ناكۆكییەكانی كورد پێویستی بە ئەمریكایە

کوردستان

26/07/2020‌ 608 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بیلال وەهاب

لە 19 ی مانگی 7، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی نەكرد، ئەمەش هۆکار بوو بۆ داخستنی تەواوەتی پەرلەمان و ئەنجام نەدانی كۆبوونەوە، ئەم بەشداری نەكردنەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، نوێترین هەنگاوە لەو هەنگاوانەی كە هەر لایەنێك لە لایەنەكانی هەرێم دەیانەوێت خاڵ بۆ خۆیان تۆمار بكەن، لە كاتێكدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كۆمەڵێك گرفتی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا و جوڵەی سەربازی ئێران و توركیا تێدەپەڕێت.

بۆ ماوەی سێ دەیەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی بەرچاوی لە بەهێزكردنی هێزی ئەمریكا لە عێراقدا هەبووە وجەنگی دژی تیرۆر كردووە، تا ئێستایش، هێزی پێشمەرگە ڕۆڵێكی گرنگی لە بەگژداچونەوەی داعش (IS) هەیە. بەڵام گرفتەكانی نێوان لایەنەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاریگەری لەسەر ئەو هاوبەشییەی هەرێم لەگەڵ واشنتۆندا كردووە و لە بەهای كەم كردووەتەوە، هەروەها بووە بە هۆی ئەوەی ڕانكی كوردستان لە بەغدادی پایتەخت داببەزێت.

گێژەڵۆكەیەكی تەواوی قەیرانەكان

لە هەموو بەشەکانی هەرێمی كوردستان ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبۆیەوە، 11 هەزار توشبوو هەیەو  419 كەس بە ڤایرۆسەكە مردوون، لەم كاتەدا، كە كۆرۆنا لە جیهان و هەرێمی كوردستان بڵاوە، لە لایەن پزیشك و پۆلیسەوە بایكۆتی دەوام كردن دەكرێت، سكاڵای خەڵك بەشێوەیەكی گشتی، بەرەو ناڕەزایی و خۆپیشاندان سەردەكێشێت
ئەو قورسییانەی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بوونە، بەهۆی قەیرانی داراییەوەیە، كەرتە تایبەتەكان لە هەرێمدا پێنەگەیشتوونە، لە %80 ی خەڵكی لە كەرتی گشتی فەرمانبەرن و لە پاشە ڕۆژدا خانەنشین دەكرێن، موچە خۆرانی هەرێم، كە 1.25 ملیۆن كەسن، مانگانە پێویستیان بە بڕی 950 ملیار دینارە، دۆخەكە لە بەغدادیش بە هەمان شێوەیە، داهاتی هەرێم لەسەر نەوتە، بەڵام بەپێی لێدوانێكی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، تەنها 30 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت بووە، ئەمەیش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوەیە كە لە ئێستادا وڵاتان داواكارییان لەسەری نییە، هەروەها بەغدادیش بەشە بودجەی هەرێمی بڕیوە كە مانگانە بۆی دەنارد و بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەشێك لە داهاتە ناوچەییەكان وەستاون، لەبەر ئەم گرفتانە، حكومەت ئەمساڵ توانیویەتی تەنها 3 موچە بدات، كە دوو موچەیان موچەی ساڵی 2019 ن، وەكو ئەوەی كە ئەم قەیرانانە بەس نەبێت. هەردوو وڵاتانی دراوسێ، واتا ئێران و توركیا لە نیوەی مانگی شەش دەستیان بە جوڵەی سەربازی كرد، ئەنقەرە شەڕی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان pkk دەست پێكردوە، هەروەها ئێرانیش پەلاماری حیزبی دیموكراتی كورستانی داوە كە گروپێكی بەرهەڵتسكاری كوردن لە ئێران.
وەڵامدانەوەی هەرێم بۆ گرفتەکانی 

لە ڕابردوودا، ئەم گرفتانە دوچاری هەرێمی كوردستان بووە و سەركردەكان كاریان لە دژ كردووە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەگەڵ حیزبە نەیارە سەرەكییەكەی كە پارتی دیموكراتی كوردستانە سیاسەتیان لە دژی یەكتری كردووە و هەمیشە دەرئەنجامی پێچەوانەی هەبووە، لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا سەركردەكانی هەردوو حیزب لە تی ڤی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێرشێكی توندیان كردە سەر یەكتری و بەرەی سلێمانی بە سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێشنیاری لامەركەزییەتیان بۆ سلێمانی كرد و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم پێشنیارەی وەكو فێڵێك دژی هەرێمی كوردستان و خۆی تەماشا كرد، لە كاتێكدا هێزی هەردوولا لە زینی وەرتێ سەربازگەیان جێگیركرد، بەمەیش جارێكی تر مەترسی براكوژی دروست بۆیەوە كە لە ناوەڕاستی نەوەدی سەدەی ڕابردوو ئەنجامیان دا، هەموو ئەم ڕووداوانەیش لە ژێر كاریگەری حیزب و خێڵدا ڕوودەدەن.

لەمە خراپتر، وەڵامدانەوەی حیزبەكان بوو بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا، پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوە دەكرد ڕێژەی توشبووان بە ڤایرۆسەكە لە سنوری سلێمانی ژێر دەستی یەكێتی بەرزە ئەمەیش بەهۆی كردنەوەی سنورە بەڕووی وڵاتی ئێراندا، لە وەڵامدا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەیوت: پارتی دەستی بەسەر كەرەستە پزیشكییەكاندا گرتووە و بۆ لایەنگرانی حیزبەكەی خۆی بەكاریان دەهێنێت

گرفتی نێوان حیزبەكان دەبێتە هۆی دروستكردنی پەشێوی سیاسی، كاتێك بە مەبەستی چاكسازی موچەی موچەخۆران كەم كرایەوە، بەشێك لە بەرپرسەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناڕازی بوون، لە پارتی یموكراتی كوردستانیش، سەرۆك وەزیران كابینەی حكومەتی پێشووی بە شكستخواردووی نەوتی سەربەخۆ ناوبرد، كە سەرۆك وەزیرانی پێشوو، نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای مەسرور بارزانییە و لە ئێستادا سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، تاكە زەرەرمەندی ئەم گرفت و پەشێویە سیاسییەش، پێشمەرگەیە.

بە كورتی، ناكۆكی نێوان حیزبەكان بەرەو ئەوە دەڕوات خەڵكی باوەڕیان بەوە نەمێنێت كە سیاسەتی كوردی لە سیاسەتی بەغداد باشترە، لە ئێستادا بارودۆخەكان لە بەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستاندانە كە دەستی بەسەر پیشەسازی نەوتدا گرتووە و 45 كورسی پەرلەمانی كوردستانی هەیە و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 21 كورسی پەرلەمانی كوردستانی هەیە، بەڵام هێز و ئەو شوێنانەی نەوتیان تێدایە بەسەر هەردوو سنورەكەدا دابەش بوونە و پارتی دەیەوێت یەكێتی وەكو هاوبەشێكی بچوك بهێلێتەوە و یەكێتیش سورە لەسەر ئەوەی كە دەستكەوتەكان وەكو یەك بەسەر هەردوولادا دابەش بكرێت.

كاریگەری سیاسەتەكانی ئەمریكا
لە ساڵی 2001،ەوە ئەمریكا و فۆکەسی لەسەر شەڕی دژی تیرۆر،  هەلی دا بە هەرێمی كوردستان لە سیاسەتی ئەمریكا نزیك ببنەوە و ئەمریكییەكان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمدا دروست كرد و ڕاهێنانیان بە هێزی پێشمەرگە دەكرد، ئەمریكا پێشمەرگەی وەكو هاوبەش دژی قاعیدە و داعش تەماشا دەكرد ئەمەیش هەندێك جار دەرئەنجامی زیانبەخشی هەبوو.

سەركردەكانی هەرێمی كوردستان بەهەڵە لێكدانەوەیان بۆ پشتگیرییەكانی ئەمریكا لە شەڕی دژ بە داعش دەكرد، لە ساڵی 2017 كاتێك كوردستان ڕیفراندۆمی كرد ئەمریكا هیچ پشتگیرییەكی نەكرد و هەندێك لە سەركردەكانی كورد توشی نائومێدی بوون، كاتێك بینیان قاسم سولەیمانی كە سەركردەیەكی دیاری ئێرانی بوو، لە موسڵ و كەركوك شەڕی دژی هێزەكانی پێشمەرگە دەكرد، سیاسەتی كوردیش وەكو پشتگیری بۆ ئێران دەردەكەوت. بۆ نمونە، هەر یەك لە لایەنە كوردییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پشتگیری لایەنی فەتحیان كرد بۆ پێكهێنانی حكومەتی پەرلەمانی ساڵی 2018، لە كاتێكدا فەتح هاوپەیمانی ئێران بوو، پێش ئەوە حیزبە كوردییەكان پشتگیری عادل عەبدولمەهدیان كرد بۆ پێكهێنانی حكومەت و پاشان بە فشاری خۆپیشاندەران دەستی لە كار كێشایەوە، كاتێكیش كە لە 5 ی 1 ، ئێران داوای لە پەرلەمان كرد هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكرێنە دەرەوە، حیزبە كوردییەكان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، لە كاتێكدا دەبوو لە پشتی واشنتۆن بمێننەوە و دەنگ بە نەخێر بدەن (بەڵام دەبێت هەستی سەركردەكانی كورد چۆن بێت كە سێ ڕۆژ دواتر بەهۆی كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە ئێران موشەكی دەنا بە هەولێرەوە).

هەنگاوی یەكەم بۆ چارەسەر كردنی گرفتەكان ئەوەیە واشنتۆن موچەی پێشمەرگە بدات كە مانگانە بڕی 17 ملیۆن دۆلارە، ئەوەیش لە پێناوی ئەوەی پێشمەرگە سوربێت لەسەر شەڕی دژی تیرۆر، لە هەمان كاتدا پێویستە سەركردە ئەمریكییەكان دڵنیابن لەوەی پارەكە دەگاتە دەستی پێشمەرگە و سەركردە ئەمریكییەكان فشار دروست بكەن كە پێشمەرگە لە هێزێكی حیزبییەوە بكرێتە سەر هێزی هەرێمی كوردستان.

گرفتی گەورەی كوردستان ناكۆكی و دابەشبوونی پێشمەرگە نییە بەسەر دوو حیزبدا، بەڵكو قەیرانی داراییە، پێویستە لەسەر ئەمریكا ڕێگا بۆ دروستكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغداد دروست بكات بۆ ئەوەی گرفتەكانیان چارەسەر بكەن، و  فشارێكی گەورە لەسەر بەغداد دروست بكات بۆ ئەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێت و فشار لەسەر هەرێم دروستبكات كە بە مەرجەكانی بەغداد ڕازی ببێت.

لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم پێویستە بە شێوەیەكی هەماهەنگ ڕووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببنەوە و پارێزگاری لە سنوری ناوچەكەیان بكەن بۆ ئەوەی لەلایەن توركیا و ئێرانەوە نەبەزێنرێت و هەواڵگرییەكانی هەرێم بنێرنە ناوچە دابڕینراوەكان بۆ ئەوەی ئاگاداری هەموو جوڵانەوەیەكی داعش ببن و پشتگیری تەواوی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق مستەفا كازمی بكەن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هێزە چەكدارە میلیشیاكان، ئەمریكا بەم شێوەیە دەتوانێت پارێزگاری لە هاوبەشی 30 ساڵەی نێوان واشنتۆن و هەرێمی كوردستان بكات، ئەمەیش ڕوونادات ئەگەر سەركردەكانی كورد یەكنەگرن و لە ناو خۆیاندا تەبا نەبن.