رەوشی ناوچەكە كاریگەری لەسەر گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا هەیە

کوردستان

04/07/2020‌ 763 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بڕیارە ئەم هەفتەیە گەڕێكی دیكەی دانوستانەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن بەڕێوە بچێت، چاودێرانیش پێیانوایە، دانوستانەكان نەگەیشتوونەتە بنبەست، بەڵام رەوشی ناوچەكە كاریگەری لەسەر چارەكردنی كێشەكانی عێراق ھەیە.

مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: دانوستانەكان لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە رێككەوتن بەردەوامییان ھەیە و ھێشتا نەگەیشتوونەتە بنبەست، ئێمە گەشبینین لەئەنجامدا ھەردوولا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.

بەپێی بەدواداچوونەكان، بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی دانوستانكاری ھەرێمی كوردستان جارێكی دیكە سەردانی بەغدا بكات و لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان دانوستانەكان بەردەوامییان دەبێت بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك.

عێراق خۆی كێشەی بۆ پەیدا بووەو كێشەكانی ناوچەكەش كاریگەرییان كردووەتە سەر رەوشی ئێستای عێراق، شوان محەمەد تەھا، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، لەبارەی رەوشی ئێستای عێراق و كاریگەری لەسەر رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا باوەڕی وایە، رەوشی ناوچەكە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر رەوشی عێراق پەیدا كردووەو ھاوكێشەكان گۆڕاون.

شوان محەمەد تەھا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی: ناوچەكەمان، ناوچەیەكی پڕ كێشەیە و كێشەكانیش كاریگەرییان لەسەر رەوشی عێراق و ھەرێمی كوردستان ھەیە، چونكە ھاوكێشەكان گۆڕانكارییان بەسەردا ھاتووەو زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە كێشەی سیاسی و ئابووری روویان تێكردوون و عێراق و ھەرێمی كوردستانیش جیا ناكرێنەوە لەو رەوشە نوێیەی پەیدا بووە.

هـ ـ ح