نیشانەیەکی نامۆو تەنانەت سودبەخشی کۆرۆنا ئاشکرادەبێت

تەندروستی

10/10/2020‌ 4477 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیستی نیشانەکانی توشبون بەڤایرۆسی کۆڕۆنا دورودرێژە، هەر لەگرفتی هەناسەدانەوە بۆ لەدەستدانی هەستی تام‌و بۆنکردن، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نیشانەیەکی نوێ‌و پێشبینینەکراوی ڤایرۆسەکەی ئاشکراکردوە.

زاناکانی زانکۆی ئەریزۆنا ئاشکرایانکردووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەی ئازارشکێن گەشەدەکات، کەبەپێی پێگەی فەرمی زانکۆکە، هەرئەوەشە وادەکات ملیۆنان کەس لەسەرتاسەری جیهان توشی ڤایرۆسەکە ببن بێئەوەی هەستی پێبکەن.

راجیش خانا ئامادەکاری لێکۆڵینەوەکەو مامۆستای کۆلێژی پزیشکی لەزانکۆکە دەڵێت:"بۆمن لۆژیکی بوو کە هۆکاری بەردەوامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ ئەوەبوو کە لەقۆناغە سەرەتاییەکانی تووشبوون بەڤایرۆسەکە، کەسی تووشبوو بەهۆی خەسڵەتی ئازارشکێنی ڤایرۆسەکەوە هەست بەئازار ناکات‌و وەک ئەوە وایە هیچ شتێکی هەڵە ڕوینەدابێت".

خانا جەختیکردۆتەوە، ئەگەربێت‌و لەخەسڵەتی ئازارشکێنانەی ڤایرۆسەکە دڵنیاببنەوەو بیبەستنەوە بەزۆری بڵاوبوونەوەی، ئەوە دەتوانن بڵێن کە دۆزینەوەیەکی زانستی گەورەیان کردووە.

هەروەک مایکڵ دیک یاریدەدەری یەکەمی سەرۆکی زانکۆی ئەریزۆنا بۆ زانستە تەندروستییەکان دەڵێت:"ئەو لێکۆڵینەوەیە ئەوەی پیشانداوە کە ئەگەری هەستکردن بەئازار لەکاتی توشبون بەڤایرۆسی کۆرۆنا، بەهۆی بوونی "پڕۆتین کۆڤید" لەجەستەدا کەمدەبێتەوە، بەوپێیەی پرۆتینەکە ڕێرەوەکانی گەیاندنی ئازار لەجەستەدا کپدەکات.

ئەو لێکۆڵینەوەیە دۆزینەوەیەکی پێشبینی نەکراوەو دەریدەخات کە رەنگە ڤایرۆسی کۆرۆنا سوودێکیشی هەبێت کە ئەویش ئەوەیە دەکرێت لەئایندەداو دوای کۆتاییهاتنی پەتاکە، وەک رێگایەکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی ئازار بەکاربهێنرێت.

وەرگێڕان: ئاکۆ ئاڵی