١٦ی ئۆکتۆبەر چی روویدا.. ریفراندۆم و ناکۆکى حزبی لە ٥١%ی خاکى کوردستانی خستە داهاتوویەکى نادیارەوە

کوردستان

16/10/2020‌ 2047 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمڕۆ سێ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرداو تائێستا لێکۆڵینەوەیەک لەبارەى ئەو رووداوانە نەکراوە کە بۆچى روویداو کێ لێی بەرپرسە و بۆ روویدا، پارتى ئەم رووداوە وەک خیانەت پێناسە دەکات و یەکێتیش داواى لیژنەى لێکۆڵینەوە دەکات بۆ دەرخستنى راستییەکان، بەڵام  راستییەکە هەرچی بێت ئەوەى کە لە ئەرزی واقیعدا روویدا بریتى بوو لە کشانەوەى پێشمەرگەو لەدەستدانى ٥١%ی خاکى کوردستان کە لەدواى پڕۆسەى ئازادى عێراقەوە کەتبووە دەستی کورد.

١٦ی ئۆکتۆبەر چۆن روویدا؟
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، هێزە ئەمنییەکانى عێراق و حەشدی شەعبی بەهاوکاریی چەند وڵاتێکی ناوچەکە و هێرشیانکردە سەر سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم و  لەماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا تەواوی ئەو ناوچانەیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە و هێزى پێشمەرگەش لەو ناوچانە کشانەوە.

دوای هێرشی رێکخراوى داعش بۆ سنوورەکانی باشوری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکانی سنوری ماددەی ١٤٠ پاشەکشەیان کرد و بەشێکى زۆری ئەو ناوچانە کەوتنە ژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی رێکخراوەکە، بەڵام دواتر هێزەکانی پێشمەرگە و پەکەکە بە هاوکارى هاوپەیمانان  بەشی هەرە زۆرى ئەو ناوچانەیان لە داعش پاککردنەوەو کەوتە ژێر کۆنترۆڵى پێشمەرگە.

لەو کاتەدا حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتى حەیدەر عەبادى لەشەڕێکى بەفراوان و قورسدابوون لەگەڵ چەکدارانى داعش لەسنوری چەند پارێزگایەک ئەوەش وایکرد کە چاوپۆشى بکات لە کۆنترۆڵکردنى ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان، چونکە پێویستی زۆرى بە هێزی پێشمەرگە هەبوو، بۆیە هەڵوێستی بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ نەبوو لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و تاڕادەیەک ئارامبوونەوەی دۆخەکەو کۆنترۆڵکردنەوەى ناوچەکانیان حکومەتى عێراق بەدواى هەلێکدا دەگەڕا بۆ گەڕاندنەوەى سوپاو حەشدى شەعبی بۆ ئەو ناوچانەو کۆنترۆڵکردنی سنورى مادەى ١٤٠.

هەر لەو سەروبەندەدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا گەڕانەوەی  ناوچە کوردستانییەکانى سنورى مادەى ١٤٠ی بۆ ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئەوەش حکومەتى عێراق و لایەنە سیاسییەکانى عێراقی نیگەران کرد، بەڵام ئەنجامدانى ریفراندۆم ئەو هەلە بوو کە حکومەتى عێراق بەدوایدا دەگەڕاو توانى ریفراندۆم بقۆزێتەوە بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو ناوچانەدا، بەوەش لە ٥١%ی خاکى کوردستان کەوتەوە دەست حکومەتى عێراق و چارەنوسێکى نادیارەوە.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ەوە، مەسعود بارزانى سەرۆکى ئەوکاتەى هەرێم پرسی ئەنجامدانى ریفراندۆمى لە کوردستانى عێراقدا راگەیاندو بۆ ئەوەش کۆمیتەیەکى لە بەشێک لەلایەنە سیاسیەکانی هەرێم جگە لە بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى پێکهێناو دواى چەند کۆبوونەوەیەک کات و چۆنیەتى ئەنجامدانى ریفراندۆمیان دیاری کرد، لەو کاتەشدا حکومەتی عێراق سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی قەزاى حەویجە بوو لە چەکدارانى بەوهۆیەشەوە بەغدا ئەو دەنگۆیانەی بە جدیی وەرنەگرت و وەکو فشارێکى بارزانى بۆ سەر دەسەڵاتى فیدرالی عێراق خوێندنەوەیان بۆ دەکرد.

