ئەمریکا پاڵپشتی کۆمەڵگەی ئێزدی دەکات بۆ خۆبنیادنانەوە

کوردستان

03/08/2020‌ 345 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

قونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی شەنگالدا  رایدەگەیەنێت کە ئەمریکا پاڵپشتی کۆمەڵگەی ئێزدی دەکات بۆ خۆبنیادنانەوە.

لاپەڕەی فەرمی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە ساڵیادی جینۆسایدی شەنگالدا رایگەیاند: ئەمڕۆ ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییە بێ تاوانەکانە لەلایەن داعشەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پاڵپشتی کۆمەڵگەی ئێزدی دەکات بۆ خۆبنیاتنانەوە لە دوای ھەڵمەتە پلان بۆ داڕێژراوەکەی ساڵی ٢٠١٤.

لە راگەیەنراوەکەى کونسوڵخانەکەدا هاتووە" حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا "یاسای بەھاناوەچوونی قوربانیانی جینۆساید و لێپرسینەوە لەناو عێراق و سوریا"ی دەرکرد لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو ھاوکارییە مرۆیی و سەقامگیری و بوژانەوەیەی بۆ ھاوڵاتیان و دانیشتووانی عێراق و سوریا تەرخانکراوە بەرەو تاکەکانی پێکھاتە و کۆمەڵگە ئیتنیکیەکان ئاڕاستە دەکرێن کە زۆرتر پێویستن, لەناویاندا ئەوانەی کە مەترسی چەوساندنەوە یان تاوانەکانی جەنگیان لەسەرە".

هەروەها جەختیشکراوەتەوە پاراستنی ئەو گروپانەی کە مەترسی توندوتیژی توندڕەوییان لەسەرە یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی مافەکانی مرۆڤ بۆ ئەم حکومەتەی ئەمەریکا.

ئەمڕۆ شەش ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کارەساتى شنگال و داگیرکردنى ئەو شارەو دەوروبەرى لەلایەن چەکدارانى داعشەوە کە بەهۆیەوە نزیکەى ٧ هەزار کچ و ژن و مندال و پیاو کوژران و رێفێنران.

س.هـ