پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترامپ‌و سیسی هیچی لەدۆخەكە نەگۆڕی

ڕاپۆرت

21/07/2020‌ 2107 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی دوو شەممەی ڕابردووی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر، نەبووە هۆی ئەوەی دانیشتنی پەرلەمانی میسر دوابخات بۆ ڕێگەپێدانی سوپای میسر بۆ چوونە ناو خاكی لیبیا بۆ دەمكوتكردنی چاوچنۆكییەكانی توركیا.

پەرلەمانی میسر بە كۆی دەنگ بڕیاری ناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا پەسەند كرد دژ بە هێزەكانی حكومەتەكەی سەڕاج لە تەڕابلوس و چەتە و میلیشیا چەكدارە تیرۆرستەكان.

ناوەڕۆكی ڕێگەپێدانەكەی پەرلەمان، كە پشت بە دەستوری میسری دەبەستێت بۆ ناردنەدەرەوەی هێزی چەكدار بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی، جەخت لەوە دەكاتەوە میسر شەرعیەتی پێویستی ناوخۆیی و دەرەكی بەدەستهێناوە، كە مافی ئەوەی پێدەدەن ئەو ئەركە سەربازییە ئەنجامبدات، پێشتریش میسر ڕەزامەندی سوپای و ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكی گەورە هۆزەكانی لیبیا لەو بارەوە بەدەستهێناوە.

ئامێرە زەبەلاحە میدیاییەكەی توركیا و تەڕابلوس و قەتەر نەیانتوانی ڕێگری لە مكوڕبوونی میسر بكەن بەوەی بەرگری لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بكات، كە لە ئێستادا لە لایەن چەتە و میلیشیا چەكدارەكانەوە حكومەتەكەی سەڕاج و توركیاوە هەڕەشەی كەوتووەتە سەر.

پەرلەمانی میسر جەختی لەوە كردەوە، كە گەلی میسر بەوپەری هێزەوە دەتوانن بەرگری لەبەرژەوەندییەكانی خۆیان و هاوسێكانیان و براكانیان لە لیبیادا بكەن دژ بە هەر مەترسی و هەڕەشەیەك، سوپا و سەركردە سەربازییەكانیشی مۆڵەتی دەستووری و یاساییان پێدراوە بۆ دیاركردنی كات و شوێنی وەڵامدانەوەی هەڕەشە و مەترسییەكان.

بەیاننامەی دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان ترامپ و سیسیش، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە هەردوولا سازاون لەسەر جێگیركردنی ئاگربەست لەلیبیا و بەرگرتن بە هەڵكشانی دۆخەكە، ئەمەش وەك ڕیگەخۆشكردنێك بۆ كاراكردنی گفتوگۆ و دانوستان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی، بەڵام بەیاننامەكە ئاماژەی بە چۆنییەتی گەیشتن بەو ئامانجە نەكردووە، لە هەمان ئان و ساتیشدا توركیا خۆی گیڤ دەكاتەوە، كە چەك و تەقەمەنی و جەنگاوەری زۆری ڕەوانەی لیبیا كردووە.

بەیاننامە ئاماژەی بەوەشداوە، كە ترامپ تێگەیشتنی هەبووە بۆ لێكەوتە ئەرێنییەكانی تەنگژەی لیبیا بۆ سەر ناوچەكە، باسی لەو كۆششە ماندوونەناسانەش كردووە، كە قاهیرە لەو پێناوەدا كردوونی و دەشێت ببنە هۆی برەودان بە ڕەووتی پڕۆسەی سیاسی لە لیبیا، هەندێك لە چاودێرانیش ئەم هەڵوێستەی ترامپ وا لێكدەدەنەوە، كە واشنتۆن ئامادەیی ئەوەی تیدا نییە بە كردەوە لەسەر ئەرزی واقع بكەوێتە جوڵەی لێبراوانە بۆ بەرگرتن بە تەنگژەكە و بەرزەفتكردنی ڕەووتی سیاسی لە لیبیادا.

چاودێرانی دۆخەكە ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە كاریگەری بۆ سەر داڕشتەی سیاسی ڕێگەپێدانەكەی پەرلەمانی میسر نەبووە، كە بە ڕەهایی ڕێگەی بە سیسی سەرۆكی وڵات داوە لە شوێن و كاتی پێویستدا دەستتێوەردان بكات.

لەمەشەوە سوپای میسر دەتوانێت هەر كاتێك بە گونجاوی بزانێت جەنگ هەڵگیرسێنێت، بە تایبەتیش كە سیسی چەندەهاجار هۆشداری داوە لە ئاكامە خراپەكانی دەستتێوەردانی توركیا و بڵاوەپێكردنی چەتە و تیرۆرستەكان لە خاكی لیبیادا.

هەندێك لە سەرچاوەكانیش دەڵێن: میسر لەوە دڵنیابووەتەوە، كە واشنتۆن گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنقەرە هەڵكردووە بۆ دەستوەردان لە خاكی لیبیا، پاساوەكەش بەرگرتنە بە بوونی سەربازی ڕوسیا لەو وڵاتەدا، بۆیە ئەمریكا ڕێوشوێنی پێویستی نەگرتۆتەبەر بۆ دەمكوتكردن و بەرگرتن لە كارە قەڵسكارییەكانی توركیا، كە ململانێی لیبیای گەرموگوڕتر كردووە.

سەرچاوەكان ئەوەش دەڵێن: لە ئێستادا ترامپ بە (مراوییە گێڕەكە) دەچێت و لە ناوخۆ و دەرەوەدا ڕووبەڕووی چەندەها گرفت بووەتەوە، جڵەوی كێشەكانی بەرداوە و بێ یەكلاییكردنەوە جێیهێشتوون، ئەمەش بە ڕوونی لە هەڵوێستەكانی واشنتۆندا دەردەكەوێت سەبارەت بە لیبیا و كێشەكانی دیكەش، ئەمە جگە لەوەی لە مارەسۆنی هەڵبژاردنەكانی ئایندەی ئەمریكادا تووشی ئاستەنگ و بەربەست بووە.

 ترامپ بە ڕاشكاوی داوای لە سیسی كردووە پەلە نەكات لەدەستتێوەردان، بەڵام سیسی ڕازی نەبووە، ئەمەش واتای ئەوەیە ماوەی هەنگوێنی نێوان واشنتۆن و قاهیرە، كە چەندەها ساڵە گەرموگوڕە، تووشی بەربەست بووە.

هەڵوێستی سەركردایەتی میسر هەژموونە هەرێمییەكەی بەهێز دەكات، چونكە بەهێزترین سوپای هەیە لە ناوچەكەدا و ئامادەی هەر پڕۆسەیەكی سەربازیشە، ئامادەشە بەر بە هەڵەداوانی سوپای توركیا بگرێت لە لیبیادا، ئەم دۆخەی لیبیاش بۆ میسر یەكەم ئەزموون و تاقیكردنەوەیەتی لە سەدەی بیست و یەكدا، هەندێك لە ناوەندەكانیش ئەمە بە سەرماییەكی عەرەبی گرنگ دەزانن بۆ میسر لەم قۆناغەدا.

ترامپ بۆ هەمان مەبەستی پێشوو پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمامویل ماكڕونی سەرۆكی فەڕەنسا ئەنجام داوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی هێوركردنەوەی دۆخەكە لە نێوان پاریس و ئەنقەرەدا، ڕێگەشی بۆ یەكلاییكردنەوەیەكی سیاسی نێوان هەردوو وڵات كردۆتەوە، چونكە ماكڕۆن لە تەنگژەی لیبیادا هێرشی توندی كردۆتە سەر توركیا كە لە ڕووی سەربازییەوە دەستی لە كاروباری ئەو وڵاتە وەرداوە. 

یەكشەممەی ڕابردووش ئیبڕاهیم قاڵن- ی قسەكەری فەرمی سەرۆكایەتی توركیا ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی لەگەڵ هەڵكشانی دۆخی لیبیادا نییە و نیازی ئەوەشیان نییە بەرەنگاری میسر و فەڕەنسا ببنەوە لە لیبیادا، ئەمەش بۆ ساردكردنەوەی جۆش و خرۆشی پاریس و قاهیرەیە، پەیامێكیشە كە ئەنقەرە وڵامدەرەوەی بەیاننامەكەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیایە كە هۆشدارییان داوە لە ئەگەری پێشێلكردنی بڕیاری قەدەغەكردنی چەك بۆ ناو لیبیا، سزای توند بەسەر دەوڵەتە سەرپێچییكارەكاندا بسەپێنن.

چاودێران پێیان وایە زۆرێك لە هێزە ئیقلیمییەكان باوەڕیان بە وتاری سیاسی توركیا نەماوە، چونكە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ تەنگژەكاندا هەمیشە پەنا بۆ فرت و فێڵ و قۆرتوقولاپ دەبات.

میسریش گەرەكیەتی هاوسەنگی بۆ لیبیا بگڕێتەوە و دامەزراوە نیشتمانییەكانیشی بپارێزێت و چی دیكەش دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە بە هۆی دەستتێوەردانە ناشەرعییەكانی توركیاوە بارگرژی زیاتری تێنەكەوێت.

سەرۆكی میسر لە ٢٠ ی یۆلیۆی ڕابردوو هێڵێكی سوری لە نێوان سرت و جفرە كێشا، بەڵێنیشیدا لە ئەگەری تێپەڕاندنی ئەو هێڵە ڕاستەوحۆ دەستتێوەردانی سەربازی بكات، لە چەندەها ناوەندی سیاسی و كۆمەڵایەتی و شەرعییەوە هەڵوێستەكەی پشتیوانی لێدەكرێت، ئەو چاوەڕێی ڕێگەپێدانی پەرلەمان بوو، لە ئێستاشدا یاساییانە دەستیكەوتووە و خۆی بە باشی ئامادە كردووە.

چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن میسر، كە ڕووبەڕووی چەندەها ئاڵێنگاری دەبێتەوە لە چەندەها بەرەی جیاوازدا، ئەگەر زۆر ناچار نەبێت و ئاسایشی نەتەوەییشی نەكەوێتە مەترسییەوە، ئارەزووی هەنگاوێكی لەوجۆرە ناكات، بە دەستتێوەردانی توركیا و هاتنی چەتەكان بۆ لیبیا و پڕچەككردنی حكومەتەكەی سازانكاری لیبیا لە تەڕابلوس، میسر ئەو هەنگاوەی هەڵێنا و هەڕەشەی ئەوەشی كرد بەرەو سرت پێشڕەووی دەكات و دەست بەسەر بەندەرەكانی نەوتی ئەو وڵاتەدا دەگرێت.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر