ئـاسـتـەنـگـەكـانـی بـەردەم هـەڵـبـژاردنـی پـێشوەختە لەعێراق

ڕاپۆرت

09/08/2020‌ 1046 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێشدەستییە تایبەتەكانی گرتنەبەری ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەعێراق بۆ قۆناغی ئێستای ڕاگوزەری، سەرەتای لەدایك بوونێكی سیاسی تازەیە. 

بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار پشتیوانی لەو وادەیە كرد (یۆنیۆی ئایندە)، كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دیاری كردووەو محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانیش پێشنیاری كرد پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و لە ماوەی دوو مانگیشدا هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت، لێرەوە فراكسیۆنە سیاسییەكان كەوتنەخۆ و دیدگا جیاوازەكانی خۆیان بۆ ئەم پرسە خستەڕوو.

ئەو مشتومڕە لایەنێكی دیكەشی گرتووەتەوە، كە تایبەتە بەو ڕێوشوێنانەی پێویستە یەكەمجار بگیرێنەبەر، لەوانەش: پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردن، پرسەكانی پەیوەست بە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەسەر ئاستی لۆجستی و پەیكەربەندی، كە یەكیكە لە ئاستەنگەكانی بەردەم هەڵبژاردن، هەروەها یەكلاییكردنەوەی دەمەتەقێی تایبەت بە پەسەندكردن هەمواركردنەوەی یاسای دادگای فیدڕاڵی.

ڕەهەندەكانی دەمەتەقێكان
دەكرێت ڕەهەندی ئەو مشتومڕانە سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانی عێراق لەم خاڵانەی خوارەوەدا كورت بكەینەوە:
یەكەم/ ناكۆكی سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنەكان:
 سەرەتای ئەم پرسە لەوەوە دەستیپێكرد كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان پێشنیاری كرد دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدرێت، بەرهەم ساڵح ئەو پێشنیارەی پەسەند كرد و وتی ئەگەر ئەو دەنگدانە بەرێوەچوو دەبێت لە ماوەی دوو مانگی دوای دەنگدان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێن، بەڵام مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دوای ڕاوێژكردن لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند كە دەبێت ئەم كارە دوای 11 مانگی دیكە ئەنجام بدرێت و لە 6 ی یۆنیۆی 2021 بەڕێوە بچێت، بەمەش دوو ئاراستە سەریان هەڵدا یەكیان (2 مانگ) و ئەوی دیكە (11 مانگ).

وا پێدەچێت سەرۆك كۆمار تۆپەكەی هەڵدابێتە گۆڕەپانی سەرۆك وەزیرانەوە، چونكە هەڵبژاردنەكان ڕێوشوێنی پێویستی تایبەتیان گەرەكە، بەڵام بە گوێرەی بۆچوونی چاودێران، بڕیاری پەرلەمان پرسەكە یەكلایی دەكاتەوە، ئەو بڕیارەش هەر تایبەت نییە بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بەڵكو پەیوەستیشە بە پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان و ڕەوانەكردنیەتی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ڕاستاندنی، سەرۆكی پەرلەمان بەڵێنی داوە لە چەند ڕۆژی ئایندە ئەو كارە ئەنجام بدات و بەمەش پرسەكە دەكەوێتە بەردەست فراكسیۆنە سیاسییەكان. 

دووەم/ یاساكارییە هەڵپەسێردراەكان:
هەر چەندە لە دیسەمبەری ڕابردووەوە، پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنەكانی تەواو كردووە، بەڵام بە پاساوی تەواو نەبوونی بازنەكانی هەڵبژاردن و ناوەكانیان، یاساكە ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار نەكراوە، ئەم پرسەش خاڵێكی سەرەكی و تەوەرییە لە یاساكەدا.

