برسێتی هەڕەشەی مردن لە 1.3 ملیۆن سوری دەكات

جیهان

14/07/2020‌ 354 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئاژانسە فریاگوزارییەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێن: بڕیاری كردنەوەی یەك دەروازەی سنوروری ژێر كۆنترۆڵی رژێمی دیمەشق بۆ گەیاندنی یارمەتییە فریاگوزارییەكان و ڕێگە گرتن لەكردنەوەی دەروازەیەكی تری سنووری ژێر دەسەڵاتی هێزە بەرهەڵستكارەكانی سەر بەتوركیا مەترسی گیان لەدەستدانی ١،٣ ملیۆن كەسی ئەو ناوچانەی لێدەكرێت.

لەماوەی رابردوودا بەردەوام وڵاتانی رۆژئاوایی هەڵیانداوە كۆمەك و یارمەتییە فریاگوزارییەكان لەڕێگای دوو دەروازەی سنووریی نێوان توركیا و سوریا بگەیەننە ناو خاكی ئەو وڵاتە، بەڵام روسیا و چین بەبەكارهێنانی مافی ڤیتۆ شكستیان بەو هەوڵانە هێنا.

لەو چوارچێوەیەدا ئەو ئاژانسە فریاگوزاریانەی لە سوریا كاردەكەن لەراگەیەنراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاندووە، كە بەهۆی داخستنی دەروازەیەكی سنووریی ناوچەكەوە، گەیاندنی كۆمەكە فریاگوزارییەكان بۆ ١،٣ ملیۆن سوری لەباكووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە قورس بووە، كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەو خۆراك و دەرمانانە دەبەستن، كە نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەشیان دەكات.

لەبەشێكی تری راگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئیتر ژمارەیەكی زۆری خەڵك ئەو یارمەتیانەیان بەدەست ناگات، كە پێویستیان پێیەتی، بەوەش ئازار و نارەحەتییەكانیان زیاتر دەبن و ژمارەیەكی زۆرتری خەڵكیش گیان لەدەست دەدەن.

لەبەیاننامەیەكی جیاوازیشدا ڕێكخراوی پزیشكانی مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕێگا راستەوخۆكانی گەیاندنی یارمەتی بۆ سەدان هەزار ئاوارەی داخستووە، كە پێویستییەكی زۆریان بە خۆراك و داو دەرمان هەیە.

روسیا و چین دەڵێن: دەكرێت كۆمەك و یارمەتییەكان لەڕێگای ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی دیمەشقەوە بگاتە ناوچەكانی باكووری سوریا، دەشڵێن داخڵكردنی ئەو یارمەتیانە لەڕێگای توركیاوە پێشێلكردنی سەروەری خاكی سوریایە.

هەروەك لویس شاربۆنۆ، بەڕێوەبەری كاروباری نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش ملكەچی روسیا بوون و ئەوەی ویستی پێیاندا، واتا كەمكردنەوەی یارمەتییە فریاگوزارییەكان لەڕێگای توركیاوە بۆ ئەو سورییە لێقەوماوانەی لەپێناو مانەوەیان لەژیاندا پشت بەو یارمەتیانە دەبەستن.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی