هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان هەژموونی شیعەكانی عێراق كەمدەكاتەوە

عیراق

09/09/2020‌ 1814 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جەنگی شێوازی هەڵبژاردن لە عێراق بەردەوامەو بڕیارە بەم نزیکانە پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردن هەموار بکاتەوە، چاوەڕێش دەكرێت لە یاسا هەمواركراوەكەدا بنەما تازەكانی جێگیر بكرێن بەو جۆرەی شەقامی خۆپێشاندەر داوای دەکات، ئامانجەکەش بۆ ڕێگریكردنە لە پارتە شیعەكانی نزیك لە ئێران تا نەتوانن دووبارە هەژموونی خۆیان بسەپێنن.

لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا، شێوازی نوێنەرایەتیكردنی ڕێژەیی پەیڕەوكراوە و پارێزگاش یەك بازنەی هەڵبژاردن بووە، ئەمەش بە پێی سیستەمی لیستە كراوە و داخراوەكان، بەمەش ئەو پاڵێوراوانەی دەنگیشیان كەم بووە، دەرفەتی بردنەوەی كورسی پەرلەمانییان هەبوو، چونكە لیستەكانیان دەنگی زۆریان بەدەستهێنا بوو.

بۆیە كاتێك لە ساڵی 2019 دا خۆپێشاندانە جەماورەیییەكان سەریانهەڵدا و چەند مانگێكیش بەردەوام بوو، هەمواركردنەوەی سیستەمی بازنەكانی هەڵبژاردن لە دیارترین داواكارییەكانیان بوو، دوای چەند مانگێكی كەمیش پەرلەمانی عێراق ئەم داوا جەماوەرییەی پەسەند كرد.

داڕشتەی فرە بازنەیی بە گوێرەی كورسییەكان، پارێزگا دەكات بە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردنەوە، ئەو پاڵێوراوەش دەیباتەوە كە زۆرترین دەنگ بەدەست دێنێت.

چەند مانگێكە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، لە پێناو كۆكردنەوەی پاڵپشتی بۆ سیستەمی فرەبازنەیی لە پارێزگاكاندا، لە چەند لایەكەوە لە جموجۆڵدایە، تاوەكو پشتیوانی بۆ ئەو شێوازە تازەیە كۆبكاتەوە، بەڵام لە لایەن پارتە گەورە شیعەكانەوە، ڕووبەڕووی بەرەنگارییەكی سەخت بۆتەوە كە نوری مالكی سەرۆكی هاوبەندی دەوڵەتی یاسا سەرقافڵەی ئەو كۆشش و هەوڵانەیە، مالكی دەیەوێت پاریزگای بەسڕە یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت.

حەلبوسی جموجۆلەكانی لەناو سونەكانەوە دەستپێكرد و پشتیوانی زۆرینەی سەركردەكانی بەدەستهێناوە، چونكە سونەكان پێیان وایە پەیڕەوكردنی سیستەمی فرەبازنەیی لە یەك پاریزگادا، نزیكەی 20 كورسی پەرلەمانییان بۆ زیاد دەكات كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا، هێزە شیعە و كوردییەكان بۆ خۆیان مسۆگەرییان كردن، هۆكارەكەش ئاوارەبوونی دانیشتوانی ناوچە سونییەكان بوو بە هۆی هاتنی داعشەوە كە دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرت.

تا ساڵی 2010  كورسی پەرلەمانی هێزە سونەكان لە دەوروبەری 90 كورسیدا بوو، بە هۆی دۆخی دیموگرافی و ئەمنییەوە، لە 2014  و 2018 نزیكەی 20 كورسی كەمكرد.

دوای مسۆگەركردنی پشتیوانی سونەكان، حەلبوسی بۆ پەیداكردنی هاوبەش و هاوپەیمان، ڕوویكردە هێزە شیعییەكان، توانی عەمار حەكیم بەلای خۆیدا ڕابكێشێت و بیكاتە هاوبەشی خۆی كە لە ئێستادا هاوپەیمانییەكەی (عێراقییە)  24 كورسی پەرلەمانی هەیە.

كوردەكانیش دژی هەر داڕشتەیەكی هەڵبژاردنن كە پارێزگاكان بكاتە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن، بەڵام ئاماژەكانی ئەم دوایەی هەولێر پێچەوانەی جارانی دیكە بوون.

حەلبوسی بە پەلە سەردانی مەسعود بارزانی كرد، دەگوترێت كە باسی سیستەمی فرەبازنەیی لەگەڵ كردووە و مەسعود بارزانیش ناڕەزاییەكی ئەوتۆی نیشان نەداوە.

چەند سەرچاوەیەكی سیاسی لە بەغداوە دەڵێن لە ئەگەری پراكتیزەكردنی فرە بازنەییدا هەولێر زیانی زۆری بەرناكەوێت، بەمەش دەكرێت هەولێر ببێتە هاوپەیمانێكی بەهێزی حەلبوسی.

لەم پرسەدا سەركردە گەنجەكەی سونەكان (حەلبوسی)، ترسی لە موقتەدا سەدری سەركردەی ڕەووتی سەدر هەیە كە هێزە شیعییەكان بە مەترسییەكی گەورەی دەزانن بۆ سەر هەژموونی خۆیان.

چاودێران پێیان وایە بە پراكتیزەكردنی سیستەمی فرەبازنەیی هەڵبژاردنەكان، سەدر براوەی یەكەمی ناوچە شیعییەكان دەبێت، چونكە جەماوەری لە هەموو پارێزگاكاندا هەیە و زاڵە بەسەر چەندەها قەزا و ناحیەدا.

سیاسییە عێراقییەكان دەڵێن لە ئەگەری پیادەكردنی سیستەمی فرەبازنەیی لە پاریزگاكاندا، گەورەترین ترسی مالكی لە موقتەدا سەدرە، لەوەی سەدر سەركەوتنێكی گەورە لە ناوچە شیعییەكاندا تۆمار بكات، هەر ئەمەش نهێنی چنگەكڕێی هاوبەندی دەوڵەتی یاسایە كە دەیەوێت سیستەمی یەكبازنەیی لە پارێزگاندا پەیڕەوو بكرێت.

مالكی پێ وایە لە پیادەكردنی سیستەمی یەك بازنەیی لە بەغدا، دەرفەتی بردنەوەی كورسییەكانی باشتر دەبێت، چونكە جەماوەرەكەی لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی بەغدا پەرش و بڵاو بووە. بۆیە ئەگەر سیستەمەكە یەك بازنەیی نەبێت لە بەغدا، دەنگی دەنگدەرانی پەرت و بڵاو دەبێت.

چاودێران دەڵێن بە هۆی ئاڵۆزی چارەسەری ئەم پرسەوە، لەوانەیە هێزە سیاسییەكان لە دەرەوەی سندوقەكانی دەنگدان بە دوای چارەسەرێكدا بگەڕێن، واتا بە هۆی هەڵكشانی ناكۆكییەكانەوە، لەوانەیە هێزە سیاسییەكان ناچاربن بژاردەی جۆراوجۆر پەسەند بكەن.

لە سایەی باوەڕبوونی هێزە سیاسییەكان بەوەی دەبێت پارێزگاری لە پڕۆسە دیموكراسییەكەی عێراق بكرێت، چاودێران پێشبینی ئەوە دەكەن لایەنە ناكۆكەكان بگەنە سازانێك كە فرەبازنەیی لە ناو یەك پارێزگادا مسۆگەر بكات.

سەرچاوە سیاسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە گفتوگۆكان بەو ئاراستەیەن لە ناو پارێزگایەكدا چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن هەبێت: بۆ نموونە ئەو پارێزگایەی 15 كورسی پەرلەمانی هەیە، بكرێتە سێ بازنەی هەڵبژاردن و هەر بازنەیەك 5 كورسی پەرلەمانی بێت.

لەم بوارەدا پێشنیارەكان جۆراوجۆرن؛ چاودیرانیش دەڵێن هەر پارتە و ئەو پێشنیارانە دەخاتەڕوو كە لەگەوڵ بەرژەوەندی خۆیدا گونجاون، ئەمەش وا دەكات لیستی بژاردەكان زۆربن.

لە هەموو پێشنیارەكان لەپێشتر ئەوەیە كە بۆ هەر 4 بۆ 5 كورسی پەرلەمانی بازنەیەكی هەڵبژاردن هەبێت. ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقیش 329 كورسییە.

لەوانەیە ئەو بژاردەیە زیانی پارتە گەرەكان كەم بكاتەوە كە ئەگەر هەیە تووشیان بێت، هەروەها ڕێگەش بەوە نادات ئەو پارتانە باڵادەستبن كە داوای فرەبازنەیی دەكەن.

ئەگەر پەرلەمان بیەوێت لە وادەی خۆیدا كە حكومەت پێشنیاری كردووە، هەڵبژاردنی ئایندە ئەنجام بدرێت كە 1 ی یۆلیۆی ساڵی ئایندەیە، ئەوا دەبێت ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوە.

سه‌رچاوە: پێگه‌ی ئه‌له‌كترۆنی عەرەب
وه‌رگێران: لوقمان حاجى قادر