نامەی پێشمەرگەیەکی شۆڕش بۆ بەرپرسەکانی ئەوکات‌و حیکایەتخوانەکانی ئێستا

ڕاپۆرت

12/10/2020‌ 3229 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاى کەدرۆیەکى گەورەو خەیاڵێکى بەتاڵبوو چیرۆکى نەسرەوتن تا سەرکەوتن .. نامەی پێشمەرگەیەکی شۆڕش بۆ بەرپرسەکانی ئەو کات‌و حیکایەتخوانەکانی ئێستا

ئاى کە بەسوێیە بۆ ئەوانەى دڵپاکانە متمانەیان پێکردن تەمەنى جوانیی خۆیان بەئێوە بەخشى، زۆرن ئەوانەى ئامادەبون لەپێناو ئەو چیرۆکانە سەروماڵیان بەخشى، بەڵام ئێوە قەدرتان نەزانى‌و هەمویتان بەچاوى گەمەیەکى بێبەها بینى‌و لەچاوتروکانێکدا شەقێکتان لەهەموو ماندوبونى ئەوان هەڵدا.

دەی ئێستا وەرن بۆ تەنها جارێک ڕاستگۆبن‌و دان بەشکستەکەتاندا بنێن‌و لەباتى چیرۆکى نەسرەوتن باسى ئەو شکستە بکەن کە وەک ئەسپى دۆڕاو چاوەرێن کەسێک جڵەوى ئارەزوە تێرنەبوەکانى دنیاتان بگرێت، تا بەتەواوەتى لەبەردەم نەیارەکانتاندا نەگلاون.

ئاخر خۆ ئەوە کۆتایى دونیا نییە، ئەى ئەوەنییە هەموتان بەدیار ڕەشماڵەکەى بەردەم ڕەشەباوە کەنەفت‌و پەکەوتەو دەستەوئەژنۆ دانیشتون؟ ئێوە ڕێبوارى نیوەڕێ بون، ئەى ئەوەنییە لەپەنجەرەى باڵەخانەکانتانەوە دەڕواننە خەڵکی ڕەش‌و ڕوتى مەملەکەتەتان‌و هەر خەریکی گوزەرانی شاهنشاهی‌و پادشایی خۆتتانن‌و چاوتان ‌هیچ جوانییەک نابێنێت؟

ئەها ببینن چۆن بەناوى بیرەوەرى‌و نوسینى کتێبەوە بەربونەتە گیانى یەکترى‌و خەریکى ڕەشکردنەوەی ڕابردوى خۆتانن.

منداڵى شەهیدەکان هەقیانە بپرسن کوان ئەوانەى سرودى نەسرەوتن تا سەرکەوتنیان کردبوە وێردى سەرزمانیان.

ئێوە دەزانن هاوڕێکانتان نیوەیان بەگەنجى خوێنى خۆیان بەو چیرۆکى نەسرەوتنە بەخشى کە ئێوە ئێستا ناهێڵن منداڵ‌و نەوەکانیان بسرەون؟

ئێوە تۆڵەى لەدەستدانى تەمەنى گەنجیتان لەوانە ئەکەنەوە کەئەجەل نەیپێچانەوە‌و نەیبردنە نوگرەسەلمان، یان تۆڵە لەوانە ئەکەنەوە کە پاروى گەروى خۆیان‌و منداڵەکانیان پێبەخشین تا ئێوە برسى نەبن؟

ئاى... کە دیمەنێکى تاڵ‌و بێزارکەرە ئێوە ئێستا وەک پیرى ئاخر شەڕ، شەڕ بەئایندەى منداڵەکانى ئەم وڵاتەو ڕابردوى خۆشتان دەفرۆشن.

ئەوە چ بایەقوشێک خوێندویەتى بەسەر ئەم مەملەکەتەدا تابەوجۆرە تارومارى وڵات بکەوێتە دەست ئێوەو ئێوەش گەمەى پێبکەن.

لەکەس مەپرسن، تەنها واز لەچیرۆکە ئەفسوناوییەکانتان بێن‌و لەتاریکى دەسەڵات هەنگاوێک دوربکەونەوە تا بزانن چۆن لاوانى وڵات ئامادەن لەبێزارى ئێوە ئەم مەملەکەتە تەڵاق بدەن‌و بچن لەگەڵ ئاوى ئیجەو غەریبیدا ئاهەنگى سەرکەوتن بۆ ژیان بگێڕن.

ئێستا چیتر چیرۆکى نەسرەوتن تاسەرکەوتن، لەگەڵ ڕۆحى پاکى ئەو منداڵانەى لەئاودا خنکان‌و لەغەریبیدا زمانى دایکیان بیرچوە، ئەویش کۆچى کرد.

ڕۆژ ئەو ڕۆژەیە کێ  لەئێوە ئازایە، مسقاڵە زەڕەیەک ویژانى تیایەو زۆرتر شەرمى بەخۆى هەیە، لەباتى گێڕانەوەى چیرۆکە درۆینەکان، بابڕواتە سەرشاشەو لەمیدیاکانەوە شەرحى حاڵى ئێستامان بۆبکات، ئاخر تائێمە ئەو چیرۆکانە فەنا نەکەین‌و لەبیریان نەکەین، ئێوەى حیکایەت خوان کۆڵنادەن شەویش دێنە خەومان تا نەتوانین بەخەیاڵیکى ئارامەوە ڕۆژ بکەینەوە.

ئێستا کاتى ئەوەیە کامتان بەجەرگن‌و خاوەن باوەڕو مرۆڤدۆستن، بەویژدانەوە تەنها بۆ ساتێک، بەڵى بۆ ساتێک سەیرى دەورى خۆتان بکەن، گوێ لەبێدەنگى خەڵک بگرن‌و چیرۆک‌و بەسەرهاتى تاڵى ژانگرتوى ئەمڕۆمان بۆ باسبکەن، چونکە ئازایەتى ئەوەیە لەئێستاتان هەڵنەیەن‌و بەلێفەى دوێنێ عەیبەکانى ئەمڕۆتان دانەپۆشن.