هەپەگە كوژرانی 16 سه‌ربازی دیكه‌ی توركیا راگه‌یاند

کوردستان

12/07/2020‌ 591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رایگەیاند لە هەرێمی حەفتانین لە ئەنجامی چالاکیەکانی 3 رۆژی رابردوودا 16 سەربازی سوپای تورکیا كوژران.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە بڵاویكرده‌وه‌:  "لە دژی هێرشە داگیرکەریەکانی سوپای دەوڵەتی تورکیا کە لە هەرێمی حەفتانین بەڕێوەی دەبات، خۆڕاگریە مێژوویەکەی هێزەکانی ئێمەش بەردەوامە، لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێری جەنگی حەفتانیندا چەند چالاکیەک بەرێوە چوون".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: 10ی تەموز کاتژمێر 5:10 خولەک و 11ی تەموز کاتژمێر 9:30 خولەک هێزەکانیان لە یەژا-ستار لە گردی شەهید جودی لە ناوچەی شەشدارا، لە دژی داگیرکەران چالاکیەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکیانەدا 2 سەربازی دوژمن كوژران.

هه‌په‌گه‌ ده‌ڵێت: 11ی تەموز کاتژمێر 3:00 هێزەکانمان لە دژی یەکەیەکەی سەربازی لە گردی شەهید بەرخۆدان لە ناوچەی خانتور، چالاکیەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکیەدا سەربازێک كوژرا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 12ی تەموز لە دۆڵی بەرازانی سەر بە ناوچەی خانتور لە دژی یەکەیەکی داگیرکەران کە هەوڵیدا لەو ناوچەیە پێشڕەوی بکات، هێزەکانمان لە سێ قۆڵەوە لێیاندان. بە پێی ئەو زانیاریانەی گەیشتنە بەردەستمان، 13 سەربازی توركیا كوژران، لەو ناوچەیە شەڕ و پێکدادان تا ئێستاش بەردەوامە. دواتر لەم بارەیەوە زانیاری بەرفراوانتر بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین.