زانا ئەمەریكییەكان هۆكاری نەمانی هەستی بۆنكردن لای توشبووانی كۆڕۆنا ئاشكرا دەكەن

تەندروستی

03/08/2020‌ 844 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەدەستدانی هەستی بۆنكردن یەكێكە لە نیشانە باوەكانی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ (كۆڤید-١٩)، كە تا ماوەیەك لەمەوبەر هۆكارەكانی پشتی ئەو نیشانەیە نەزانراو بوون، بەڵام لەمدواییە زانا ئەمەریكییەكان رایانگەیاندووە، توانیوایە ئەو هۆكارەیان ئاشكرابكەن، كە وا لەكەسانی تووشبووی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەكات بەشێوەیەكی كاتی توانای بۆنكردنیان لەدەست بدەن.

زاناكانی كۆلێژی پزیشكی لەزانكۆی هارڤارد، لێكۆڵینەوەیان لەسەر هەموو ئەو خانانە كردووە، كە جەستە لەپێناو هەستی بۆنكردن بەكاریان دەهێنێت، بۆ ئەوەش راددەی كاریگەربوونی ئەو خانانەیان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا پێوانە كردوون.

ئەنجامەكان ئەوەیان دەرخستووە، "هەستە دەمارەكان "، كە هەستی بۆنكردن بۆ مێشك دەگوازنەوە، لەو خانانە نین كە زۆر كاریگەری ڤایرۆسەكەیان دەكەوێتەسەر، بەڵكو ڤایرۆسەكە هێرش دەكاتە سەر ئەو خانانەی ئاماژەكان بۆ "هەستە دەمارەكان" دەگوازنەوە، جگە لە هێرشكردنە سەر بەشێك لە لوولە خوێنەكان و قەدە خانەكان.

بەپێی لێكۆلێنەوەكە، زۆرینەی تووشبووانی كۆڕۆنا تووشی لەدەستدانی بەردەوامی هەستی بۆنكردن نابن، ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە كەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا نزیكەی ٢٧ ئەوەندەی كەسانی ساغ ئەگەری ئەوەیان هەیە هەستی بۆنكردنیان لەدەست بدەن.

لای خۆیەوە، ساندیپ رۆبەرت داتا، توێژەری سەرپەرشتیاری لێكۆڵینەوەكە و مامۆستای بایۆلۆجیای دەماری لە كۆلێژی پزیشكی زانكۆی هارڤارد دەڵێت: لێكۆڵینەوەكە تێبینی كردووە ڤایرۆسەكە لەڕێگای كاریگەری دانان لەسەر خانەكان هیچ گۆرانكارییەك لەهەستی بۆنكردندا دروست ناكات، بەڵكو لەڕێگای كاریگەری لەسەر ئەو ئەركەی وزەی ئەو خانانە پێشكەشی دەكەن ئەو گۆڕانكارییە دروست دەكات.

ساندیپ دەشڵێت: زاناكان لەپێناو یەكلاییكردنەوەی ئەو خانانەی بەر هێرشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەكەون و دەبنە هۆی لەدەستدانی هەستی بۆنكردن، پێویستیان بە داتا و زانیاریی زیاتر هەیە.

تووشبووانی كۆڕۆنا بەئاستی جیاواز جیاواز باس لەنەمانی هەستی بۆنكردنیان دەكەن، بەڵام بەپێی قسەی لێكۆڵەران لەزۆرینەی حاڵەتەكاندا گرفتەكە كاتییە و لەدوای پەڕاندنی نەخۆشییەكە گرفتەكە نامێنێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی