پسپۆڕێكی تەندروستی پێشبینی دەكات نزیكەی %80ی خەڵكی عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ببێت

تەندروستی

13/08/2020‌ 439 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دكتۆر هەیسەم عوبەیدی پسپۆڕ لەبواری تەندروستی گشتیی پێیوایە نزیكەی لەسەدا ٨٠ی خەڵكی عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەبن، باسی لەوەش كردووە لەسەدا ٢٥ی خەڵكی عێراق لەتووشبوون بە ڤایرۆسەكە پاریزراو دەبن ئەگەر بێت و شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی كۆڕۆنا سەرهەڵبداتەوە، بەهۆی ئەوەی پێشتر تووشی ڤایرۆسەكە بوون و بەرگریان پەیدا كردووە .

عوبەیدی لەلێدوانێكدا وتی: دوای ماوەیەكی زۆر لە كەرەنتینەكردنی كۆمەڵگا، عێراقییەكان و هەموو گەلانی جیهان گەیشوونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت خۆیان لەگەڵ ڤایرۆسی كۆڕۆنا بگونجێنن، لەبەر ئەوەی ناكرێت ژیان لەوە زیاتر بوەستێت.

هەروەك پێشبینیشی كردووە بەگوێرەی چەمكی بەرگری بەكۆمەڵ، لەسەدا ٧٠ بۆ ٨٠ ی كۆمەڵگای عێراقی تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ببن، جەختیشیكردووەتەوە تا پێبەپێ زۆرینەی كۆمەڵگەی عێراقی تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا نەبێت  ناتوانرێت كۆنترۆڵی نەخۆشییەكە بكرێت.

سەبارەت بە داواكاری لابردنی یەكجارەكی قەدەغەی هاتووچۆ و كەرەنتینەكردنی كۆمەڵگا، عوبەیدی دەڵێت: خۆگونجاندن لەگەڵ ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەبێت هاوكات بێت لەگەڵ ڕێكاری توندی پابەندكردنی هاوڵاتیان بەمەرجەكانی خۆپارێزیی و سەپاندنی پێبژاردنی دارایی بەو كەسانەی پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی نابن، تا تووشبوونی ژمارەیەیەكی زۆری هاووڵاتیان لەیەككاتدا دووربخرێتەوە.

باسی لەوەش كردووە، كە ڕوون نییە ئاخۆ شەپۆلی دووەمی كۆڕۆنا سەرهەڵدەداتەوە یان نا، ئەگەر بێت و رووبدات ئەوە لەسەدا ٢٥ ی خەڵك تووش نابن، لەبەر ئەوەی پێشتر بەهۆی تووشبوونیانەوە بەرگریان بەرانبەری پەیدا كردووە، تەنانەت ئەگەر تووشیش ببنەوە ئەوە نیشانەكانیان لەوەی ئێستا جیاواز دەبن .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی