حكومەتی هەرێم بەرێكخستنەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكان دەتوانێت موچەی فەرمانبەران بدات

کوردستان

11/08/2020‌ 1195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كاروان حەمەساڵح پسپۆری ئابووری لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی پەیام سەبارەت بەگەندەڵی لە كەرتی نەوت لەهەرێمی كوردستان و ناشەفافی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان وتی: ئەگەر چاكسازی لە دەروازە سنورییەكاندا بكرێت و شەفافانە بەڕوێوە ببرێن، بە بێ ملدان و داشكاندنیش بۆ بەغدا و بێ پارەی نەوت و داهاتی ناخۆ، هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە بێ لێبرێن و لە كاتی خۆیدا پارەی موچەخۆرەكانی دابین بكات.

كاروان حەمەساڵح وتیشی: ئەگەر بەغدا 320 ملیار دیناری مانگانەش بنیرێت بۆ هەرێمی كوردستان، كە دەوترێت بە هەوڵی چەند كەسێك لە بەغدا حكومەتی عێراق ڕازی بووە ئەو بڕە پارە بنیرێت، ئەگەر پارەی داهاتی نەوت و ناوخۆشی بچێتەسەر، كە لە ئێستادا ناشەفافن، هێشتا هەرێمی كوردستان ناتوانێت مانگانە بە بێلێبڕین و لە وادەی خۆیدا موچە دابەش بكات.

كاروان باسی ئەوەشی كرد، كە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019  بڕی 400 ملیار دیناری مانگانەی لە بەغدا وەردەگرت، داهاتی نەوت و ناخۆشی نەدەدا بە بەغدا، لەكاتێكدا داهاتی ناوخۆ و نەوتی هەرێم مانگانە 950 ملیۆن دۆلار بوو، هەرێمیش بۆ خەرجكردنی موچە پێویستی بە 750 ملیۆن دۆلارە، بەڵام هێشتا نەیانتوانی لە 12 مانگی ساڵی 2019 دا موچە لە ئان و ساتی خۆیدا دابەش بكات.

ئەو پسپۆرە پێشی وایە هۆكاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ویست و خواستی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ ویست و خواستی حكومەت یەكناگرنەوە، هاووڵاتی لە دۆڵێكە و حكومەتیش لە دۆڵێكی دیكە، بۆیە هاوڵاتی وای لێهاتووە هیچ بەلایەوە گرنگ نییە نرخی نەوتی هەرێم بەرز بێت یان نزم یان ببێتە سفر، بەلاشیانەوە گرنگ نییە حكومەت پارەی كەم یان زۆری بێتەدەست، چونكە باش ئەوە دەزانن، كە هیچی بۆ ئەوان نییە.

دكتۆر كاروان بۆ سەلماندی قسەكانی باسی لە لێدوانەكەی پێشووی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان كرد، كە وتبووی ئەگەر بەم جۆرەی ئێستا ئیدارەی نەوت بدرێت، نرخی بەرمێلێك نەوتی هەرێم ببێتە سەد دۆلاریش، هێشتا هیچ لە دۆخی هەرێم ناگۆڕێت.

كاروان ئەم لێدوانەی ئاشتی هەورامی بە پێنوێن دەزانێت بۆ بوونی گەندەڵییەكی بەرفراوان لە شێوازی ئیدارەدانی كەرتی نەوتی هەرێمدا.

ئەو پێشی وایە نە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن خاوەن ئامانج و دیدگایەكی هاوبەشن، نە ئەوانەی لە دەسەڵاتیشدان ئەو ئامانج و دیدگا هاوبەشەیان هەیە، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش بە هەمان شێوە خاوەن ئامانج و دیدگای هاوبەش نین، بۆیە ناتوانین بڵێین لە هەرێمی كوردستان خاوەن ئامانجێكی هاوبەشی نیشتمانین، چونكە هەموو كارتەكانی دەستی خۆمانمان سوتاندووە.

ئامادەكردن: لوقمان حاجی قادر