بوونی ناكۆكی لەسەر دۆسییەی نەوت لەنێوان نیچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی رەتدەكرێتەوە

کوردستان

14/07/2020‌ 1782 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێبین سەلام مامۆستای زانكۆ و كادری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە، كە باس لەوە دەكەن لەناو پارتیدا ناكۆكی و دووبەرەكی لەنێوان نیچیرڤان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە .

سەلام لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: قسەكردن لەبارەی بوونی ناكۆكی لەسەر دۆسییەی نەوت لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی تەنیا خەون و هەواڵی هەڵبەستراوی هەندێك لە پارتە كوردییەكانە ئەگینا لە بنەڕتدا هیچ جۆرە ناكۆكییەك لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا نییە، كە بەپێی بەقسەی ئەو لەناو پارتیدا باڵ باڵێن نییە و بڕیارەكان بەكۆمەڵ دەدرێن و پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو ئامۆزایەش لەوپەڕی باشیدان.

سەبارەت بە دوورخستنەوەی ئاشتی هەورامی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە لەكاتێكدا لەسەردەمی كابینەكانی نیچیرڤان بارزانی كەسایەتییەكی دیاری حكومەت بوو، سەلام دەڵێت: هێشتا ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سرووشتییەكان راوێژكاری دۆسیەی نەوتە و كەسایەتییەكی گرنگی ناو كابینەكەی مەسرور بارزانییە و ئەو دۆسییەیەش بەشێوەی بەكۆمەڵ ئیدارە دەدرێت.

پێشتر سەركەوت شەمسەددین پەڕلەمانتاری كوتلەی ئایندە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، كە لەسەر دۆسیەی نەوت ناكۆكی لەنێوان نیچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیدا هەیە، بەشێوەیەك هێشتا ئەو دۆسییەیە لەلایەن باڵی نیچیرڤان بارزانییەوە ئیدارە دەدرێت.

ئامادەكردن: ئاكۆ ئاڵی