عێراق هەناردەی نەوتی خاوی بۆ ئوردن راگرتووە

ئابوری

05/07/2020‌ 527 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وەزارەتی وزەی ئوردن بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، بەهۆی دابەزینی بێ پێشینەی نرخەكانی نەوت لە جیهاندا، عێراق تاكاتێكی نادیار ناردنی نەوتی خاوی بۆ ئوردن راگرتووە، كە پێشتر رۆژانە ١٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگای تانكەرەوە هەناردەی ئەو وڵاتە دەكرا .

لە سێپتەمبەری ساڵی رابردوو، ئوردن یەكەم باری نەوتی خاوی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكی پێگەیشت، كە بەپێی رێكەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراق واژوی كردبوو رۆژانە ١٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی بۆ پركردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ لە عێراقەوە پێدەگات، كە لەساڵی ٢٠١٤وەو بەهۆی ناسەقامگیرییەكانی عێراقەوە ناردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتە راگیرابوو.

پێشتر هالە زەووتی خانمە وەزیری وزەی ئوردن رایگەیاندبوو، ئەو بڕە نەوتەی لە عێراقەوە پێیان دەگات بەشی پڕكردنەوەی لەسەدا حەوتی پێداوسیتییە رۆژانەییەكانی ئەو وڵاتە دەكات.

ناردنی ئەو بڕە نەوتە لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی گەورەتردا بوو بەمەبەستی فراوانكردنی بازرگانی لەگەڵ عێراق و زیندووكردنەوەی پرۆژەی گواستنەوەی نەوتی عێراق لەڕێگای بۆرییەوە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن لەسەر دەریای سوور ، كە ملیاران دۆلاری تێدەچوو.

وەزارەتی وزەی ئوردن هیوای خواستووە بەمزووانە دەست بەهاوردەكردنی نەوتی خاوی عێراق بكەنەوە، بەڵام هیچ وردەكارییەكی تری باس نەكردووە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی