بەهۆی بۆردومانەوە خەڵكێكی زۆر لەهەرێم بووەتە قوربانی‌و زیانیان پێگەیشتووە

کوردستان

05/07/2020‌ 505 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لەرەوش و گوزەرانی ھاووڵاتیان، سەردانی ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای ھەولێریان كرد، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: ئەم بابەتە زۆر گرنگە، چونكە پەیوەستە بەئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی ئەمنییەتی ھاووڵاتییانەوە.

لەو بارەوە رێبوار بابكەیی پەرلەمانتاری پارتی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی وتی: لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانەوە سێ لیژنەی راسپێردراون بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر بۆردومانەكانی وڵاتانی ئێران و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، ئێمە ئەمڕۆ سەردانی سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەرانمان كردووە و لە نزیكەوە خەڵكی ناوچەكەمان بینی بۆ بەرزكردنەوەی داواكارییەكانیان بۆ پەرلەمانی كوردستان، خەڵكی ناوچەكەش داوادەكەن ئەو ھێزە كوردییانە سنوورەكانیان چۆڵبكەن، چونكە ئەوان ھۆكارن بۆ بۆردوومانەكان، بەتایبەتی ھێزە چەكدارەكانی پەكەكە.

بابكەیی وتیشی: دوای وەرگرتنی راسپاردە و پێشنیازەكانی گوندنشیان، ئێمە لە پەرلەمان دانیشتنێكی فەرمی ئاسایی ئەنجام دەدەین و داخوازیی گوندنشینان دەخەینەڕوو، ھەوڵیش دەدەین لەسەر راسپاردەكان داوا لەحكومەتی ھەرێم و حكومەتی عێراق بكەین ئەم كێشەیە چارە بكەن.

ناوبراو ھەروەھا وتی: لێكۆڵینەوە لە ھەموو ئەو زەرەر و زیانانە دەكەین، كە بەر خەڵكی ئێمە كەوتووە، بە داخەوە بە هۆی بۆردوومان و تۆپبارانیشەوە خەڵكێكی زۆر بووەتە قوربانی و زیانیان پێگەیشتووە، هۆكارەكەش بوونی ھێزە چەكدارەكانە لە ناوچە سنوورییەكان.

باسی لەوەش كرد، لەدوای لێكۆڵینەوە لە ھەموو راپۆرتەكانی لیژنەكان، ئەوكات داوا لەحكومەتی عێراق و توركیا و ئێران دەكەین، كە قەرەبووی ماددی و مرۆیی ئەم خەڵكە بكرێتەوە، چونكە زەرەرمەندی سەرەكی لەبۆردوومانەكان، خەڵكی ئێمەیە.

هەروەها جەختی لەوەش كردەوە، كە دواتر سەردانی سنووری ناحییەی سیدەكان و قەزای مێرگەسۆر دەكەن بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ناوچە سنوورییەكان.

هـ ـ ح


بەپەلە