وادیارە ئەم هەنگاوەی سەرەوە لە پاشەكشەدایە، بەو پاساوەی كاتی خۆی لە سایەی فشار و پاڵەپەستۆی خۆپێشاندانەكاندا هاتۆتە ئاراوە كە سەری حكومەتەكەی پێشووی خوارد، ئەمە جگە لەوەی پەسەندكراوی تەواوی هەردوو فراكسیۆنە كوردی و سونییەكان نەبوو. ئاراستەیەكیش هەیە پێی وایە هێزە نەیارەكانی كازمی بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە بۆ كوردەكانی دادەشكێنن، بەمەش لەسەر یاساكە دەسازێن و بۆ ڕاستاندنیشی ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری دەكەن. بەڵام ئەم هەنگاوە لوتی بە لوتی فراكسیۆنەكانی پشتیوانانی كازمیدا دەتەقێتەوە، بە تایبەتیش عێراقییە و سائیرون.

سێیەم/ گرێكوێرەی كۆمیسیۆن:
ئەمەش پەیوەستە بە چوارچێوەی پەیكەربەندی تایبەتی 9 نووسینگە كارگێڕییەكانی كۆمیسیۆنەوە كە دەبێت بە پێی یاسا ڕێكبخرێن، ئم پرسە جێگەی دەمەتەقێ و مشتومڕی نێوان هێزە سیاسییەكانیشە، هەیە مشتومڕ لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنەكە دەكات بۆ ئەوانەی پڕۆسەكە بەڕێوە دەبەن، هەشن مشتومڕ لەسەر میكانیزمی هەڵاوێركردن و ئەنجامەكانی دەكەن، لایەنی سێیەمیش مشتومڕ لەسەر وادەی پێویستی كۆتاییهاتنی ئامادەكارییەكان دەكات، كە هەندێك پێیان وایە هەوڵدانێكە بۆ خۆدزینەوە خاوخلیچی و خەمساری سەبارەت بە بەركەوتەكانی هەڵبژاردنەكان، هەموو ئەم هەڵوێستانەش لە لایەن كۆمیسیۆنەوە ڕەتكراونەوە، چونكە پێیان وایە ڕێسایەكی یاسایی پەیڕەوكراو بۆ سەرجەم ڕێوشوێنەكان هەیە كە دەبێت دوور لە بەشبەشێنە و بە سیاسیكردنی پرسەكە بەرێوەبچن، بەمەش بەربەستی خستۆتە بەردەم ئەو پاساوانەی دەڵێن پەرلەمان مافی دانانی ئەو ئەندامانەی هەیە. 

چوارەم/ دۆسییە لۆجستییەكان:
ئەو لایەنە پەیوەستە بە چوراچێوە ڕێوشوێنەكییەكانەوە (ئیجرائی)، لە لایەكی دیكەشەوە پەیوەستە بە ڕەهەندە سیاسییەكانی تایبەت بە هەڵویستی هێزە سیاسییەكان. یەكێك لە دۆسییە دیارەكان پەیوەستە بە دۆخی دادگای فیدڕاڵییەوە كە پەیوەستە بە ناكۆكی نێوان دادگای فیدڕاڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری سەبارەت بە ئان و ساتی گرێدانی كۆبوونەوەكان و دەركردنی بڕیارەكان، ئەمەش پێویستی بە بڕیارێكی پەرلەمانییە بۆ یەكلاییكردنەوەیان. هەندێك هێزی سیاسیش هەڕەشەی ئەوە دەكەن ئەگەر ئەو دۆسییە یەكلایی نەكرێتەوە تانە لە شەرعیەتبوونی هەڵبژاردنەكان دەدەن. 

هەروەها یەكلاییكردنەوەی دۆسییەی دابینكردنی بودجە و ئاسانكارییە پێویستەكان بۆ ڕاییكردنی كارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، كە پەیوەستە بە هەڵوێستی هێزە سیاسییەكان بەرامبەر كۆمیسیۆن سەبارت بە گرێكوێرەی نووسینەگەكانی كارگێڕی كۆمیسیۆنەكە.

هەندێك لە فراكسیۆنییەكان كەم و زۆر چەند گرێكوێرەیەكی دیكەیان ورژاندووە وەك گرفتی سەرژمێری دانیشتوان، چاودێرانیش پێیان وایە ئەو پاساوە لە بنەواشەدا ئامانجی ئاستەنگ دروستكردنە لە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان و پێشتریش بە زیادكردنی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان چارەسەر كراوە.

