ئـیـسـرائـیـل چاوەڕوانی "تۆڵەی" حیزبوڵڵای لوبنانی دەكات

مەلەفی تایبەت

26/07/2020‌ 1034 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "كۆمیرسانت" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی نزیكبوونەوەی وەڵامێك لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە بەهۆی ئەو پرۆسەی لە دژیان ئەنجامدراوە لە سوریا.

بەپێی راپۆرتەكە، سوپای ئیسرائیل بڕیاریدا یەكە سەربازییەكانی لەسەر سنوری لوبنان توندوتۆڵ بكات، ئەویش بەهۆی ترسیان لەتۆڵەی حیزبوڵڵا، كە چەند ئەندامێكیان لە سوریا كراونەتە ئامانج.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، بەپێچەوانەی زۆربەی هێرشەكانی پێشوویەوە، سەكردایەتی ئیسرائیل وردەكاری پرۆسەكەی ئەم دوایەی بڵاوكردەوە و باسی لەوەش كردووە پرۆسەی سوپاكەی دەستپێخەری بووە و ئامانج لێی پەك خستنی هێزەكانی سەر بە ئێران بووە بەوەی ویستویانە ژمارەیەكی زۆر فرۆكەی خۆكوژی بێ فرۆكەوان بە ئاراستەی ئیسرائیلدا بنێرن.

شارەزا ئیسرائیلییەكان لە بژاردەكانی وەڵامی ئەو حیزبە دەڕوانن، كە رەنگە رووبدات، لە میانی قۆستنەوەی ئەو درزە سیمبولییەی لە دیواری ئەمنی سنوردا هەیە، هەروەك ئەوەی لە مانگی چواری رابردوودا روویدا، كە پرۆسەی تێكدان و لێدانی رۆكێتی بوون. 

لە بۆچوونی ئەواندا، زۆربەیان پشت بە هەڵوێستی ئێران دەبەستن، كە بە شێوەیەكی توندو تۆڵ پەیوەندی بە حیزبوڵڵاوە هەیە.

لەو بارەیەوە، كۆلۆنێڵی خانەنشین (شاریت زهافی)، سەرۆكی ناوەند توێژینەوەی "ئەلما"، كە چاودێری دۆخی سنوری ئیسرائیل و لوبنان دەكات، وتی: حیزبوڵڵا هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل ئەگەر بێت و ئێران فەرمانی پێ بكات، هەتا ئەگەر حزبەكە خۆشی ئەوەی نەوێت. وەك بنەمایەكی گشتیش، لێدوانەكانی حەسەن نەسورڵڵا لە میانی وتاری هەینیەوە دەردەچێت. زەهافی پێی وایە پرسیارەكە لێرەدایە، ئایە ئێستا روەو سنور بجوڵێین، یاخود چاوەڕوانی لێدوانەكانی حزبوڵڵا بكەین.

لە بۆچوونی ئەودا، بە تەماشاكردنی دۆخی خراپی ئابووری لوبنان و هەڵكشانی جوڵڵانەوەی خۆپیشاندانەكان لەو وڵاتەدا ئەوەیە، كۆتا شت، كە ئەو حیزبە پێویستی پێی هەبێت شەڕ كردنە لەگەڵ ئیسرائیل. 

هەروەها پێی وایە رەفتارەكانی حیزبوڵڵا هەندێك كات لەگەڵ لۆژیكدا یەكناگرێتەوە، لەبەر ئەوە، شارەزایانی ناوەندی ئەلما وای دەبینن، سیناریۆی شەڕی گشتگیر لەگەڵ حیزبوڵڵا ناكرێت بە تەواوەتی بە دوور بزانرێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا