نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەی مەترسیدار لەسەر هەژاری لەعێراق بڵاودەكاتەوە

عیراق

11/07/2020‌ 486 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رێكخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە، بەهۆی لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ٤،٥ ملیۆن عێراقی هەڕەشەی كەوتنە ژێر هێڵی هەژاری و بێبەشبوونیان لەسەرە، كە زۆرینەی ئەوانە لە منداڵان پێكدێن.

بەپێی هەڵسەنگاندنێكی نوێی وەزارەتی پلاندنانی عێراق، كە لەلایەن ڕێكخراوی "یونیسێف" و "بانكی نێودەوڵەتی" و بەدەستپێشخەری رێكخراوی "ئۆكسفۆرد بۆ هەژاری و پەرەپێدانی مرۆیی" كراوە، باسی لەوەش كردووە، كە ٤،٥ ملیۆن عێراقی واتە (نزیكەی ١١،٧٪ ی دانیشتووان)، مەترسی ئەوەیان لەسەرە بەهۆی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بكەونە ژێر هیڵی هەژارییەوە .

هەڵسەنگاندنەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئەو زیادبوونە گەورەیە لە ژمارەی هەژاران، وادەكات ڕێژەی هەژاریی بۆ لەسەدا ٣١،٧ بەرزببێتەوە، كە لەساڵی ٢٠١٨ لەسەدا ٢٠ بوو، هەروەك ژمارەی هەژاران بۆ ١١،٤ ملیۆن كەس بەرزبكاتەوە.

لەراپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە، كە منداڵان و هەرزەكاران لەهەموو تەمەنەكانی تر زیاتر مەترسی هەژاربوونیان لەسەرە، بەشێوەیەك پێش بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لەهەر پێنج منداڵ و هەرزەكار یەكێكیان هەژار بوو، بەڵام لەئێستادا لەهەر پێنج منداڵ و هەرزەكار دوویان هەژارن، كە ئەوە دەكاتە ٣٧،٩٪ ی سەرجەمی منداڵانی عێراق.

لەدرێژەی راپۆرتەكەی یونیسێفدا هاتووە، لەسەدا ٤٢ ی دانیشتووانی عێراق لە چینە لاوازەكانن و مەترسی ئەوەیان لەسەرە لەچەندین بواردا رووبەڕووی بێبەش بوون ببنەوە وەك بواری تەندرووستی، پەروەردەو فیركردن، ژیان و گوزەران و ئاسایشی دارایی.

سەبارەت بە منداڵانیش ئەوە نزیكەی لە لەنێوان هەر دوو منداڵ، یەكێكیان واتە ( ٤٨،٨)یان، مەترسی ئەوەی لەسەر لەیەكێك لەو چوار بوارەی سەرەوە بێبەش ببێت.

بێبەشبوون لەچوونە بەر خوێندن و دەستنەكەوتنی سەرچاوەی ئاوی خاوێن، لەفاكتەرە سەرەكییەكانن، كە دەبنە هۆی لاوازی دۆخی خێزان و منداڵەكان.

وەرگێران: ئاكۆ ئاڵی