هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: هاوكاری پێشمەرگە و سوپای عێراق دەبین تا بگەنە رێككەوتن

کوردستان

20/07/2020‌ 327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت هاوکاری سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەبن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ لەناوبردنی داعش.

کۆلۆنێڵ مایڵز کاگینز بە ئاژانسی ئانادۆڵ-ی توركی وتووە، ، "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لەسەر دروستکردنی ناوەندێکی هەماهەنگیی هاوبەش بوو لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوە بەردەوام بین و داعش لەناو ببەین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان وەک میوان بەشداری کۆبوونەوەی نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزی پێشمەرگە بوون، دەشڵێت، "تەنها هاوکار دەبین".

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ شاندێکی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەسەر هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانە، کۆبوونەوە.