نەمان وتووە ڤایڕەسی كۆرۆنا كۆتایی هاتووە، ڤایڕەسی كۆرۆنا شتێكی جیهانییە شتێكی لۆكاڵی نییە تەنها لە شاری سلێمانی بوونی هەبێت ،لەبەر ئەوە هەمیشە مەترسیەكان هەیە تا لە جیهاندا حاڵەتێك بمێنێت لەبەر ئەوەی لە شاری سلێمانی و بگرە هەرێمی كوردستان و وڵاتی عێراقیش حاڵەتەكان هەر مابوون، ئەوە بوو بەهۆی ئەو بەركەوتنە زۆرە. بێگومان ئەو ژمارە لە هەڵكشاندا دەبێت بەڵام گرنگە ئێمە كار لەسەر ئەوە بكەین چون بتوانیین ئەم شەپۆلە خاو بكەینەوە. ئێمە لەگەڵ ئەوە نین بڵێین ڤایڕەسی كۆرۆنا سەد لەسەد بنبڕ دەكەین بەڵام تەنها كار لەسەر ئەوە دەكەین ئەم هەڵكشانە بەرەو خاوی بڕواتەوە و بە شێوەیەكی ئاسۆیی بڕوات وە بتوانیین هەموو ڕێ و شوێنانەی كە پێویستن جێبەجێی بكەین."

سەبارەت بەوەی دەوترێت هەندێك نەخۆشی تر لە ئێستادا لە ئارادایە وەك گرانەتا؟ دكتۆر یاد نەقشبەندی وتی" نەخێر بەڕاستی ئێستا ئەوەی ئێمە دەیبینین لە پشكنینەكانەوە كە هاوڵاتیان سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن نەخێر ئەو حاڵەتانە دەتوانم بڵێم زۆرینەیان كۆرۆناین بەڵام گرنگە ئێمە چۆن مامەڵەی ڕاست لەگەڵ ئەمەدا بكەین، واتە گرنگە هاوڵاتیان بزانن كە توشی كۆرۆنا بوویت مەرج نییە یەكسەر پێویستت بە پلازما بێت، یا بە چارەسەری دژە ڤایڕەس بێت پێویستت بە چارەسەرێك بێت بایی 100 هەزار بێت كە بەڕاستی بەداخەوە هەندێك كەس نابەرپرسانە و نەفس نزمانە مامەڵەی كردووە لەگەڵ بابەتەكەدا ڕەنگە بۆ ئەوەی ئەزمەیەك دروست بكرێت و بۆ هەندێك دەستكەوتی ماددی یاخود كەسی خۆیان هیوادارم خەڵك لە ئاست ئەو هۆشیاریەدا بن، من باسی خۆم دەكەم بە نموونە من تووش بوو بووم نە ئۆكسجینیشم لابوو نە پلازماشم بەكارهێناوە نە دژە ڤایڕەشم بەكارهێناوە تەنها چەند چارەسەرێك لە چەند ڤیتامینێك پێكهاتووە ڕەنگە لە خواردنی ڕۆژانەشدا هەبێت ئەو كاتەی كە تووش دەبیت ڕەنگە جورعەیەكی زیاتر بێت كە ڕەنگە لە خواردنی ڕۆژانەشدا هەبێت، وە باری تەندروستیم بە بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو زۆر زیاتر بێت دەتوانم بڵێم بەرەو قۆناغی كۆتایی نەخۆشیەكە دەڕۆم، بۆیە ڕاستە حاڵەتەكان زۆرن ، ئەو نیشانە زۆرانەیان لەم وەرزەدا دەڕوات ئەو حاڵەتانە دەتوانم بڵێم زۆربەیان كۆرۆنان بەڵام گرنگ ئەوەیە نەبێتە هۆی شڵەژان یان ترس چونكە زۆر خراپە بۆ ئەو كەسانەی كە هەڵگری ڤایڕەسەكەن، بۆیە دڵنیابە ئەگەر نیشانەكانیش هەبێت،تەنها بە پشوودان و مانەوە لە ماڵەوە ، خۆ جیاكردنەوە بۆ ئەوەی كەسانی دیكە تووش نەكەیت، ئاو زۆرخواردنەوە ، میوە خواردن ، ڕۆژانە كەمێك بچیتە بەر خۆری بەیانی ، جێبەجێكردنی چەند وەرزشێكی سادە كە خۆ هیلاككردنی تێدانەبێت ، وە بەكارهێنانی هەندێك لەو ڤیتامینانە بە ئاسانترین شێوە نەخۆشیەكە تێپەڕ دەكات."

دكتۆر یاد نەقشبەندی كە لەماوەی ڕابردوو ڕایگەیاند تووشی كۆرۆنا ڤایرەس بووە، بەڵام لە ئێستادا بەوتەی خۆی دۆخی تەندروستی زۆرباشە لەو ڕوەوە وتی" من لە ئێستا بۆ ماوەی نزیكەی 8-9 ڕۆژە هەڵگری ڤایڕەسەكە بووم ، وە چارەسەرەكان بەكار دێنم تەنها چارەسەرێكی "سەپۆرتزە" ، هیچ چارەسەرێكی ئەوتۆ نییە ئەو شێوازانەی كە دكتۆرەكان هەر هەمان ئەو دكتۆرانەی كە سەرپەرشتیاری كۆرۆنان لە شاری سلێمانی ، ڕێنماییەكانم وەرگرتوون و "ئینشاالله" لە داهاتوویەكی نزیكدا دەتوانم بڵێم لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا یان هەفتەی داهاتوودا دەگەڕێمەوە سەر كاری خۆم پاش ئەوەی دەبێت بێگومان پشكنینەكانم نێگەتیف دەربچێتەوە."

سەبارەت بەدەنگۆی مانگرتنی كارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی، دكتۆر یاد نەقشبەندی وتی" من دڵنیایی دەدەم كەرتی تەندروستی لە شاری سلێمانی لە ئێستادا ئەوەی پێویستە ئەوەی خزمەتگوزاری تەندروستی یە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت بەهەوڵ و كۆششی هەموو لایەك لەسەرو هەموویانەوە بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، وە ئێمە تا ئێستا نە لە هیچ سەنتەرێكی كۆرونا نە لە هیچ ئیمەرجێنسیەك دەوام ڕانەگیراوە ، ڕاستە هەندێك شوێن دەوامی تیادا ڕاگیراوە بەڵام نەهێڵدراوە كاربكاتە سەر تەندروستی هاوڵاتیان و ژیانی هاوڵاتیان ، ئەوەش واقیعێكە كە كارمەند و پزیشك و كارگوزار و یەكە ئیداری و كارگێڕیش وەكو هەموو مرۆڤێكی دیكە پێویستی بە بژێوی ژیانە بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوامی بە ژیانی بدات، ئێستا كەرتی تەندروستی توانیویەتی ئەوەی خزمەتگوزاری پێویستە پێشكەش بە هاوڵاتیانی بكات بە تایبەتی لە سەنتەرەكانی كۆرۆنادا كە دەتوانم بڵێم باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی لەڕووی كوالێتی و لەڕووی "كوانتیتی- شەوە" پێشكەش بە توشبووانی كۆرۆنا كراوە لە شاری سلێمانی."