80 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەولێر باری تەندروستییان ناجێگیرە

کوردستان

06/08/2020‌ 681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژانە لە تاقیگەی ناوەندیی، 200 تاو 300 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماردەكرێت، ئێستاش 80 نەخۆش لەهەولێر باری تەندروستییان ناجێگیرە و 100 نەخۆشی دیكەش ئۆكسجینیان بۆ دانراوە.

شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)  بەوتەی بەرپرسانی تەندروستیی هەولێر گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و ئێستا رۆژانە سەدان حاڵەتی نوێ تۆماردەكرێت و بەشێكیشیان باری تەندروستییان ناجێگیرە و مەترسی مردنیان لێ دەكرێت.

لەو بارەوە بژار موسا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەولێر، بە ئاژانسی ئانادۆڵی رایگەیاند، بەگشتی لە هەولێر هەزار و 900 نەخۆشی كۆرۆنا ماون لەو ژمارەیە نزیكەی 600 نەخۆشیان لە نەخۆشخانەكانن و 100 نەخۆش لەژێر بەكارهێنانی ئۆكسجیندان، 80 نەخۆشیش باری تەندروستییان ناجێگیرە و ئامێری هەناسەدانی دەستكردییان بۆ دانراوە.

بژار موسا راشیگەیاند، ئەوانەی لەژێر بەكارهێنانی ئۆكسجینیشدان لە هەموو ئەگەرێكدا رەنگە باری تەندروستییان تێكبچێت و پێویستییان بە بەكارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستكردبێت.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر ئەوەشی راگەیاند، ئێمە نازانین لەناو شاردا چەند كەس تووش دەبێت، بەڵام ئەوەی لە تاقیگەی ناوەندی پشكنینی بۆ دەكەین و دەردەكەوێت، كە تووشبووە، رۆژانە لەنێوان 200 تا 300 حاڵەتی نوێ تۆماردەكەین.

بژار موسا دڵنیایی ئەوەیشیدا، كە لە رووی پێداویستی و دابینكردنی كەرەستەی پێویست بۆ نەخۆش لە هەولێر هیچ كەموكوڕییەك نییە و هەموو شتێكیان لەبەردەستدایە.

بەپێی لێدوانەكانی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی لە هەموو هەرێمی كوردستان تەنیا 200 ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەیە و ئەگەر ژمارەی تووشبووان زیاتر بەرەو بەرزبوونەوە بچێت گرفتی نەمانی ئامێرەكە دروست دەبێت.

هـ ـ ح