بارزانى بە لێدوانى دژ بەیەک باسى لە داهاتووى ریفراندۆمەکە دەکرد، جارێک دەیوت بۆ دروستکردنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردەو جارێکیش دەیوت ئەم ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی نییە، بەڵکو تەنیا بۆ ئەوەیە بزانین خەڵکى کوردستان چی دەوێت، بەڵام ئەو ریفراندۆمە هیچ پشتیوانییەکى ناوخۆیی و دەرەکیی نەبوو زۆربەى وڵاتانى ناوچەکەو جیهانیش ئاگاداری بارزانیان کرد کە ئەو کارە نەکات ، چونکە زیان بە کوردو هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت، تەنانەت  هەریەکە لە تورکیاو ئێران هەڕەشەیان لە هەرێمی کوردستان کرد کە ریفراندۆم نەکرێت ، بەڵام بارزانى سووربوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

دواتریش حکومەتی عێراق چەندین جاری هەڵوێستی تووندی دەردەبڕی لەدژی ڕیفراندۆم و هەڕەشەی کاردانەوەی سەربازیی دەکرد، حکومەتی ئێرانیش بەهەڕەشەی داخستنی سنوورەکان، هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان دەکرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و رابەرانى ئەو ریفراندۆمە بە زمانی زبر وەڵامی هەڕەشە و هەڵوێستی وڵاتانیان دەدایەوە، بەجۆرێک بەرامبەر هەڕەشەکانی عێراق بێ منەتیی خۆیان نیشاندەدا و هەڕەشەی وڵامدانەوەی سەربازییان لێدەکردن.

ریفراندۆم ئێران و تورکیا و عێراقی یەکخست
هەر لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی بانگەشەى ڕیفراندۆم لەپشتى پەردەوە تورکیاو ئێران و عێراق رێککەوتن لەسەر وەستانەوە لەدژى ئەو هەوڵانەى هەرێمى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا سوپای عێراق بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە سوپای پاسدارانی ئێران و سوپای تورک، مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدا، ئەوەش وەک پەیامێک بوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.

لەناوخۆو دەرەوەى هەرێمى کوردستان زۆرێک لە سەرکردەو رۆشنبیرو کەسایەتى و رێکخراوەکان و لایەنى جیاجیا داوایان لە رابەرانى ریفراندۆم و خودى بارزانى کرد کە ئەو یەکگرتنەوەى تورکیاو ئێران و عێراق بە هەند وەربگرێت و پاشگەزببنەوە لە ئەنجامدانى ریفراندۆم، بەڵام بارزانى و کۆمیتەى هاوکارى سوربوو لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆم و ئەو کەسانەشى بە دوژمنى کورد لەقەڵەمدا.

لەگەڵ هەموو هەڕەشەکاندا، لە ٢٥ی ئەیلول ڕیفراندۆم ئەنجامدرا و دواتر هەڕەشەکان قۆناغ بە قۆناغ لەسەر هەرێم جێبەجێکران و ئەوەبوو لە ڕۆژی ٢٩ی ئەیلول و تەنیا  چوار ڕۆژ دواى ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، گەشتە ئاسمانییەکان بەرووی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستاندا داخرا، هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانیش، بە داخستنی دەروازەی سنوورییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر هەرێمی کوردستان.

لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە تاوەکو ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان بەردەوامبوو، تا دەهات تووندتریش دەبوونەوە، لە سنوورەکانی نێوان عێراق و باشوری کوردستانەوە جموجوڵی سەربازیی دەستیپێکردبوو، عێراق هێزێکی زۆری بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە کۆکردبووەوە و ناسەقامگیریی سەربازیی دروستببوو.

ئەم مەترسییانەی کە دەورى هەرێمیانداو سێبەرى جەنگ باڵی کێشا بەسەر هەرێمدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی  و بەتایبەت مەسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى داواى دانووستانیان لە حکومەتی عێراق کرد، پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەرپرسانی هەرێم بە مەرجی وەرگرتنی گەرەنتی لە بەرپرسانی عێراق، ئامادەبوون بچنە بەغدا بۆ گفتوگۆ، بەڵام دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هاوکێشەکە پێچەوانە بووەوە بەرپرسانی هەرێم ئامادەبوون بەبێ مەرج لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دانیشن، بەڵام بەپرسانی عێراق هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمیان کردبووە پێشمەرجی خۆیان، بۆ دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، دواتر نێچیرڤان بارزانى سڕکردنى ریفراندۆمى راگەیاند.

١٦ی ئۆکتۆبەر چی ڕوویدا؟
بەرەبەیانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە شاری کەرکوک و شارۆچکەکانی خورماتوو، داقوق و حەویجە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگەش بەبڕیاری بەرپرسانی هەرێم لەو ناوچانە کشانەوە، کەوا بەخوێنی هەزاران شەهید لە چەتەکانی داعشیان پاراستبوو، تاکە هێزیش کە لە کەرکوک مایەوە و شەری دژی هێزە عێراقییەکان کرد، گەریلاکانی پەکەکە بوون، کە ژمارەیەکی زۆر کەمیان لەو شارە بوو، بەڵام لەماوەیەکی کەمدا بەهۆی ئەوەی گەریلاکان لەڕووی چەک و تەقەمەنییەوە توانایەکی کەمیان هەبوو، هێزە عێراقییەکان تەواوی ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد.

هێزەکانی پێشمەرگەش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی کەرکوکەوە گەڕانەوە بۆ شارەدێی قەرەهەنجیر و سەنگەریان لێدا، لە باکوری کەرکوکیشەوە گەڕابوونەوە بۆ شارەدێی تەقتەق، هەروەها لە شارۆچکەی خورماتوویشەوە پاشەکشەیان کردبوو بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەکە و لە سنووری شارەدێی زنانە جێگیرببوون.

بەهۆی ئەو هێرشانەوە، نزیکەە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی لە شاری کەرکوک و شارۆچکەکانی داقوق و خورماتوو و دەوروبەریان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، ئاوارەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون.

ڕۆژی دواتریش هێزە عێراقییەکان بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیان دژی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەر شارۆچکەکانی شەنگال و خانەقین و شارەدێی گوڵاڵەیان کۆنترۆڵکرد، لەگەڵ ئەوەشدا شارۆچکەی دوبز-یان لە کەرکوک کۆنترۆڵکرد و لە قۆڵی پردێ-وە بە ئاراستەی سەنتەری شاری هەولێر پێشڕەوییان دەکرد، هەر هەمان ڕۆژ هێزە عێراقییەکان چوونە ناو شارۆچکەی مەخمورەوە و پێشمەرگەش شارۆچکەکەی چۆڵ کرد، هاوڵاتیانی ئەو شارۆچکەیەش ئاوارەی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی بوون، کە کامپێکی پەنابەرانی باکوری کوردستانەوە و دەکەوێتە بناری چیای قەرەچوغ، هەروەها شارەدێی بەعشیقەش لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆنترۆڵکرا.

ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەر بووە دوایین وێستگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی هێزە عێراقییەکان، کاتێک شارەدێی پردێ-یان کۆنترۆڵکرد و بە ئاڕاستەی سەنتەری شاری هەولێر پێشڕەوییان دەکرد، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی پارتی، سوپای عێراق لە نزیک بازگەی شێراوای هەولێر، کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەکەیان هێنا.

لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو دوو ڕۆژەدا، لە ناوچەکانی باشوری کەرکوک و شارۆچکەی خورماتوو و شارەدێی پردێ، ژمارەیەکی ٩٠ پێشمەرگە شەهیدبوون و  ژمارەیەکى زۆریش بریندار بوون.

کاردنەوەى ئێران و تورکیا
ئەو هێرشەی سوپای عێراق ئەگەرچی بە بەرگی سەربازیی عێراقییەوە ئەنجامدرابوو، بەڵام وڵاتانی ئێران و تورکیاش بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ بەشدارییان تێداکردبوو، تەنانەت ڕۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەر سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ئاشکرایکرد، کە هاکان فیدان، ڕاوێژکاری دەزگای هەوڵگریی میت-ی تورکیا، نوێنەری تورکیا بووە لە ئۆپەراسیۆنی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەروەها قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سوپای پاسداران، نوێنەری ئێران بووە لەو هێرشە.

ئەم ڕووداوانە بوونە هۆکاری لەدەستدانی ٥١٪ی خاکی باشوری کوردستان، هەروەها بووە هۆی لەدەستدانی تەواوی بیرە نەوتەکانی سنووری ناوچە دابڕێندراوەکان و خاڵە سنوورییەکان، کە ئەمەش لەڕووی ئابوورییەوە زیانێکی گەورەی بە هەرێمی کوردستان گەیاند، لەڕووی سیاسییشەوە، سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستانی لە عێراق و ناوچەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.

لەسەر ئەو ڕووداوانە، پارتی یەکێتی بە فرۆشتنی کەرکوک و خانەقین و یەکێتیش پارتی بە فرۆشتنی مەخمور و شەنگال یەکتریان بە خیانەتکار تۆمەتبار دەکرد، بەڵام پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو دوو لایەنە تۆمەتی “خیانەت”یان دەخستە پاڵ ئەو کەس و لایەنانەی کەوا لەگەڵ ڕیفراندۆمی باشوری کوردستاندا نەبوون.

لەدوای ئەو ڕووداوانەش، بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، کە ئەو ڕووداوانە دەرەنجامی یەکنەبوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بڕیاری تاکلایەنەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو، لەکاتێکدا وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دژی کوردان هەموو ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان خستبووە لاوە و لەسەر یەک مێز پیلانیان دژی کوردان دادەڕشت.

سەرەڕای ئەم ڕووداوانەش، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، ڕازیبوون بە سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم، بەڵام هێشتا ناجێگیریی ئەمنیی لە ناوچە دابڕێندراوەکان و بەتایبەت کەرکوک، خانەقین و خورماتوو بەردەوامە، ڕۆژانە تەقینەوە و ڕفاندن و کوشتن ڕووبەڕووی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە دەبنەوە.

لەدواى ریفراندۆم و روودوەکانى ١٦ی ئۆکۆتبەرەوە خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنى زۆر بە ئەو رووداوانە کران و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکانى  و چاودێرانى سیاسى و رۆشنبیرانیش دەڵێن، ریفراندۆم و ناکۆکى حزبی لەنێوان پارتى و یەکێتى دوو هۆکارى سەرەکین کە بوونە هۆکاری روودانى ١٦ى ئۆکتۆبەرو لەدەستدانى لە ٥١%ی خاکى کوردستان.

لەئێستاشدا پارتى و یەکێتى بەردەوام لەسەر ریفراندۆم و رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەر هێرش دەکەنە سەر یەکتر و یەکتر بە خیانەتکار لەقەڵەم دەدەن، ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە هەموو هەنگاوەکانى ریفراندۆمدا پارتى و یەکێتى هاوبەشى یەکتر بوون.

س.هـ