لـێـكـەوتـەكـانـی سـەردانـەكـەی مـسـتـەفـا كـازمـی بـۆ ئـێـران

ڕاپۆرت

24/07/2020‌ 2052 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەردانەكەیدا بۆ ئێران لە 21 ی یۆلیۆی ڕابردوو، سەركەوتوو نەبوو لە برەودان بە "بیردۆزەی گفتوگۆی ستراتیژی" بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاران لە هەموو دۆسییە هاوبەشەكانی ناوخۆیی و دەرەكیدا. 

لەم كۆششەیدا مستەفا كازمی لوتی بە لوتی هەڵوێستی توندی ئێرانییەكاندا تەقییەوە سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی بەغدا لەوەی بگاتە چەند هاوسەنگییەك لەگەڵ هاوپەیمان‌و هاوبەشە ستراتیژییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی هاوسێ و دەووروبەر، تا عێراق نەبێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی نێوان تاران و واشنتۆن.

ئێران نیگەرانیشە سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی دۆسییە ناوخۆییەكانی عێراق بۆ قۆناغی ئێستای ڕاگوزەری، بۆیە دەكرێت بڵێین تاران بە گشتی پێشدەستی ئەو پرسانەی گرتووەتە دەست، كە پەیوەستن بە پەیوەندییە دوولایەنەكانی لەگەڵ عێراقدا لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری، بەجۆرێك هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندییەكانیدا.

ئەنجامی سەرەتایی 
سەردانەكەی كازمی بۆ تاران ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی داون بەدەستەوە:

تێكشكاندین ئاراستە پەیڕەوكراوەكان
 چاودێران دەڵێن بە گشتی ئەنجامی سەردانەكە هەموو ئەو ئاراستە پەیڕەوكراوانەی تێكوپێك شكاندن كە كازمی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا گەڵاڵەی كردبوون، پێشتر باوەڕ وابوو كە كازمی لەو ئاراستەیەدا سەركەوتوو بووە، بە تایبەتیش كاتێك وەزیری دەرەوەی ئێران لە 19 یۆلیۆی ڕابردوو سەردانی عێراقی كرد.

وتاری ئێرانییەكان لە سەردانەكەی كازمیدا دەریخست كە ئەوان چەند شێلگیرن لە چەسپاندنی هەڵوێستەكانی وڵاتەكەیان لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ عێراقدا، وا دەركەوت كە وتارەكەیان بە گۆڕانی سیاسییە عێراقییەكان گۆڕانی بەسەردا نایەت، بۆیە پەیامەكەی ئێران ڕوون و ئاشكرا بوو كە پێویستە كازمی خۆی لەگەڵ ئەجێنداكانی ئێراندا بگونجێنێت.

جیاوازی هەق و حسابەكان
لێدوانەكانی عەلی خامەنەئی لە كاتی سەردانەكەی كازمیدا پەیامێكی ئاشكرا بوو سەبارەت بەو ڕەگەزانەی كە سیاسەتی ستراتیژی ئێرانی بەرامبەر عێراق دیاری دەكەن، لەوانەیە تاران بەردەوام دەبێت لە یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی لەگەڵ واشنتۆن لەسەر خاكی عێراقدا، بۆ ئەم مەبەستەش بریكارەكانی لە عێراقدا دەخاتەگەڕ.

مستەفا كازمیش پەرۆشی ئەوە بوو كە لە دیدارەكەیدا لەگەڵ ڕوحانیدا وڵامی ئەو پەیامەی خامەنەئی بداتەوە كاتێك وتی: عێراق ڕەچاوی سرووشتی پەیوەندییەكانی دەكات لەگەڵ تاراندا، بەڵام بەو مەرجەی دەستتێوەردانی كاروباری ناوخۆی تێدا نەبێت، بە گوێرەی چەند ڕاپۆرتێكیش كازمی بە نەرمی گوتویەتی دەبێت تایبەتمەندی هەردوولا (عیراق و ئێران) لەبەرچاو بگیرێت.

