شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی سزای بەسەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و جێگرەکەی، ھەروەھا کونسوڵی ئەمریکا لە ھەولێر سەپاند.
بهگوێرهی ئاژانسی میهری ئێرانی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگهیاندووه: لەوەڵامی سەپاندنی سزاكان بەسەر پێنج دامەزراوەی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، ئەمڕۆ تاران سزای بە سەر باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق و دوو بەرپرسی دیکەی ئەمریکادا سەپاندووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندوە: ماتسیو توێڵەر باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق خراوەتە لیستی سزادراوانەوە لەبەرئەوەی رۆڵی هەبوە لە "تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی" فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.
خەتیب زادە لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: سزادراوانی ئەمریکا دوو بەرپرسی دیکەیان لەگەڵدایە کە یەکێکیان کونسوڵی گشتی ئەمریکایە لەهەولێر.