گورزەكەی ڕێكەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بەر توركیا دەكەوێت

لە میدیاکانەوە

19/08/2020‌ 2624 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "گریك سیتی تایمز"ی یۆنانی پێیوایە پەیماننامەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل گورزێكی گەورەیە بەر فراوانخوازییە هەرێمییەكانی توركیا و شۆكێكیشە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئەو وڵاتە .

رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ڕێكەوتنەكە مێزەكەی لەڕێگای یەكێك لەمانۆنۆڕە جیۆسیاسییە هەرە سەرسووڕهێنەرەكانی بەشێوەیەك هەڵگێراوەتەوە، كە هیچ كەسێك پێشبینی نەدەكرد، بەوەش كارتەكانی توركیای وەك یەكێك لەو وڵاتانەی، كە بازرگانی بەپرسی فەلەستینەوە دەكرد تیكەڵ و پێكەڵ كردووە.

لەبەشێكی راپۆرتەكەی رۆژنامە یۆنانییەكەدا باس لەو گۆڕانكاریانە كراوە، كە ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت وەك ئەوەی چیتر وڵاتانی كەنداو ئیسرائیل بەلای ئەوانەوە كاری لەپێشینەو دوژمنی سەرەكی نییە، بەوپێیەی تەلئەبیب  تەركیزی جیۆسیاسییەكەی زیاتر لەسەر رووبەرووبوونەوەی فراوانخوازییەكانی ئێران لەناوچەكە  و پشتیوانیكردنی ڕژێمی توركیا لەئیخوان موسلیمین وەستاوە .

چاودێران پێیان وایە ئەو ڕێكەوتنە دەبێتە هۆی ئەوەی دیمەنی جیۆسیاسی لەناوچەكەدا بەخێرایی بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرێن دوو دوژمنی هاوبەشیان هەیە، كە ئەوانیش توركیا و ئێرانن، بەڵام پێشتر نەیاندەتوانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئامانجەكانیان و بەدیهێنانی خواستە هەرێمییەكانیان بەئاشكرا لەنێوان خۆیاندا هەماهەنگی بكەن.

رۆژنامە یۆنانییەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرووە، بەدیهاتنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات تۆخكردنەوەی یەكێتی و یەكگرتوویی كوتلەی نەیاری توركیایە، كە رەنگە ئەمە فەڕەنساش بخاتە ناو ناوەندی كوتلەكەوە و لەو ڕێگایەوە دەست بە هەماهەنگییەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چاوچنۆكییەكانی توركیا لەناوچەكە بكەن.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی 

بەپەلە