ئێران دەستی لەمالیكی‌و سەدر شوشتووەو بەدوای جێگرەوەیان دەگەڕێت

ڕاپۆرت

22/07/2020‌ 1436 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڕەپانی سیاسی شیعی عێراق، لە ڕووی هێز و كاریگەرییەوە گۆڕانێكی پلەبەندی بەخۆوە دەبینێت و باجەكەش موقتەدا سەدر و نوری مالیكی دەیدەن، كە پێدەچێت ئێران دەستببەردارییان بووبێت و بە دوای جێگرەوەكانیاندا بگەڕێت.

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر بۆ چەندەها ساڵ توانستێكی ناوازەی هەبوو لە وەرچەرخاندنی هاوكێشە سیاسییەكانی گۆڕەپانی شیعی، لە ئێستادا ئەو ڕۆڵەی دەیگێڕا لەپاشەكشەدایە، ئەمەش دوای ئەوەی كەوتە داوای دژیەكی لە هەڵوێستەكانی، كە جارێك لەگەڵ داواكاری خۆپیشاندەران بوو لە ساڵی 2019 و جارێكی دیكەش دەیەویست دایمركێنێتەوە.

لە هاتنە سەركاری مستەفا كازمی و پێكهێنانی كابینەكەیدا، سەدر ڕۆڵی ساڵانی ڕابردووی نەبوو، سەرباری ئەوەی زیاتر لە 50 كورسی پەرلەمانی هەیە، كە بە پەنجەیەك هەڵیاندەسوڕێنێت، هاوبەشە شیعەكانیش زۆر متمانەیان بە هەڵوێستەكانی سەدر نییە، چونكە زوو زوو گۆڕانیان بەسەردا دێت.

ئەگەر لە ڕابردوودا گۆرانی زوو زووی هەڵوێستەكان باش بووبێت، دیارە لە ئێستادا كاریگەری نەماوە، ئەمەش لە سایەی ئەو پێویستە سیاسییە مەزنەی سەقامگیری عێراق پێویستییەتی.

چاودێران دەڵێن: سەدر ئەو ڕۆڵە تایەفییەی جارانی نەماوە، كە ئێران بۆ كپكردن و خامۆشكردنی توڕەیی شەقام دژ بە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقی نزیك لە ئێران پەنای بۆ دەبرد، سەدر متمانەی خۆپێشاندەرانی شەقامی لەدەستداوە، ئەو سەنگ و قورساییەشی نەماوە كە لەناو چینە هەژار و پەراوێزخراوەكاندا هەیبوو.

هەرچی مالیكییە باجی جێهێشتنی دەسەڵات دەدات، كە لە 2014 دەستبەرداری بوو، ئەمەش زیانێكی گەورەی پێگەیاند لەڕووی كورسییەكانی پەرلەمان و كاریگەرە سیاسییەكەی.

مالیكی لە نێوان ساڵانی 2014-2018 سێ لەسەر چواری قورسایی سیاسی خۆی لەدەستدا، ئەمەش‌ دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی جێگەی‌ گرتەوە، كەچی هێشتا مالیكی هەر خاوەن هەژموون و كاریگەری بوو، هێندەشی نەما بوو لە ڕێگەی پەرلەمانەوە حكومەتەكەی عەبادی بڕوخێنێت، ئەو حكومەتەی پێشتر مالكی چەند وەزیرێكی لێ لەكارخستن.

لەم سەردەمی كازمیدا، پێنوێنەكان دەڵێن: چی دیكە مالیكی لە ژیانی سیاسی عێراقدا كاریگەری نەماوە، بە ئەندازەیەك كاتێك محەمەد جەواد زەریف- ی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراقی كرد، بوونی مالیكی بە تەواوی فەرامۆش كرد.

غالب شابەندەری سیاسەتمەداری عێراقی لەو بارەوە دەڵێت: هەواڵەكان لە نووسینگەی مالیكییەوە دزەیان كردووە، كە مالیكی زۆر نیگەران بوو لەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران فەرامۆشی كردووە، بە ئەندازەیەك نیگەران بووە، كە نیازی ئەوەی هەیە پەیوەندییەكانی بە ئێرانەوە بپچڕێنێت، بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە، كە تاران بایەكۆتی مالكی كردووە، ئەمەش دوای ئەوەی كارتەكەی مالكی سوتاوە و چی دیكە كار ناكات.

هەرچەندە پەرلەمانتارەكانی سەدر بەشداربوون لەپەسەندكردنی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقی بەكردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە سەردەمی عەبدولمەهدیدا، كەچی گوتاری دژ بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئێستادا جێگەی بایەخی سەدر و مالكی نییە، هەردووكیشیان خۆیان دەبوێرن لە باسكردنی دۆسییەی پەیوەندییەكانی عێراق و سعودیە.

سەردانەكەی زەریف بەشی دووەمی وەرچەرخانی دیمەنە سیاسییەكەی‌ گۆرەپانی شیعی باشتر ڕوونكردەوە، چونكە بڕیاریدا تەنیا دوو سەركردەی شیعەكان ببینێت، كە هادی عامری و عەمار حەكیم بوون.

سەنگ و قورسایی عامری لەوەدایە، كە سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحە، كە نوێنەرە سیاسییەكانی گرنگترین میلیشیا شیعە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران لەخۆ دەگرێت.

لە ئێستادا ئێران پشتی بە هەڵوێستەكانی هاوپەیمانی فەتح قایمە، كە گوتارێكی توندی هەیە و یەكانگیرە لەگەڵ وتاری عەلی خامەنەئی و فەرماندەی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی سەبارەت بە ئایندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەڵكشانی بەردەوامی وتاری دژ بە سعودیە.

چاودێران پێیان وایە پێگەی ئێستا عامری بۆ ئێران پێگەی جارانی مالكی گرتۆتەوە. هەرچی عەمار حەكیم- ی سەركردەی ڕەووتی حیكمە- شە، لەوساوەی كازمی هاتووەتە سەر كار گرنگییەكی زۆری پەیدا كردووە.

خودی حەكیم پشتیوانی كابینەكەی كازمی بوو، لەو پێناوەشدا چەندەها كاتژمێر خەریكی باوەڕپێهێنانی هێزە شیعەكان بوو كە پشتیوانی لە كازمی بكەن، دروشمی: (پێویستی پاراستنی دەوڵەت لە هەرەسهێنان) ی بەرز كردەوە، بە جۆرێك لە جۆرەكانیش چەند هێزێكی شیعە پێیان وایە كازمی لە پێڕی عەمار حەكیمە.

حەكیم هەر تەنیا بەوە نەوەستا، كە كازمی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت ڕاسپیردرێت، بەڵكو لەم چەند هەفتەی پێشوودا هاوپەیمانییەكی پەرلەمانی لە 42 پەرلەمانتار پێكهێنا بۆ پشتیوانیكردن لە حكومەتەكەی كازمی لە ڕووی سیاسییەوە، ئەمە‌ش دوای ئەوەی سەدر و عامری خۆیان لەو حكومەتە بەدوورگرت و  مالكیش دژایەتی كرد.

بە پێچەوانەی عامرییەوە، حەكیم پرسی هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق بۆ خەمڵاندنی دەسەڵاتدارانی جێبەجێكار و فەرماندە سەربازییەكان جێهێشتووە، بەو پێیەی ئەوان تاكە لایەنن بتوانن مەزەندەی پێویستی عێراق بكەن لە بواری ئەمنیدا، حەكیم بەوپەڕی هێزی خۆیەوە لەگەڵ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی عێراقە بە سعودیە و كرانەوەیە‌ بە ڕووی دەوڵەتانی كەنداودا.

چاودێران پێیان وایە هەڵكشانی ئەستێرەی بەختی عامری و حەكیم لەسەر هەگبە و كەوڵی سەدر و مالكی لە سیاسەتی شیعەكانی عێراقدا، ڕەنگدانەوەی پێداویستی ئێرانە لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵوێستی ڕوونی سیاسەتی ئێستای عێراقدا سەبارەت بە بەرهەڵستكاری و پشتیوانی حكومەت و ئایندەی هێزەكانی ئەمریكا و دۆسییەی پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتانی كەنداودا.

عامری و حەكیم هەڵوێستی ڕوون و ئاشكراییان هەیە سەبارەت بە دۆسییە سەرەكییەكانی عێراق كە بیر و هۆشی سیاسییەكانی ئیرانییان مشەوەش كردووە، عامری بە ڕوونی پشتیوانی ئێرانییەكانە، حەكیم- یش پشتیوانی حكومەتی عێراقە و گەرەكییەتی پەیوەندی پتەوی لەگەڵ دەوڵەتانی كەنداو و ئەمریكا و خۆرئاوادا هەبێت.

لە سایەی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی ڕووبەڕووی ئێران دەبنەوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ جیهان و پەیوەندییە بارگرژاوییەكانی لەگەڵ ئەمریكا و زۆرێك لە دەوڵەتانی ناوچەكەدا، تاران پێی وایە كە پەیوەندی لەگەڵ عامری و حەكیمدا، یارمەتیدەری دەبێت بۆ هێشتنەوەی كەناڵی پەیوەندییەكانی بە كراوەیی لەگەڵ دەوروبەردا، چونكە دوور نییە كتوپر و لەناكاو پێداویستییەك بێتەپێشەوە و پێویستی بە هەردووكیان یان یەكێكیان بێت.

سەرچاوە:  پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر