شارپرێس :
لەهەنگاوێکی دەگمەن و پێشبینینەکراودا ، کیم جۆنگ ئۆنی ڕێبەری کۆریای باکوور بەفەرمی پۆزش بۆ کۆریای باشووردەهێنێتەوە ، ئەویش دوای ئەوەی سەربازانی وڵاتەکەی هاوڵاتییەکەی کۆریای باشووریان کوشت و جەستەشیان ئاگرتێبەردا ، ئەمەش تووڕەیی و بێزاری دراوسێ باشوورییەکەی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی یونهاپی کۆریای باشوور ، ئەو پەیامەی ڕێبەری کۆریا بەناوی پارتی دەسەڵاتدارەوە بۆ مون جیە ئینی سەرۆکی کۆریای باشووری ناردووە ، تێیدا خەمباری خۆی دەربڕیوە بە ڕووداوی کوشتنی هاوڵاتییەکەی کۆریای باسوور کە بەرپرس بووە لە کەرتی ڕاوی دەریایی کۆریای باشوور ، ڕووداوەکەشی بە ناشایستە و پێشبینینەکراو وەسفکردووە.
بەپێی ئاژانسەکەی کۆریای باشوور ، کیم جۆنگ ئۆنی ڕێبەری کۆریا هەستی بە نیگەرانی کردووە لەوەی رووداوەکە بۆتە هۆی نائومێدبوونی سەرۆک مون جیە ئین و ئەوانەی کیم بە برا باشوورییەکان وەسفی کردوون.
هەروەک بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی AFP ، بەدەگمەن ڕوودەدات ڕێبەری کۆریا بەشێوەی کەسیی داوای لێبووردن بکات ، ناردنی ئەو پەیامەش لەدۆخێکدایە کە بەهۆی راوەستانی دانوستانە ناوەکییەکانی نێوان پیۆنگ یانگ و واشنتۆنەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو کۆریا ڕووی لە ساردی کردووە .
ڕووداوەکە لە سنووری دەریایی ناکۆکی لەسەری نێوان هەردوو کۆریا روویداوە، کە دوای دەیەیەک ئەوە یەکەمجارە هێزەکانی کۆریای باکوور هاوڵاتییەکی کۆریای باشوور دەکوژن .
ئاکۆ ئاڵی