شارپرێس:
پارتی چەپی ئەڵمانیا راپۆرتێكی رێكخراوی CPTی تایبهت له گۆشهگیری سهر عهبدوڵا ئۆجهلان كرده پرسێكی تایبهت و ئهمڕۆ له پهرلهمانی ئهڵمانیا تاوتوێ كرا، له راپۆرتهكهدا هاتووه، ئۆجهلان گۆشهگیری بهسهردا سهپێنراوه.
کۆمیتەى رێگرتن لە ئەشکەنجەی ئەنجوومەنی ئەوروپا (CPT) بەپێی سەردانەکەى ساڵی 2019ی بۆ زیندانی دوورگەى ئیمراڵی، کە عەبدوڵا ئۆجهلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه) تیادا دیلکراوە، راپۆرتێکی ئامادە کردبوو و لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووه: گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەردەوامیی هەیە. سەرباری ئەو راپۆرتەش، بەڵام ئەنجوومەنی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوایی هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو و دەستیان بە جموجوڵ نەکرد بۆ نەهێشتنی گۆشەگیری، بەڵام حیزبی چەپی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئەڵمانیا پرۆژە پرسیارێکی ئامادە کرد و بابەتەکەى کردە رۆژەڤی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا.
پرۆژە پرسیارەکە بە پێشەنگایەتیی گۆکای ئاکبولوت پەرلەمانتاری چەپ ئامادە کرا و پرسیاری لە حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی ئەنگێلا مێرکل کرد، کە ئێوە چی دەڵێن، لەبارەی ئەوەى سی پی تی لە راپۆرتەکەدا دەستنیشانیکردووە، کە دەڵێت: "گۆشەگیری لە ئیمراڵی جێگیر و هەمیشەیی کراوە و سەرباری هۆشدارییەکانی ساڵی 2016 هێشتا هیچ گۆڕانکارییەک رووی نەداوە؟".
لە پرۆژە پرسیارەکەدا بە تایبەتی ئاماژە بە رێگرییەکانی سەردانی پارێزەران و بنەماڵەکان بۆ ئیمراڵی کراوە و پرسیاری کردووە: "لە چاوپێکەوتنەکانی ئێوە لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی تورک دا باس لە هەلومەرجی زیندانی ئیمراڵی دەکەن و ئەو هەلومەرجانە دەبنە رۆژەڤتان؟".
لە ناو پرۆژە پرسیارەکەدا جێگا بۆ راپۆرتە 29 لاپەڕەییەکەی سی پی تی کراوەتەوە، کە لە 5ی ئابی 2020دا بڵاوکرایەوە. بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسانی حکومەتى مێرکل لەم هەفتەیەدا بە نووسراو، یان بە زارەکی وەڵامی پرۆژە پرسیارەکەى حیزبی چەپ دەدەنەوە. لەبەر ئەوەى وەزارەتی داد، یان وەزارەتی دەرەوە دەبنە بەردەنگی بابەتەکە، چاوەڕێ دەکرێت لەلایەن هەر دوو وەزارەتەکەوە بە شێوەی هاوبەش وەڵامی پرۆژە پرسیارەکە بدرێتەوە.