شارپرێس:
جارێکی دیکە پارتی و یەکێتی، شەڕی ڕاگەیاندنیان دەستپێکردووەتەوە و لە ڕاگەیاندنە فەرمی و نافەرمی و سێبەرەکانی خۆیانەوە هێرشی توند دەکەنە سەر یەکتر، لەو چوارچێوەیەشدا لە بارەی ڕوداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە هەر لایەکیان بە توندی ئەوی دیکە بە هۆکاری ڕوداوەکان و لەدەستدانی بەشێک لە خاکی هەرێم دەزانێت.
سەرەتا لە ڕاگەیاندنە نا فەرمییەکان و دواتریش لەسەر ئاستی باڵا و فەرمی هێرشیان کردە سەر یەکتر و هەر یەکەیان ئەوی دیکە بە خیانەتکار وەسف دەکات.
دوای ئەوەی میدیا فەرمی و نافەرمیەکانی پارتی زۆر بەتوندی هێرشیان دەکردە سەر بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی و بە خیانەتکار و خاکفرۆش ناویان دەبردن مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی توندی لە بارەی ڕوداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە بڵاوکردەوە، کە تیایدا ڕوداوەکانی بە دهرئهنجامی زنجیرهیهك پێشبینی ههڵه و بڕیاری نهخهمڵیوی سیاسی و ستراتیجی باسکرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا یەکێتی بە توندی هێرشی کردووەتە سەر پارتی و دەڵێت هێزهكانی تر، كه یهكێتی نهبوون، بهبێ ئاگاداركردنهوهی یهكێتی له پاشهكشێ و چۆڵكردنی هێڵی بهرگری، سهنگهرهكانیان چۆڵ كرد، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە پارتی لە سنوری خۆیەوە سەنگەرەکانی چۆڵکردووە.
لە کۆتاییشدا دەڵێت، سهرشۆڕی بۆ چهواشهكاران و ئهوانهش كه ههموو مێژوویان خۆچهماندنهوه بووه.
لە بەرامبەردا مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەوەی یەکێتی توندتری بڵاوکردەوە و تیایدا، بهشێكى یهكێتیی به هەرزەی سیاسی و تاقمى ناکامڵ وەسف دەکات و دەشڵێت، ئهگهر تهسلیمكردنی كهركوك بهشێك بێت لهڕێبازی پیرۆز، ئەی دهبێ ڕێبازی ناپیرۆزتان چی بێ.
شەڕەکەی پارتی و یەکێتی تەنیا لە ئاستی باڵادا نەماوەتەوە، بەڵو لەسەر ئاستی سەرۆکی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان و تیمی حکومی هەردوڵا ڕاگەیەندراو و پەیامی توند لە دژی یەکتر بڵاودەکەنەوە و تەنانەت قسەی نەشیاو بە یەکتر دەڵێن.
مەسرور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی کە هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمە، لە پەیامێکدا ناڕاستەوخۆ بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی بە خیانەتکار و خاکفرۆش وەسفکرد و دۆخی ئێستای کەرکوکی بە داگیرکراو باس کرد.
لە بەرامبەردا حەمەی حەمە سەعید ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا باسی لەوە کرد، ئەگەر بڕیارە حکومەت باس لە هەموو رووداوە کارەسات بارەکان بکات، ئەوە دەبوایە لەیادی ۳۱ ئاب دا ئەو خیانەتەی شەرمەزار بکردایە، کە لە دەرئەنجامی ئهو خیانهتەدا، پەرلەمان وحکومەتی هەریمی كوردستان لەلایهن رژێمی بەعسەوە داگیرکران.
ئەم شەڕە ڕاگەیاندنییەی یەکێتی و پارتی لە کاتێکدایە، ئەم دوو حزبە لە کاتی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەڵێنیان بە هاوڵاتیاندا کە خۆیان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان تەرخان بکەن و کوردستانێکی بەهێز بنیات بنێن و دواتریش قەیرانی دارایی چارەسەر بکەن و موچە فەوتاوەکانیان بۆ بگێڕنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، خەڵکی هەرێمی کوردستان لە خراپترین دۆخی دارایی و تەندروستیدان و ماوەی شەست ڕۆژ جارێک موچەیەکی لێبراویان پێدەدرێت.
ئەمە بێجگە لەوەی کە سنورەکانی هەرێم هەر ڕۆژە و لە لایەن وڵاتێکی دراوسێوە بۆردومان دەکرێن و هاوڵاتیانی سڤیل لە ناو خاکی هەرێم دەبنە قوربانیی.
کاتی ئەوەیە هاوڵاتیان ئەو پرسیارە بکەن کە بۆچی سەرەڕای ئەم هەموو دۆخە خراپەی خەڵک پارتی و یەکێتی بەردەوامن لە شەڕی خۆیان و لە هەندێک کاتدا هەنگاو دەنێن بۆ هێرشی کەسی و سڵ ناکەنەوە لە هەر دەستەواژەیەک کە بەدەمیاندا بێت بەرامبەر یەکتر.