هەرێم کەمال ئاغا: لەهەرێم بەحکومەتیشەوە کەس لەمەلەفى نەوت رازیی نییە

کوردستان

05/07/2020‌ 1328 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن حەسەن
هەرێم کەمال ئاغا ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق کە هاوکات ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتیشە لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ "شارپرێس" دەڵێت، هۆکارى نەبڕینى پەیوەندییەکانیش لەنێوان هەرێم و بەغدا بەهۆى دەورى سەرۆک کۆمارەوە بووە.

شارپرێس: لەسەر دواین سەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا زانیاری چیی هەیەو گەیشتوون بەچی؟
هەرێم کەمال ئاغا: دەتوانین بڵێین یەکەم جارە شاندى کوردى بەو وردەکاری و ئامارو ژمارانە سەردانى بەغدا بکات کە بۆ حکومەتى عێراقى هەموو مەسەلەکان روون بکرێتەوە، لەسەر ئەمەش کارى باش کراوەو لە قۆناغى کۆتاییدان، چاوەڕوان دەکرا کە حکومەتی عێراق مووچەى تەواو بدات، بەڵام بەو نرخەى ئیستای نەوت و بەم دۆخەوە حکومەت موچەکەشى بەتەواوەتى پێ نادرێت ئەمەش کارێکى ئاڵۆزەو سستى خستووەتە نێوان هەردوولا، بەڵام گفتوگۆکان هەر بەردەوامەو شاندى هەرێم بەم نزیکانە دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا.

شارپرێس: بەبڕواى تۆ چارەسەر چییە بۆ ئەم کێشانە؟
هەرێم کەمال ئاغا: چارەسەر ئەوەیە کە حکومەتى هەرێم لەگەڵ بەغدا پێک بێت، چونکە چارەسەرى کێشەکانی هەرێم لەرووى سیاسى و ئابورى و دارایی و سەربازییەوە لەبەغدایە نەک لە تاران و ئەنقەرە.

شارپرێس: بۆچوونێکیش لەناو هەرێم هەیە کە دەڵێن بەغدا دەیەوێت سود لەم دۆخە وەربگرێت و هەرێم زیاتر تەنەزوولى بۆ بکات ئەمە راستە؟
هەرێم کەمال ئاغا: ئەزانى ئەم وشەیە هەڵەیە بۆچى تەنەزول نییە، چونکە بەپێی دەستوور سامانى نەوت و دەروازە سنورییەکان دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى دەوڵەت کە نیوەی بۆ بەغدایەو نیوەشى بۆ هەرێمە، واتە دەرهێنانى نەوت و فرۆشتنى و داهاتەکەشى لەدواى ٢٠٠٣ وە دەبێت لەژێر چاودێرى حکومەتى فیدراڵ بێت ئەمە بە یاساو دەستور جێگیر کراوە، بۆیە دەستور چارەسەرى ئەمانەى دیاری کردوە، ئەمە تەنەزول نیە، تۆ لە رابردوودا تا ئێستا نەوتت رادەست نەکردوە و حسابت بۆ هیچ نەکردوە، ئێستا دەتەوێت هەروا رێکبکەوی، نەخێر دەبێت بەپێی دەستور بیکەی، بەڵام دەستور ئەوە نییە کە تۆ بڕگەیەکى جێبەجێ بکەیت و ئەوەى ترى جێبەجێ نەکەی، ئێمەش وەک هەرێم گلەییمان لە بەغدا هەیە، کێشەکە هەر هەرێم نییە بە تەنیا، بەڵکو لەلایەن بەغداشەوە کێشە هەیە.

