بەڵێنیداوە بێدەنگ نەبێت.. ئەمریكا دەیەوێت بزانێت راستە روسیا بۆ كوشتنی سەربازەكانی خەڵاتی چەكدارانی تاڵیبانی كردووە

جیهان

12/07/2020‌ 937 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:   
بەرپرسانی باڵای ئەمریكا بەڵێنی ئەوەیانداوە، كە ڕێوشوێنی پێویست دژ بە روسیا بگرنەبەر ئەگەر بێت و ئەو زانیاریانە راست بن، كە باس لەوە دەكەن رووسیا بەرانبەر بە كوشتنی سەربازەكانی ئەمەریكا لە ئەڤغانستان پاداشتی چەكدارانی تاڵیبانی كردووە .

لەو بارەیەوە، مایك ئیسپەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا و جەنەراڵ مارك میلی سوپاسالاری ئەمەریكا لەوەڵامی پرسیاری لیژنەیەكی كۆنگرێسی ئەمەریكا لەبارەی ئەو هەواڵەی، كە دەنگدانەوەیەكی گەورەی لەناوخۆی ئەمەریكادا دروست كردووە، وتویانە هێشتا هەواڵگری سەربازیی ئەمەریكا لەو زانیاریانەی پشتراست نەكردووەتەوە .

لای خۆیەوە ، جەنەراڵ میلی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە واشنتۆن چەند ساڵێكە ئاگاداری ئەوەیە روسیا پشتیوانی چەكدارە یاخیبووەكانی ئەڤغانستان دەكات، بەتایبەتی لەڕێگای پێدانی چەكەوە، بەڵام جیاوازییەكی گەورە هەیە لەنێوان پێدانی چەك و فەرمانكردندا، هەروەك رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەكی باوەڕپێكراویان لەبەردەستدا نییە، كە بیسەلمێنێت روسیا بەرانبەر بە كوشتنی سەربازەكانمان خەڵاتی چەكدارانی تاڵیبانی كردبێت .

هەروەها جەختیشیكردووەتەوە، كە بەدواداچوون بۆ هەواڵەكە دەكەن، ئەگەر لەراستی و دروستی هەواڵەكە دڵنیابن ئەوە ڕێكاری پێویست دەگرنەبەر، بەڵام بێ ئەوەی سروشتی ئەو رێكارانە دیاری بكات، كە دژ بە روسیا دەیگرنەبەر.

لای خۆیشییەوە مایك ئیسپەر رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی لەراستی و دروستی ئەو زانیاریانە دڵنیا نین، بەڵام پنتاگۆن هەموو ئەو زانیاریانەی پەیوەستن بە بوونی هەڕەشە لەسەر هێزەكانی ئەمەریكا بە جیدی وەردەگرێت .

لەماوەی رابردوودا، رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ، دواتر رۆژنامەكانی "واشنتۆن پۆست"و "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی، باسیان لەوەكرد یەكەیەكی هەواڵگری سەر بەسوپای روسیا خەڵاتی بۆ ئەو چەكدارانەی سەر بە تاڵیبان داناوە، كە سەربازانی ئەمەریكا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی لەئەڤغانستان دەكوژن .

وەرگێڕان: ئاكۆ  ئاڵی