ئۆڤاکۆی، ئەو پرۆژەیەی کە تورکیا بە هاوبەشیی پارتی و عێراق و ئەمریکا جێبەجێی دەکات

مەلەفی تایبەت

21/10/2020‌ 6046 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پرۆژەی ئۆڤاکۆی، ئەو پرۆژەیەی کە تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەیەوە بگات بە خەونەکانی میساقی میللی و بەرژەوەندی کورد لە سێ پارچەی کوردستان بخاتە مەرسییەوە، تورکیا لە هەوڵی لێکدابڕانی پارچەکانی کوردستاندایە لە ڕێگەی جێبەجێ کردنی پرۆژەکەوە.

ئەوەی باسدەکرێت رێککەوتنەکەى پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی عێراق لە سەر شەنگال، لە ژێرەوە رێککەوتنێکی نوێی لۆزان و میساقی میللیی تورکەکانی پێ نوێکراوەتەوە. پارتی و حکومەتی عێراق لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ٩ی تشرینی یەکەمدا لەسەر شەنگال رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، بەڵام دەوترێت تورکیاو ئەمریکا تارمایی پشت ڕێککەوتنەکەن.

بەپێی زانیارییەکان، تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧ەوە کار لەسەر پرۆژەی دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆی دەکات، دوای هەندێک ریفۆرم و گۆڕانکاری و بەرفراوانکردنی، ئەو پرۆژەیەی بە فەرمی پێشکەش بە بەرپرسانی ئەمریکا و پارتی کردووە، و سەرەڕای ئەوەی پارتی لەسەرەتادا دژی پرۆژەکە بوە بەڵام ئێستا تورکیا دەیەوێت بە هاوبەشی ئەو پرۆژەکە جێبەجێ بکات.

تورکیا، پارتی و عێراق بە هەماهەنگیی ئەمریکا لەسەر پرۆژەیەک کار دەکەن و ئەو پرۆژەیەش هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکەن، تورکیا دەیەوێت لەڕێگەی دروستکردنی بەرژەوەندی عیراق و پارتی و ئەمریکاوە پرۆژەکە بکاتە ئەمری واقیع.

ئاژانسی هەواڵی فورات رایگەیاند، گرنگیی "دابینکردنی ئاسایشی سنووری عێراق و سوریا" و "سنووردارکردنی کاریگەریی ئێران لە عێراق و سوریا" و "سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەى موسڵ و پێشخستنی بازرگانی"، بۆ پرۆژەکە زیادکراوە و بەو شێوەیە هەوڵ دەدەن پشتیوانی ئەمریکا بۆ پرۆژەکەیان بە دەست بهێنن.

پرۆژەکە لە سێگۆشەى سنووریی رۆژئاوا – باشوور و باکووری کوردستانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو بەغدا درێژدەبێتەوە. لە پرۆژەکەدا پلان بۆ رێگای زەمینی و رێگای ئاسن دانراوە، لە شاری شرناخی باکووی کوردستانەوە دەستپێدەکات و بە پارێزگای دهۆکدا تێدەپەڕێت بۆ رۆژئاوای شەنگال و دەگاتە تەلەعەفەر و لەوێیەوە بۆ موسڵ و لەوێشەوە بۆ سامەڕا و بەغدا.

بەهۆی گۆرانکاریەکانی ئەمساڵی عێراق و هاتنە سەر حوکمی کازمییەوە پرۆژەکە بۆ ماوەیەکی کەم وەستێنراو دوای ئەوە بەهۆی چەند چاوپێکەوتنێکی دبلۆماتی نێوان ئەنقەرەو بەغداو هەولێر و واشنتۆنەوە پرۆژەکە سەرلەنوێ زیندو کرایەوەو دەستکرا بەکارکردن تیایدا.

هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا سەردانی بەغدای کرد،  دواتر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتۆنی کرد و مانگی ئەیلول هاتە هەولێر، لەلایەکی تریشەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم سەردانی ئەنقەرەى کرد و دواتریش جەمیس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا سەردانی هەولێر و ئەنقەرەى کرد، دەوترێت پرۆژەکە لەو سەردانانەدا لێکدانەوەى تەواوی بۆ کراوە.

هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغداد، تورکیا هێرشی کردە سەر شەنگال و مەخمور و دواتریش بە ناوی "چنگی پڵنگ" هێرشی کردە سەر حەفتانین، هەر دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانیش، پارتی هێزێکی زۆری سەربازیی لەسەر سنوری رۆژئاوای کوردستان جێگیرکرد و خەندەقی لێدا و دەستی بە دروستکردنی بنکەى سەربازی کرد.

عێراق بە شێوەیەکی ئەرێنی و باش لە پرۆژەکە دەڕوانێت، دەیانەوێت بە بەشداریپێکردنی پارتی نیگەرانییەکانی سەر پرۆژەکە بڕەوێننەوە، بە پێی زانیارییەکان تورکیا بۆ ئەوەى پرۆژەکە جێبەجێ بکات هەندێک بەڵێنی بە هەولیر و بەغدا و واشنتۆن داوە بەڵام دیار نییە بەڵینەکان چین.

زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دەرفەتی ڕاستەوخۆی بازرگانی لەنێوان تورکیاو عێراقدا لەلایەک و چارسەرکردنی کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان و پشتیوانی کوردان و عەشرەتە سونەکانی موسڵ بۆ کازمیی لە هەلبژاردنی پێشوەختەدا، وایانکردوە حکومەتەکەی کازمیی بە گەرمی بەپیر پرۆژەکەوە بروات.

تورکیا بە چەند بیانویەک بڕوای بە ئەمریکا هێناوە ئەگەر پشتیوانی پرۆژەکەش نەکات دژی نەوەستێتەوە و بەڵێنی کەمکردنەوەی کاریگەیی ئێرانی لەسەر عێراق داوەو لەلایەکی تریشەوە قسەی لەسەر پچراندنی هیلالی شیعی کردوە بەهۆی پرۆژەکەوە.

 تورکیا لەو پرۆژەیەدا پلانی دروستکردنی رێگای زەمینی و ئاسنینی داناوە و خواستی ئەوەی هەیە، کە پەیوەندیی نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستان بپچڕێنێت و کۆتایی بە خۆبەڕێوەبەریی ئێزدییەکان لە شەنگال بهێنێت، بەوە خۆی دەگەیەنێتە موسڵ و کەرکوک و لەو رێگەیەوە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا گەمارۆ دەدا و دەوترێت نزیکبونەوەی یادی سەد ساڵەی ڕێککەتننامەی لۆزان خەونی میساقی میللی لای بڕیار بەدەستانی تورکیا زیندو کردۆتەوە.