ڤیدیۆی وێرانكردنی سیستەمێكی بەرگری ئاسمانی توركیا لە لیبیا

جیهان

06/07/2020‌ 6495 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەكانی هەواڵ باسیان لەوە كردووە، كە فڕۆكە نەناسراوەكان سیستەمێكی ئاسمانی توركیان لەلیبیا بەئامانج گرتووە، كە خەریكی گواستنەوەی بوون بۆ بنكەی ئاسمانی ستراتیژی "وەتتییە" لەنزیك تەڕابلووسی پایتەخت .

بەقسەی ئەو سەرچاوانە، شەوی پێنجشەممە چەند بارهەڵگرێك بینراون، كە سەكۆكانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "هۆك" و چەند كەلوپەلێكی تریان باركردووە و خەریكی گواستنەوەی بوون بۆ بنكەی ئاسمانی وتتییە.

بەپێی سەرچاوەكان ئەگەری هەیە هێزە ئاسمانییەكانی میسر، لەگەڵ فڕۆكە روسییەكانی سەر بە سوپای نیشتمانی لیبیا لە جۆری Su-24M ئەو هێرشەیان بۆ سەر سەكۆ مووشەكییەكەی توركیا ئەنجام دابێت .

هەر لەو چوارچێوەیدا، كەناڵی عەرەبییە بەپشتبەستن بەچەند سەرچاوەیەك باسی لەوە كردووە، كە توركیا لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەك و كەلوپەلی سەربازی قورسی بۆ لیبیا گواستووەتەوە، راشیگەیاندووە، توركەكان لەگەڵ فەرماندەكانی میلیشیاكانی سەر بەحكومەتی ویفاق كۆبوونەتەوە تا ئامادەكاری بكەن بۆ هێرشكردنە سەر شاری ستراتیژی سرت.

لەماوەی رابردوودا چەند فرۆكەیەكی جۆری F-16C / D ی میسری بەهاوبەشی لەگەڵ فرۆكەیەكی ئیماراتی بۆ پڕكردنەوەی سووتەمەنی لەجۆری ئێرباس  A330-243MRTT  لە بواری ئاسمانی لیبیا تۆمار كراوبوون.

دوای پێشرەوییەكانی میلیشیاكانی سەر بە حكومەتی ویفاقی نیشتمانی سەر بە توركیا و نزیكبوونەوە لە هەردوو ساری ستراتیژی سرت و جفرە، عەبدولفەتتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر رایگەیاند، ئەو دوو شارە بەلای ئەوانەوە هێڵی سوورە و لەئەگەری بەزاندنی ئەو هێڵە سوورە میسر دەستتێوردانی سەربازیی لەو وڵاتەدا دەكات.