سیستەمی بەرگری ئاسمانی " S-500" ی هاوشێوەی نییە لەجیهاندا

جیهان

08/07/2020‌ 1212 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جەنەراڵ سێرگی سۆرۆڤكین ، فەرماندەی هێزە گەردوونی - ئاسمانییەكانی روسیا رایگەیاند، موشەكی "ئێس-٥٠٠"ی نوێی روسی، دەتوانێت موشەكە سەروو دەنگەكان لە بۆشایی ئاسماندا بپێكێت و تێكیانبشكێنێت.

بەگوێرەی هەواڵێكی پێگەی "روسیا تودەی"، سۆرۆڤكین لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵێكی ئاسمانی روسی رایگەیاندووە، بەپێی ئەو تایبەتمەندیانەی بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٥٠٠" دانراوە، موشەكەكانی دەتوانن پێش لە ئامانجگەلێك بگرن و تێكیانبشكێنن، كە بەخێراییەك لە خێرایی دەنگ زیاتر برۆن . 

فەرماندەی هێزە گەردوونی –ئاسمانییەكانی رووسیا باسی لەوەش كردووە، كە سیستەمەكە لە توانای مامەڵەكردنی لەگەڵ ئامانجە دینامیكی و درۆنەكاندا لە جیهاندا هیچ سیستەمێكی تر هاوشێوەی نییە.

سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٥٠٠" ی روسی، نەوەیەكی نوێی سیستەمی موشەكیی زەوی بەئاسمانە، كە تایبەتە بە پێشگرتن لە موشەكە بالیستییە كیشوەبرەكان و سیستەمی كۆنترۆڵكردن و ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە دژ بە فرۆكە رادار شێوێنەكان (شەبەحەكان ) . 

ئەو سیستەمە نەوەی پێشخراو و نوێكراوەی سیستەمی دژە ئاسمانی "S-400 Triumph 'كە  مەوداكەی ٦٠٠ كیلۆمەترە، بەڵام " ئێس-٥٠٠ " دەتوانێت لەیەك كاتدا  ١٠ موشەكی بالیستی بەئامانج بگرێت كە لەیەك چركەدا حەوت كیلۆمەتر بروات و دەشتوانێت لەمەودای ٨٠٠ بۆ ٩٠٠ كیلۆمەتر ئامانجەكەی بدۆزێتەوە.

لە مانگی شوباتی رابردوو ، ئەلێكسی كیڤۆرۆچكۆ وەزیری بەرگری رووسیا رایگەیاندبوو هەركاتێك سیستەمەكە ئامادە بوو رادەستی سوپای رووسیا دەكرێت.

ساڵی رابردووش ، وەزیری بەرگری رووسیا ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو كە لەساڵی ٢٠٢٠ دا سیستەمی دژە ئاسمانی "ئێس-٥٠٠" دەخرێتە ناو خزمەتی سەربازیی لەناو سوپای رووسیادا . 

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی