دەرمانێکی یابانی ماوەی چاکبونەوەی توشبوانی کۆرۆنا کەمدەکاتەوە

تەندروستی

24/09/2020‌ 556 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گروپی فوجی فیلمی یابانی رایگەیاندووە کە دەرمانی "ئاڤیگان" کە لەبنەرەتدا بۆ چارەسەرکردنی شێوە توندەکانی تووشبوون بەئەنفلۆنزا دانراوەو لەلایەن کۆمپانیاکەی ئەوانەوە پەرەی پێدراوە، کاریگەری بەرچاوی هەبووە لەکەمکردنەوەی ماوەی چاکبوونەوەی تووشبووانی کۆرۆنا.

فوجی فیلم ڕوونیکردۆتەوە کە لەو ١٥٦ کەسەی لەیابان بەشداریان لەقۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا کردووە، تێکرای ماوەی چاکبوونەوەی ئەوانەی دەرمانی ئاڤیگانیان پێدراوە ١١،٩  رۆژ بووە، لەکاتێکدا ئەوانەی دەرمانی وەهمیان پێدراوە ماوەی چاکبوونەوە ١٤،٧ رۆژ بووە .

کۆمپانیا یابانییەکە باسی لەوەشکردووە، ئەو تاقیکردنەوانەی لەمانگی ئازارەوە دەستیان پێکردووەو لەئێستادا کۆتاییانهاتووە ده‌ریخستوه‌، هیچ مەترسییەکى لەسەر تەندروستیی ئەوکەسانە دروستنەکردووە کە دەرمانەکەیان پێدراوە، لەسەر ئەوە بنەمایە کۆمپانیاکە هەوڵدەدات مۆڵەتی بازرگانی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان وەربگرێت تاوەکو لەمانگی ئۆکتۆبەرەوە تووشبووانی کۆڕۆنا بەو دەرمانە چارەسەر بکرێن.

دەرمانی ئاڤیگان لەساڵی ٢٠١٤وە لەیابان مۆڵەتی پێدراوە، بەڵام تەنها بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە توندەکانی تووشبوون بەڤایرۆسی ئەنفلۆنزا بەکارهێنراوە کە دەرمانە کلاسیکییەکانی تر کاریگەریان نەبووە لەبەرەنگاربوونەوەی، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێنمایی دەدرێت خانمانی دووگیان دەرمانەکە نەخۆن، لەبەرئەوەی بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر ئاژەڵ کراون دەرکەوتووە کاریگەری دەکاتە سەر گەشەی کۆرپەلە.

وەگێڕان : ئاکۆ ئاڵی