هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا عێراقییەکان زیاتر دابەشدەکات

ڕاپۆرت

19/10/2020‌ 867 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تۆڕی "CNN"ی ئەمریکی له‌ڕاپۆرتێكدا ئاماژه‌ به‌دابەشبونی بەرژەوەندی کوردو سوننەو شیعەکان ده‌كات لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکادا، ڕاشیگه‌یاندوه‌، "هیچ بنەمایەکی جێگیر لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا بونى نییه‌".

تۆڕی CNNی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەتێڕوانینی بەرپرسانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا کردوەو ڕونیکردۆتەوە، لایەنە عێراقییەکان لەبەر سێ دۆسییەی گرنگ هەنگاو بەهەنگاو چاودێری پێشهاتەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەکەن.

وه‌كو باسیكردوه‌، یەکەمیان بریتییە لەبونی سەربازیی ئەمریکا لەعێراق، دوەمیش بەرەنگاربونەوەی داعش‌و سێیەمیشیان خۆی لەململانێکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق دەبینێتەوە.

لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەی تۆڕە هەواڵییە ئەمریکییەکەدا هاتوە، بەرپرسانی عێراقی لەبارەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا ڕاوبۆچونیان جیاوازە، بەشێوەیەک هێزە شیعییەکان پێیانوایە بردنەوەی جۆبایدن سودی دەبێت لەهێورکردنەوەی ململانێ‌و ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران‌و حەشدی شەعبی.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی سێ ئێن ئێن، هەرچی کوردەکانن وادەبین کە بایدن لەململانێی نێوان هەرێم‌و بەغدا زیاتر پشتگیری کورد دەکات‌و لەگەڵ ئەوەدایە هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی زیاتری پێبدرێت، هەربۆیە هێورکردنەوەی سیاسەتە توندەکانی تره‌مپ لەگەڵ ئێرانیان زۆر بەلاوە گرنگ نییە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، عەرەبە سوننەکان زیاتر مەیلی ئەوەیان هەیە جارێکی تر ترەمپ هەڵبژاردنەکان بەرێتەوە، بەوپێیەی هەڵوێستێکی توندی بەرانبەر بەحەشدی شەعبی‌و هەژمونی ئێران لەعێراقدا هەیە، هەرچەندە بەشێک لەسوننەکان لەئێرانەوە نزیکن.

ڕاپۆرتەکە جەختیکردۆتەوە، دابەشبونی بەرژەوەندی کوردو سوننەو شیعەکان لەبارەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا دەریدەخات کە هیچ بنەمایەکی جێگیر لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق لەبارەی پرۆسەیەکی سیاسیی سەربەخۆ لەکاریگەرییە دەرەکییەکان لەو وڵاتەدا نییە، بەشێوەیەک بتوانن هەڵوێستێکی یەکگرتویان لەبارەی پێشهاتە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەکان هەبێت.

ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی