حکومەت ١٢ موچەی تەواو و ٣٢ پاشەکەوت و یەک لیبڕینی سەدا ٢١ قەرزاری موچەخۆرانی خۆیەتی

کوردستان

17/07/2020‌ 3151 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی کە بە هۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ەوە، حکومەتی هەرێم توانای پێدانی موچەی نەما بەشێوەیەکی بەردەوام و وەک سالانی پێشوو.

لە ٣ی شوباتی ٢٠١٦ حکومەت بڕیاری پاشەکەوتی زۆرەملێی بۆ موچەی موچەخۆران ڕاگەیاند و، بۆ ئەم بڕیارەش پرسی نە بە پەرلەمان کرد و، نە بیری لە یاساییبونی بابەتەکە کردەوە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدابوو کە حکومەت توانای پێدانی موچەی نەمابوو، موچەی چەند مانگێکی موچەخۆرانیش قەرزار بوو.

بڕیارەکە ناڕەزایی زۆری هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و شەقامی بە تەواوی شڵەژاند و بەشێکی زۆر لە فەرمانگەو دامودەزگاکانی حکومەت بایکۆتی دەوامیان کرد، بەو هیوایەی حکومەت ناچار بە پاشگەزبونەوە بکەن، بەڵام حکومەت سوربوو لەسەر بڕیارەکەیی و جێبەجیێ کرد و بە بیانوی قەیرانی داراییەوە گوێی بۆ نارەزایی هاوڵاتیان نەگرت.
لە مانگی ئاداری ٢٠١٩ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لابردنی پاشەکەوتی موچەی ڕاگەیاند.

بڕیاربوو هەر موچەخۆریک و حسابێکی بانکی بۆ دروست بکرێت و سەرجەمی موچە فەوتاوەکانی بکرێنە حسابەکەیەوە و بتوانیت بۆ هەندێک خەرجی و کرێی ئاوو کارەبا و خزمەتگوزاری بەکاری بهێنێت، بەڵام تا ئێستا ئەوش نەکراوە.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەستبەکاربوو، هەر لەسەرەتای دەستبەکاربونیەوە بانگەشەی چاکسازی گشتی کرد و خۆی وەک فریادرەسی نیشتمانی ناساند و هێزەسیاسیە بەشدارەکانی حکومەت بە توندی پێداگری خۆیان بۆ چاکسازی دوپاتکردەوە.

بەڵام دوای چەند مانگێکی کەم دیسانەوە ئەوانیش توشی گرفتێکی گەورە بون لەوەی کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا سێ موچەی ئەو ساڵە بە نەدراوی مایەوەو وەزیری دارایی ڕایگەیاند کە ئەو سێ موچەیە نافەوتێت و پاشەکەوتیش ناکرێت و لە ماوەیەکی کەمدا دەدرێتە هاوڵاتیان، بەڵام ئەوەی بینرا بە دومانگ جارێک موچەی هەریەک لەو مانگانە دابەشکراو موچەکانی ساڵی ٢٠٢٠یش بەهەمان شێوە دواکەوتن و ئێستاش کە لەکۆتایی مانگی حەوت نزیک دەبینەوە، تازە بە تازە لە دابەشکردنی موچەی مانگی دووەمی ساڵداین ئەویش دوای لێبڕین و کەمکردنەوەی رێژەیەکی زۆری موچەکە.

تۆی موچە خۆر ئێستا دەزانیت چەند موچەو پاشەکەوتت لای حکومەتی هەرێمە؟ قەرزەکانی تۆ لای حکومەت بەم جۆرەیە:
چوار موچەی تەواوی ساڵی ٢٠١٥ و پاشەکەوتی یەک ساڵی تەواو لە ٢٠١٦ 

١١ پاشەکەوت و یەک موچەی تەواوی ساڵی ٢٠١٧ ، سی موچەی تەواوو ٩ موچەی پاشەکەوتی ٢٠١٨.

لەگەڵ چوار موچەی ئەمساڵی ٢٠٢٠ کە تا ئێستا دیار نییە دەکرێتە پاشەکەوت یاخود وەک حکومەت دەڵێت هەڵدەپەسێرێت.

واتە حکومەت ١٢ موچەی تەواو و ٣٢ پاشەکەوت و یەک لیبڕینی سەدا ٢١ قەرزاری موچەخۆرانی خۆیەتی.