جێگیركردنی ڕێساكانی بەیەكدادان لەگەڵ واشنتۆن:
ئەمە وتاری خامەنەئی و سەرجەم فەرماندە ئێرانییەكانە كە تاران بەردەوام دەبێت لە كۆششەكانی بۆ تۆڵەكردنەوە لە واشنتۆن، عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی ووردتر ئەو پرسەی ورژاند كاتێك وتی: تۆڵەكردنەوەیەكی دڵڕەقانە بۆ تیرۆرستان بەڕێوەیە، كەواتە ئێران مكوڕە لەسەر تۆڵەكردنەوە لە واشنتۆن، ئەوان گەرەكییانە لە ڕووی سیاسییەوە كازمی پابەندی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بێت بە كۆتاییهێنان بە بوونی سەربازی یان بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە وڵاتەكەی، ئەم ئاراستەیەش جۆرێك لە دژیەكی تێدایە، چونكە كاتێك ئێرانییەكان لە 8 ی یەنایەری ڕابردوو بنكەی سەربازی (عەینول ئەسەد) یان بۆردومان كرد، عەلی خامەنەئی موڕشیدی باڵا كە خۆی سەرپەرشتی پڕۆسەكەی كردبوو گوتی كە تۆڵەی كوشتنی قاسم سولەیمان- یان كردۆتەوە.

ڕەتكردنەوەی نێوانگیرییەكان
ڕۆژنامەی (ئێران میلی) ئاماژەی بەوە كردووە كە سەردانەكەی كازمی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی بەغدا و تاران بووە نەوەك نێوانگیری كازمی لە نێوان ئێران و ئەمریكا و ئێران و دەوڵەتانی هەرێمی، بەمەش ئێرانییەكان دووپاتیان كردووە كە لەم قۆناغی ڕاگوزەرییەی عێراقدا لەسەر كازمی پەیوەست نییە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت، بەڵكو لەوانەیە تاران ئارەزووی ئەوە بكات كازمی بە پلەی یەكەم كۆششەكانی خۆی لە چوارچێوەی مەرج و داواكارییەكانی هێزە ناوخۆییە عێراقییەكاندا لەسەر سیاسەتی ناوخۆ چڕ بكاتەوە بۆ تیپەڕاندین قۆناغە ڕاگوزەرییەكەی ئێستا.

دوای سەردانەكە
سەردانەكەی كازمی بۆ تاران ڕەنگدانەوەی دەبێت بۆ سەر دۆسییە ناوخۆ و دەرەكییەكانی عێراق، ئەو بەرزەفڕی ئەوەی هەیە كۆت و بەندی تەڵەزگەی ململانێی نێوان واشنتۆن – تاران لەسەر خاكی عێراق بشكێنێت و تێپەڕێنێت، ئەم سەردانەش هەلێكی باشە بۆ گەیاندنی پەیامەكەی و لەوانەشە جارێكی دیكە ئەو هەوڵە دووبارە نەكاتەوە. بۆیە قۆناغی ئایندە لە ژێر رۆشنایی ئەم سەردانەی بۆ تاران، سیاسەتەكانی كازمی گۆڕانیان بەسەردا دێت كە دەكرێت بەم شێوەیە ڕوخسارەكانی دیاری بكەین:

بایەخدانی چڕ بە دۆسییە ناوخۆییەكان
لەوانەیە كازمی زیاتر بایەخ بە  دۆسییە ناوخییەكانی عێراق بدات، ئەمەش نەك لەبەر خاتری تاران، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كازمی پەی بەوە دەبات كە ئێران بوارێكی گەوەری جوڵەكردنی بۆ ناهێڵێتەوە هەروەك خۆی وێنای كردبوو، بۆیە تاران كار لەسەر سەرەوژێركردنی بەرزەفڕی و كۆششەكانی كازمی دەكات لە بنیاتنانی ئەو هاوسەنگییانەی دەیەویست لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقیدا جێگیریان بكات، پێشبینی ئەوەش دەكرێت دوای ئەم سەردانی بۆ تاران، ئاستی كار و هەڵوێستەكانی كازمی لەمەڕ دۆسییە ناوخۆییەكان و گەمەكار و بكەرە خۆجێییەكانی نزیك لە ئێران كاریگەری بكەوێتەسەر.


ئێران ئەو چەترە سیاسییە پێویستە بۆ كازمی دابین ناكات كە دەرفەتی جوڵەی پێدەدەن لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسییە دەرەكییەكاندا، بەو پێیەی ئەو دۆسییانە كۆلكەی هاوبەشی نێوان بەغدا وتارانن و ئێرانیش لایەنێكی ڕەسەنی ئەو دۆسییانەیە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت بۆسەر  گەڕەكانی ئایندەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان واشنتۆن و بەغدا كە بڕیارە مانگی ئایندە لە ئەمریكا بەڕێوەبچن.

نەرمی نواندن لەگەڵ لایەنە چەكدارەكان
چاوەرێ ناكرێت بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ لایەنە چەكدارەكانی عێراقی نزیك لە ئێران بە هەمان ئاستی پێش سەردانەكەی كازمی بەردەوام بێت، بە تایبەتیش دوای كشانەوەی هادی عامری لە پەرلەمان و خۆبەدوورگرتنی لە گرتنەدەستی هیچ پۆستێكی سیاسی كە وایكردووە ئاراستەیەك سەرهەڵدات بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی ئەو لایەنە چەكدارانە بە شێوەیەكی جیاوازتر لە جاران. شیمانەی ئەوەش هەیە كە لایەنە چەكدارە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران، دۆخەكە لەگەڵ ئەمریكا بەرەو هەڵكشان بەرن، بۆیە شیمانەی ئەوە دەكرێت لەم حاڵەتەدا دۆخەكە بەرەو هەڵكشان بچێت. 

سەرەوژێركردنی بەرزەفڕییە سیاسییەكانی كازمی: 
هەرچەندە كازمی ئەوەی نەگوتووە كە بەرەفڕی سیاسی هەیە، بەڵام چاودێران پێیان وایە شیمانەی ئەوە هەیە لە كۆتایی قۆناغی ڕاگوزەریدا كۆشش بۆ ئەو بەرزەفڕییە بكات، بە تایبەتیش كە لەم قۆناغەدا سەركەوتوو بێت، بەڵام لە وانەیە سەردانەكەی بۆ تاران ئەو بەرزەفڕییەی سەرەوژێر بكات، چونكە سەردانەكە ئەوەی دەرخست كە كازمی نابێتە كەسە سیاسییە لەپێشینەكەی تاران بۆ دوای قۆناغی ڕاگوزەری، بەڵكو تەنها بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا قبوڵیانە.   

پوختەی قسە ئەوەیە: دەكرێت بڵێین سەردانەكەی كازمی بۆ تاران دوا دیدگای كازمی بۆ عێراق گەڵاڵە دەكات لەوەی عێراق قوڵاییە ستراتیژییەكەی ئێران بە واتا باوەكەی جاری جاران كە لە دوای گلانی ڕژێمەكەی سەدام حوسێنەوە ئێران شوینپێی خۆی تێدا قایم كردووە، بۆیە ناكرێت گرەو لەسەر ئەگەری سەربەخۆیی نیشتمانی عێراقی بكەین، بەو پێیەی لە لایەك ئێران خاوەن دەسەڵاتی یەكەمە لە ڕیكخستنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراقدا، ئەمە جگە لەوەی ئەو دەوڵەتە قوڵەی تاران ماوەی 17 ساڵە لە عێراقدا چاندوویەتی، بە هەموو توانستی خۆیان ڕووبەڕووی ئەو هەوڵانە دەبنەوە كە گەرەكییانە سرووشتی ئەو پەیوەندییە بگۆڕن، ئەمە جگە لەوەی قۆناغی دوای سەردانەكەی كازمی سەرەتایەك دەبێت بۆ چاودێری و تاقیكردنەوەی ئاستی كاری كازمی جیاوازتر لە چوار مانگی پێشوو كە دەسەڵاتی گرتۆتەدەست، ئەوەی دادێ، مۆڵەتێكە بۆ كازمی و دۆخی ئایندەش بە ڕوون و ئاشكرایی دەخاتەڕوو.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی موستەقبەل
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر