کازمى بەدواداچوون بۆ مووچەى فەرمانبەرانى بەنداوەکانى هەرێم دەکات

عیراق

23/07/2020‌ 764 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانى عێراق بەدواداچوون بۆ مووچەى فەرمانبەرانى بەنداوەکانى هەرێم دەکات و وەزیرى سەرچاوەکانى ئاوی عێراقیش دەڵێت، فەرمانبەرانى بەنداوەکانى هەرێم مووچەیان بۆ خەرج کراوە.

مەهدی رەشید حەمدانى وەزیرى سەرچاوەکانى ئاوی عێراق لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، سەرۆک وەزیران رازى بوو بە گواستنەوەیانو فەرمانى بە وەزارەتى دارایی کرد ئەو فەرمانبەرانە بگوازێتەوە سەر وەزارەتى دارایی عێراق، بەڵام وەزارەتى دارایی هەرێم هیچ گرنگییەکى پێ نەداوە.

حەمدانى ئەوەشى خستەڕوو، لە هەفتەى داهاتووە رۆژانە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن و هەوڵ دەدەن کێشەکان چارەسەر دەکات.

وەزیرى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق ئاماژەى بەوەشکرد، جێگاى سەر سوڕمانە وەزارەتى دارایی هەرێم چۆن مووچەى ئەو فەرمانبەرانەى نەداوە لەکاتێکدا وەزارەتى دارایی عێراق پارەکەى بۆ خەرج کردوە.

هاوکات حەمدانى ئەوەشى خستەڕوو سەرۆک وەزیران بریاریداوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکرێت و فەرمانبەرانى بەنداوەکانى هەرێم و مووچەو ئیمتیازاتەکانیان بە پەلەو بڕوانامەکانیانەوە بخرێنە سەر بەغدا.

ماوەى چوار مانگە فەرمانبەرانى بەنداوەکانى هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووەو ئەمڕۆش فەرمانبەرانى بەنداوى دەربەندیخان مانگرتنیان لەکارەکانیان راگەیاند.
س.هـ