شارپرێس: زۆر بابەتى تر هەن کە رەنگە گرنگیان لە مووچەو نەوت کەمتر نەبێت لەوانەى مادەى ١٤٠ و گەڕانەوە پێشمەرگە بۆ ناوچە کیشە لەسەرە لەو گفتوگۆیانە باسى ئەوانە نەکراوە؟
هەرێم کەمال ئاغا: ئەمە مەسەلەیەکى گرنگە بەراستى، بەڵام هەموو مەلەفەکان بەجارێک چارەسەر  ناکرێن، هەنگاو دواى هەنگاو دەبێت چارەسەر بکرێن، بەڵام پرسى موچەو بودجە شتێکى ئانییە و ئەولەولایەتە ئێستا، پرسەکانى دیکە درێژ خایەنن بە رۆژێک دووان چارەسەر ناکرێن،ئەوان چەندین ساڵە خۆیانى لێ دەدزنەوە ئێمەش دەبێت شەڕی بۆ بکەین تا مافە دەستوریەکان بەدەست دەهێنین، ئەگەر لەمەسەلەى موچەو نەوت سەرکەوتن بەدەست بهێنین دەکرێت لە مەلەفەکانى دیکەش وردە وردە کارى لەسەر بکەین و چارەسەر بکرێن، بەڵام بڕینى پەیوەندى و نەبوونى گفتوگۆ کاریگەرى لەسەر کۆى مەلەفەکان دەبێت.

شارپرێس: مەبەستت ئەوەیە کە کێشەکان بەرێکەوتن و یاسایی بکرێن بۆ ئەوەى چارەسەر بکرێن؟
هەرێم کەمال ئاغا: بەڵێ، ئێمە بەوە دەیبەینەوە کە بایاسایی و شەفافى کارەکان بکەین، ئێستا بە حکومەت خۆشیەوە کێ لە مەلەفى نەوتی هەرێم رازییە، کەس رازی نییە لەوەى ئێستا هەیە،بەشى زۆرى داهاتەکەى دەچێت بۆ بۆڕی گواستنەوەو دەوڵەتى تورک و کۆمپانیا ئەمە کەی نەوت فرۆشتنە، ئەو نەوتە نەفرۆشرێت بەو حاڵەوە، بابمێنێتەوە بۆ نەوەکانى داهاتوومان، ئێستا مەلەفى نەوت هەم بووەتە بارێکى قورس بە ملمانەوە هاوکات ئەوەى سود لە داهاتەکەى دەبینیت خەڵکى کوردستان نییە،بەڵکو بۆ کۆمەڵێک لە کۆمپانیاکان.

شارپرێس: هەرێم بەو مەرجانەى بەغدا رازى بوو نەوت و داهاتى دەروازە سنوریەکانى رادەستکرد بەغدا ئامادەیە مووچەى تەواوەتى فەرمانبەران بدات؟
هەرێم کەمال ئاغا: خۆى کێشەکە لێرەدایە کە حکومەتى عێراق لە ئەزمەیەکى قوڵدایە، کورتهێنانێکى گەورەى هەیەو تەنانەت ناتوانێت پڕۆژە یاسای بودجەى هەبێت، چونکە ئێستا هیچ داهاتێک نییە بودجەى لەسەر دابنێیت، حکومەت نەک بۆ پارەى پرۆژەو خزمەتگوزارییەکان، بەڵکو بۆ بودجەى تەشغیلى کێشەى هەیە،بێگومان ئەو چارەسەرى کێشەى خۆى دەخاتە پێش کیشەى هەرێم، بۆیە ئێستا عێراق کە ساردییەک لە گفتوگۆکانیدا هەیە لەبەر ئەوەیە کە خۆى کێشەى هەیە.

شارپرێس: کەواتە ئەو کاتە کێشەکە لەلای هەرێمەوە نییە ئەوە حکومەتى عێراقە کێشەى دارایی هەیە؟
هەرێم کەمال ئاغا: بەڵێ ئەوکاتە کێشەکە لای هەرێمەوە نابێت، بەڵام ئەوەى کە هەرێم هەیەتى بیدات داهاتەکان شتێک زیاد دەکات، بەڵام تۆ دەلێیت داهاتەکەت رادەست دەکەم و لەوەى خۆشم زیاترم دەوێ ئەمەیان شتەکەیە کە گرفتى دروست کردوە، چونکە گریمان هەرێم هەموو نەوتى رادەستکردو لەسەدا پەنجاى داهاتی خالە سنوریەکانیشى رادەستکرد بە هەمووى ناگاتە حەوسەدو پەنجا ملیار دینار واتە بەشى مووچەى فەرمانبەران ناکات.

شارپرێس: ئەوەى دەردەکەوێت لە گفتوگۆکاندا پرسەکانى پەیوەست بە گەڕانەوەى پێشمەرگەو خاکى ناوچە کیشەلەسەرەکان بوونى نییە؟
هەرێم کەمال ئاغا: ئەو کێشانە ناکرێت لەگەڵ کابینەیەک چارەسەر بکرێت و لەگەڵ کابینەیەکى تر دەست پێ بکەیتەوە، بەڵکو دەبێت هەموو کابینەکان لەبنەڕەتەوە چارەسەرى ئەم کێشانە بکەن بەپێی بنەما دەستورییەکان و سیاسەتى حکومەت،لەسەر بابەتەکانى دیکەش بەردەوام گفتوگۆ هەیە پێشتر شاندى پێشمەرگە چووەتە بەغدا، لەسەر پرسى ناوچە کیشە لەسەرەکان و موڵک و زەوی و ئەو تەعەریبەى ئێستا دەکرێت لەسەر هەمووى گفتوگۆ هەیە.

شارپرێس: نوێنەرانى کورد لەبەغدا تاچەند ئاگادارى ئەو گفتووگۆیانەن کە شاندی هەرێم دەیان کات؟
هەرێم کەمال ئاغا: کاک قوباد کە سەرۆکى شاندى هەرێم بوو دوو کۆبوونەوەى لەگەڵ هەموو سەرۆک فراکسیۆنەکان کردو کۆبوونەوەیەکى دیکەش لە ماڵى کاک بەرهەم بوو کە نوێنەرانى کورد لە حکومەت و پەرلەمان بەشدار بوون، جارى دووەم ئێمە وەک فراکسیۆنیش سەردانمان کردوە، کۆبوونەوەکان و داتانى خاڵ بە خاڵ بۆ روونکردوینەتەوە، بەڵام سەرۆک فراکسیۆنەکان ئاگادارى کۆبوونەوەکانن و زانیاریان هەیە.

شارپرێس: رۆڵى سەرۆک کۆمار چییە لەو گفتوگۆیانەو نزیککردنەوەى هەردوو؟
هەرێم کەمال ئاغا: بێ گومان کاک بەرهەم دەورێکى ئێجگار گرنگى هەبووە، هەم کۆکەکەرەوە بووە هەم پەیوەندییەکى باشى لەگەل کازمى هەیە، بەردەوام هەوڵى داوە بۆ چارەسەرى کێشەکان بە ئاڕاستەى رێککەوتن، هۆکارى نەبڕینى پەیوەندییەکانیش لەنێوان هەرێم و بەغدا بەهۆى دەورى سەرۆک کۆمارەوە بووە، بەدڵنیاییەوە لە داهاتووشدا کاریگەرى زیاترى دەبێت.

شارپرێس: زۆر باسى گەڕانەوەى پێشمەرگە دەکرێت بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆچى تا ئیستا رێککەوتن نەکراوە لەوبارەیەوە ئایا پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ناگەڕێتەوە؟
هەرێم کەمال ئاغا: لەماوەى رابردوودا کۆبوونەوە لەنێوان وەزارەتى پێشمەرکەو بەرپرسانى سەربازى بەغدا کراوە و کاری باشکراوە، بەرپرسانى بەغدا چەند جار وتوویانە کە سەردانى هەرێم دەکەن بەتایبەت لەم دۆخەى کە باس لە چالاکییەکانى داعش دەکرێت کە لە فەراغى نەبوونى پێشمەرگەو سوپاى عێراق دایە کە بووەتە مۆڵگەو شوێنى مانەوەو چالاکییەکانى داعش ئەمە لایەنى هەردوولا باس دەکرێت ئەگەر وایە بۆچى رێکناکەون، جاران بەرپرسانى بەغدا دەیان وت حکومەتى کاربەڕێکەر هەیە ناتوانین، خۆ ئێستا حکومەتى کارا هەیە بۆ نایکەن،جگە لەوەش لەرووى دەستورییەوە ئەو ناوچانە کێشە لەسەرن دەبێت ئیدارەى هاوبەشیان هەبێت کارى هاوبەش سەربازى هاوبەش هەبێت،بەڵام نایانەوێت ئەوە بکەن، بەڵکو دەیانەوێت تەعریب بەردەوام دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە ئەگەر چارەسەر نەکرێت زیانى سیاسى و ئابورى و سەربازى بە عێراق دەگەیەنێت هەروەها متمانەى کۆمەڵگەى نێو دەوڵەتیش بە عێراق کەم دەبێتەوە ئەگەر لەناوخۆدا نەتوانرێت ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن.

شارپرێس: ئەم مەلەفە لەگەڵ مستەفا کازمى باسکراوە؟
هەرێم کەمال ئاغا: کازمى خۆی پێشتر سەرۆکى دەزگایەکى گرنگى عێراق بووە کە زانیارى وردی هەیە لەسەر هەموو ئەو بوارانە، بەڵام تا چەند دەتوانێت بێکات ئەوە شتێکى ترەو روون نییە.

شارپرێس: پێتوایە بیکات؟
هەرێم کەمال ئاغا: تەجروبەى چەند رۆژی رابردوو بۆمان دەرکەوت کازمى ناتوانێت هەموو شتێک بکات.

 

شارپرێس: هۆکارەکە ئەوەیە کە فشارى لایەنە شیعەکانى لەسەرە؟
هەرێم کەمال ئاغا: مەسەلەکە ئەوەیە کە عێراق بە رێچکەیەکى ئاسایی و سروشتى بۆ ئارامبوونەوەو ئاسایشێکى تەندروست هەنگاو نانێت، هۆکارەکەش ئەوەیە کە عێراق نەتوانیوە تائێستا چەک بخاتەوە دەستى دەوڵەت خۆی، تائێستا چەک لەدەستى ئەو گروپانەدایە کە مووچە لە دەوڵەت وەردەگرن و بارەگاو ناوەند دیبلۆماتییەکان بۆردومان دەکەن کە ئەمانە عێراقیان پاراستووەو شەڕى دژى داعشیان کردوە، ئەمە کاریگەرى خراپى دەبێت، چونکە  ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت عێراق متمانەى نێودەوڵەتى لەدەست دەدات، چونکە ناکرێت بە شەو بۆردومانیان بکەیت و بە رۆژیش داواى هاوکاریان لێ بکەی بۆ شەڕى داعش.

شارپرێس: لەماوەى رابردوو راکان جبورى نوسراوێکى بۆ فەرماندەى ئۆپەراسیۆنى کەرکوک کرد کە هاوردەکان بێنەوە بۆ کەرکوک و رێگایان پێ بدەن ئێوە چیتان کرد بۆ راگرتنى ئەو بڕیارە؟
هەرێم کەمال ئاغا: ئەو نوسراوە راگیراوەو کاری پێ ناکرێ، بەڵام تائێستا تەعریب بەردەوامە، ئەو کەسانەى کە لەسەردەمى سەدام دا موڵکەکانیان لێ زەوت کرا ناکرێ جارێکى تر تۆ رێگەیان پێ بدەى  بچنە سەر موڵک و ماڵى کوردەکان ئەمە بەراستى مایەى قبوڵ نییە، ئەوەى روو دەدات حاڵەتێکى تەندروست نییە، سیاسەتى سێ کوچکەى بەعس لە کەرکوک جێبەجێ دەکرا ئێستا بهێنرێتەوە دووبارە جێبەجێ بکرێت بەلاى کوردەوە قبوڵ نیە.

شارپرێس: رۆڵى یەکێتى  لەو نێوەندەدا چییە کە کەرکوک بە جێگای نفۆزى خۆتانى دەزانن؟
هەرێم کەمال ئاغا: رۆڵی یەکێتى زۆر گرنگە لەوێ چى لەسەر ئاستى پەرلەمانتارەکانى لە بەغدا کارى باش دەکەن چى لەسەر ئاستى حزب لە هەوڵى بەردەوام دایە، کەرکوک بۆ یەکێتى و بۆ کوردیش شتێکى حەیاتى و یەکلاکەرەوەیە کە بەهیچ شێوەیەک مساوەمە لەسەر خاکی کەرکوک و ناوچەکانى تریش ناکرێت، ئایندەى کەرکوک کوردستانیەتى کەرکوکە، بەڵام شارى پێکەوە ژیان و پێکهاتەکانە، گىڕانەوە بۆ ئەو فەلسەفەیەى مام جەلال کە دەیگوت پرسى کەرکوک وەک عەمەلیاتى مێشک وایە دەبێت بە وریایەوە مامەلەى لەگەڵ بکرێت، وەک یەکێتى لەسەر ئەو رێبازە کارى زۆرمان کردوە، بەڵام رێگرى زۆر دروستکراوە، بۆنموونە پۆستى پارێزگار چەندین جار بەڵێن دراوە و هیچش دیار نییە.

شارپرێس: باشە خۆ پۆستى پارێزگار کیشەى ناوخۆى کورد بووە؟
هەرێم کەمال ئاغا: راستە ئەمە کێشەى کوردى کوردییە، لەبەر ئەوەی کە ئەندامانى پارتى لە ئەنجومەنى پارێزگا کە بەشدارى کۆبوونەوەکانیان نەکردوە کە دەنگ بە پارێزگار بدەن.

شارپرێس: لە رابردوودا باڤڵ تاڵەبانى سەردانى بەغدا کرد ئەو سەردانە بۆچى بوو؟
هەرێم کەمال ئاغا: ئەوە سەردانێکى ئاسایی بوو کۆبوونەوەى دەوری لایەنە سیاسیەکان هەیە لەسەر مەسەلەى حکومەت بێت یان کێشەکانى عێراق، ئەو جۆرە کۆبوونەوانە بەردەوام هەن.

شارپرێس: ئەو کێشانەى لەنێوان پارتى و یەکێتى هەیە چۆن چارەسەر دەکرێن؟
هەرێم کەمال ئاغا: بە گرژی هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێن تەنیا بە گفتوگۆو کۆبونەوە چارەسەر دەبن،ئەو گلەییانەى یەکێتیش هەیەتى تەندروست و واقیعین کە لەسەر ژیان و مووچەى خەڵکە لەسەر داهاتووى کوردستانە لەسەر کێشەکانى هەرێم و بەغدایە لەسەر پارچەکانى ترى کوردستان و حکومەتى هەرێمە،ناکرێت بەشدار بیت لە حکومەت و ئاگادارى بریارەکانى نەبی و پرست پێ نەکرێت،بۆیە یەکێتى لەسەر بریاردان و بەشدارى راستەقینە گلەیی هەیە.

شارپرێس: ئەو ماوەیە باسى ئەوە کرا کە باڤڵ تاڵەبانى سەردانى بارزانى کردوە ئێوە وەک سەرکردایەتى ئاگادارى ئەو کۆبوونەوەیەن؟
هەرێم کەمال ئاغا: من ئاگادارى سەردانەکە نیم زانیاریم نییە، سەرکردایەتیش ئاگای لێ نییە.

شارپرێس: بۆچى سەرکردایەتى یەکێتى لەسەر کەمکردنەوەو بڕینى مووچە هیچ هەڵوێستێکى نەبوو؟
هەرێم کەمال ئاغا: حکومەتى هەرێم روونکردنەوەیەکى داوە بۆ سەرکردایەتى و دەڵێ کە ئەم کەمکردنەوەیە تەنیا بۆ مانگێکە، جا ئێمەش چاوەڕێین بزانین لەگەڵ حکومەتى عێراق رێککەوتن دەکرێت یان نا، ئایا کە رێککەوتن ئەو لە سەدا بیست و یەکە چۆن پڕ دەکرێتەوە  ئەو پارەیە لە کوێ دێنن، هیوادارین بگەنە رێککەوتن و ئەو کورتهێنانەش پڕۆ بکرێتەوە، ئەوکات لە ئەنجومەنى سەرکردایەتى باسى ئەو بابەتە دەکەین و هەڵوێستى خۆمان دەبێت،تا ئەم ساتەش پشتگیرى حکومەتى هەرێممان کردوە، بەڵام پشتگیریکردنێکى بەردەوام بە بەشدارى راستەقینە لە بریارو شەراکەتى راستەقینە لە حکومەتدا دەکرێت.

س.هـ