بەهاوکارى تورکمانەکان
تورکیا بە ئارامى ئیش لەسەر کۆنترۆڵکردنى کەرکوک دەکات

کوردستان

08/07/2020‌ 1203 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەى بۆ سەر هەرێمى کوردستان تورکیا بە ئارامى ئیش لەسەر کۆنترۆڵکردنى کەرکوک دەکات و دەیان بنکەى میت لەو پارێزگایە کراونەتەوە.

بەپێی بەدواداوچوونێکى وردى "شارپرێس" کە لەچەند سەرچاوەیەکى باوەڕپێکراوەوە زانیارییەکانى دەستکەوتووە تورکیا لەچەند ئاستێکەوە کار لەسەر کۆنترۆڵکردنى کەرکوک دەکات بۆ ئەو مەبەستەش زۆرینەى لایەنە تورکمانەکانى ئەو شارە پشتیوانى پلان و نەخشەکەى تورکیا دەکەن.

لەسەر ئاستى سیاسى
لەماوەى رابردوودا تورکیا بانگهێشتى ژمارەیەک لە سەرکردەو کەسایەتیە سیاسیەکانى تورکمانەکانى کەرکوکى کرد بۆ ئەنقەرەو تیایدا لەبارەى دۆخى شارەکەوە گفتوگۆیان کردوە.

بەپێی گفتوگۆکان تورکیا رایگەیاندوە، پێویستە بە هەموو شێوەیەک دژى گەڕانەوەى پێشمەرگە بن بۆ ناوچەکانى کەرکوک و هەروەها دژى دانانى هەر کوردێک بن وەک پارێزگاری شارەکە.

هەروەها تورکیا داواى لێکردون لەمەودوا لایەنە تورکمانەکان دەبێت کێشەکانیان چارەسەر بکەن و پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ عەرەبەکان ئاسایی بکەنەوە، بۆ ئەوەى رێگە نەدەن کەرکوک بکەوێتەوە دەست کورد.

تورکیا بەڵێنى هەموو جۆرە هاوکارییەکى مادی و لۆجستى پێداون بۆ ئەوەى گرفت بۆ دۆخى سیاسى کەرکوک دروست بکەن و فشارو خۆپیشاندان بکەن بۆ ئەوەى کەرکوک بکەوێتە دەستى تورکمانەکان بۆ ئەوەش هەموو هاوکارییەکیان دەکات.

لەسەر ئاستى ئەمنى
تورکیا بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنى دۆخى کەرکوک و بە ملشیاکردنى ئەو شارە دەیەوێت لەرێگاى گروپى چەکدارى تورکمانەکانەوە دۆخى شارەکە بشڵەژێنێت،لەو چێوەچێوەیەدا تورکیا بەنهێنى گروپێکى چەکدارى بۆ تورکمانەکانى شارەکە دروستکردوە کە ژمارەیان نزیکەى ٦٠٠ چەکدار دەبێت.

چەند کەسێک سەرۆکایەتى گروپەکە دەکەن کە هەر لەتورکیا ژیان و بەشێکیان تورکمانى کەرکوکیش نیین، یەکێکیش لە ئەرکەکانیان رۆژانە بووەتە نووسینى دروشم و هەڕەشەکردن لە هاوڵاتیانى کورد.

لەماوەى چەند رۆژى رابردوودا دەزگاى هەواڵگیرى عێراق بەوەى زانیوەو هێزێکى سەربازى تایبەت کە پەیوەندیان بە سەرۆک وەزیرانەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو گروپەو ژمارەیەکیان لەدەستگیر کردون.

هاوکات دەزگاى میت چەند بنکەو بارەگایەکى نهێنى لەناو ماڵە تورکمانەکانى کەرکوکدا کردوەتەوەو رۆژانە ئەرکیان سیخوڕیکردنە بەسەر لایەنە کوردى و عەرەبیەکانەوە هەروەها چاودێرى لایەنگرو ئەندامانى پەکەکە دەکەن لەو شارە.

بەپێی ئەو سەرچاوانەى بۆ شارپرێس قسەیان کردوە، تورکیا رۆژانە لەرێگاى تورکمانەکانەوە زۆر بەنهێنی و شاراوەیی ئیش لەسەر کۆنترۆڵکردنى کەرکوک دەکات، بۆیە پێیانوایە ئەگەر کوردو حکومەتى عێراق بەزوویی کۆنترۆڵى دۆخەکە نەکە ئەوا کەرکوک دەکەوێتە دەست تورکیاوە.

ئەو سەرچاوانە لەچەند رۆژى داهاتوودا بە پشت بەستن بە چەندین زانیارى وردو بەڵگەیی راپۆرتێک لەو بارەیەوە ئاڕاستەی حکومەت و پەرلەمانى عێراق دەکرێت.

لەدواى رووداوەکانى ١٦ ئۆکۆتبەرەوە کە کورد لەو شارە دەسەڵاتى لەدەستدا تائێستا پارێزگارى شارەکە کە پشکى کوردە نەدراوەتەوە بەکورد ئەوەش بەشێکى بەهۆى ناکۆکى نێوان پارتى و یەکێتى بەشێکیشى بەهۆى سیاسەتى حکومەتى عێراقەوە.

لەماوەى دوو ساڵى رابردوودا سیاسەتى تەعریب لەسنورى پارێزگاى کەرکوک دەستی پێکردوەتەوەو لەو چوارچێوەیەشدا راکان جبورى پارێزگارى شارەکە چەندین بریارو نوسراوى دەرکردوە بۆ گەڕانەوەى هاوردەکان بۆ کەرکوک.
س.هـ