سەرۆک کۆمار کێشەکانى ناوخۆو هەرێم و بەغدا لەگەڵ هاوسەرۆکانى یەکێتى تاوتوێ دەکات

کوردستان

04/08/2020‌ 562 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى سەرۆکایەتى کۆمار ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٠/٨/٤  د. بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق لە شاری سلێمانی پێشوازیکرد لە بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخ و دوا گۆرانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە گفتوگۆکرا.

لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە گرنگی چارەسەردکرنی سەرجەم کێشە و قەیرانەکان بە ھەمەھانگی لە نێوان گشت لایەنە سیاسییەکان لە پێناو تێپەراندنی دۆخەکە و کۆتایی ھێنان بە کێشە و قەیرانەکان، لە بەرژەوەندی پرۆسە سیاسی و ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵکی خۆراگری کوردستان لە ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران.

سەبارەت بە بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان و مووچەی مووچەخۆران، لەسەرووبەندی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دەرھاویشتەکانی لە سەر ژیان و ئابووری، جەختکرایەوە لەپێویستی چارەسەردکرنی پرسی دابینکردنی بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان و مووچەی مووچەخۆران، بەتایبەتی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، کۆتایی ھێنان بەو پرسە زوو بە زوو لە سەر بنەمای دەستور و یاسا و پاراستنی بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بێ جیاوازی. 

تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تەرخانکرابوو بۆ باسکردن لە گرفتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کە بەم دواییە سەری ھەڵداوە و دووپاتکرایەوە لە گرنگی ئەنجامدانی گفتوگۆی جددی و گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستا و ئەنجامدانی چاکسازییە پێویستەکان لە گشت بوارەکاندا بەئاڕاستەی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.

لەماوەى 

دوو هەفتەى رابردوودا بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار چاوى بە زۆربەى سەرۆک و بەرپرسانى لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان کردوەو تیایدا جەختى لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکانى ناوخۆی هەرێم و یەکڕیزى لایەنەکان کردوەتەوە، هاوکات جەختیشى لەسەر پێویستى هەرچى زوو چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێم و بەغدا کردوەتەوە.

س.هـ