ئاراستە شیمانەكراوەكان (محتمل)
پەرتووبوونی هەڵوێستی هێزە سیاسییەكان، ڕەنگدانەوەی سەختی و دژواری بەلاداخستنی دەمەتەقێ و مشتومڕی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانە لە نێوان سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندا، چاوەڕوان دەكرێت یەكێك لە دەرهاویشتەكانی ئەو جیاوازی دیدگایە، هەڵكشانی هەڵوێستە سیاسییەكانی نێوان لایەنەكان بێت، چونكە هەر لایەك دەستی بە هەڵوێستێكەوە گرتووە و داكۆكی لێدەكات. سەرۆك وەزیران لە سۆنگەی سرووشتی دامەزراوەیی هەڵبژاردنەكانەوە بۆ پرسەكە دەڕوانێت، سەرۆكی پەرلەمانیش لە ڕوانگەی پەرۆشی بۆ زوو بە زوو تێپەڕاندنی قۆناغی ئێستای ڕاگوزەری بۆ پرسەكە دەڕوانێت، چونكە پێی وایە پێویستیمان بە حكومەتێك هەیە كە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو تەنگژانەی لە بواری خزمەتگوزاری و ئابووریدا عێراق بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.

لەمەوە سێ ئاراستەی شیمانەكراو دێنەئاراوە: 
یەكەم/ دەبێت سێ سەرۆكایەتییەكە بە هەڵوێستەكانیاندا بچنەوە، لەوەی سەرەتا لەسەر وادەیەكی دیاریكراو ڕێكبكەون، لەوانەیە ئەمەش وادەیەكی تازەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لێ بكەوێتەوە.

دووەم/ پەیوەستە بە هاوسەنگ هێز و ڕاوێژكارییە پەرلەمانییەكان، هەر چەندە وەك پێویست ڕوون و ئاشكرا نییە و بە زۆری ڕەنگدانەوەی پەرتبوونە پەرلەمانییەكانە، بەڵام بە ڕێژەیی تای تەرازوەكە بەلای سەرۆكی پەرلەماندا دەخات. ئەو پرسەش لەگەڵ كۆتاییهاتنی دۆسییە یاساكارییەكان و بەلاداخستنی ڕێوشوێنە هەڵپەسێردراوەكان باشتر لە جاران ڕوون دەبێتەوە.

سێیەم/ هەڵكشانی تەنگژە سیاسییەكە لەوەی هیچكام لەو لایەنانە نەتوانن دۆخەكە بەلایەكدا بخەن، ئەمەش ناسەقامگیری ئەمنی و پشێوی و نائارمی بەدوای خۆیدا دێنێت، بە تایبەتیش كە لایەنی بەرهەڵستكاری سەرۆك وەزیران لە ئێستادا ئامانجی ئەوەیە كازمی لە پۆستەكەی لابدات، ئەو ڕەوتە ئامانجییەتی دەستكەوتە سیاسییەكانی بپارێزێت، مانەوەی كازمیش لە پۆستەكەیدا بە هەل و دەرفەتێك نازانێت خۆی.

پوختەی قسە ئەوەیە: دەكرێت بڵێین كە دوای 2 مانگ لە گرنگیدان بەكاروبارە ئەمنییەكان و دەرەكییەكان، دۆسییەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراقدا بۆتە كاری لەپێشینەی قۆناغی ئێستا. ئەم پرسە لە مەودایەكی مامناوەند، گرنگ و بایەخدارە بۆ ئایندەی سیاسی عێراق، لەو پرسەدا دوو لایەن و بەرە لە كیبڕكێدان، یەكەمیان گەرەكییەتی ڕێساكانی گەمەی فەرمانڕەوایی لە ساتەوەختی گلانی سەدامەوە تا ئێستا هەڵوەشێنێتەوە و بیگۆڕێت، دووەمیشیان گەرەكیەتی هەمان ڕێساكانی ئەو قۆناغە بەرهەم بێنێتەوە. 

سەرچاوە:  پێگەی ئەلەكترۆنی موستەقبەل
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر