ئەمریكا هۆشداری له‌ داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە عێراق ده‌دات

عیراق

26/09/2020‌ 445 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری داوه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر سەرۆك وەزیرانی عێراق رێكاری زیاتر نه‌گرێته‌ به‌ر بۆ راگرتنی هێرشه‌كانی سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌یان له‌ به‌غداد ئه‌وا دایده‌خه‌ن. 

له‌ وتارێكدا دەیڤید ئیگناتیۆس شارەزا لە پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەمریكی باسی له‌وه‌كردووه‌: مایك پۆمپیۆ  وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری داوە لەوەی باڵیۆزخانەكەیان لە عێراق دادەخەن، ئەگەر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵی زیاتر نەدات بۆ وەستاندنی ئەو هێرشە مووشەكیانەی كە دەكرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق.

ئه‌و نوسه‌ره‌ ده‌ڵێت: "داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لەوانەیە ببێتە مایەی بانگەشەی سەرکەوتنی ئێران و لە ھەمان کاتدا لەوانەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی کە ئێران پاڵپشتیان دەکات.

ئه‌وه‌شی نووسیووه‌: عێراق ئەو گۆڕەپانەیە كە لەوانەیە لەماوەی هەفتەكانی داهاتوودا، رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریكاو ئێرانی تیایدا بتەقێتەوە كە لەوانەیە ئەوەیش ببێتە رووداوێكی لەناكاوی ئۆكتۆبەری بەر لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەدواوە بێت.

موقتەدا سەدر رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در دوێنێ هەینی لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكرده‌وه‌: "پێویستە لیژنەیەكی ئەمنی، سەربازی و پەرلەمانی بۆ لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییە ئەمنییەكانی عێراق و هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان و دامەزراوە دەوڵەتییەكانی عێراق پێكبهێنرێت".

دواتریش مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق له‌ رێگه‌ی تویته‌وه‌ وه‌ڵامی سه‌دری دایه‌وه‌ و نوسیوویه‌تی: "ئێمە پشتیوانی لەو پێشنیارانە دەکەین کە بەڕێز موقتەدا سەدر دایناوە بۆ پێکهێنانی لێژنەیەکی ئەمنی و سەربازی و پەرلەمانی، بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە ئاسایش و ناوبانگ و پابەندبوونە نێودەوڵەتیەکانی عێراق دەکرێت".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "جەخت لەوە دەکەین کە دەستی یاسا لە سەرووی دەستی کەسانی دەرەکییە، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ چه‌ك به‌ده‌ست و یاخیبوون هیچ شوێنێکیان لە عێراقدا نییە".

سەدر لە پەیامەكەیدا ده‌ڵێت: ئەم جۆرە پێشێلكارییە ئەمنیانە زیان بە ئێستا و ئایندەی عێراق دەگەیەنێت و هەڕەشەش دەبێت بۆ سەر سەروەری خاكی وڵات، پێشیوایە كە هێرشی سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیان و چارەنوسی خەڵكی عێراق، بۆیە پێویستە بەخێرایی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت.
ه.م