رێژەی هەژاریی لە عێراق بەشێوەیەکى مەترسیدار بەرزبۆتەوە

عیراق

03/07/2020‌ 176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی کار وکاروباری کۆمەڵایەتى عێراق رایگەیاندووە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە رێژەی هەژاریی لەعێراق هەڵکشاوە .


عادل ڕیکابی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لەلێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندنی حکوومەت ئاشکراى کردوە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەسەرانسەری جیهان کە بووە هۆی هەرەسهێنانی نرخەکانی نەوت لە جیهاندا، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی هەبوو لەسەر زیادبوونی ڕێژەی هەژاریی لە عێراق بەجۆرێک رێژەکە لە ٢٢٪ بۆ ٣٤٪ بەرز بۆتەوە ، پێشبینیشی کردووە ئەو دۆخە قەیرانی ئابووری و تەندرووستیی لێبکەوێتەوە .


ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە وەزارەتەکەیان هەوڵ دەدات لەڕێگای هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییە جۆراوجۆرەکان چارەسەرێکی خێرا بۆ زۆری ڕێژەی هەژاریی و بێکاریی بدۆزێتەوە، ئەوە جگە لەو ڕێکارانەی حکومەتی عێراق لەڕێگای وەزارەتەکەیانەوە پێشکەشی ئەو چین و توێژانەی دەکات کە داهاتیان کەمە و بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینەوە زیانیان بەرکەوتووە .


وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق باسی لەوەش کردووە کە پێشتر داواکارییەکیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکردۆتەوە تاوەکو بڕی هاوکارییەکان و ژمارەی ئەوانەی لەژێر ناوی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هاوکاری حکوومەت وەردەگرن فراوان بکرێت و ژمارەیەکی زۆرتر لێی سوودمەند ببن .

وەرگێڕانی: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی