"چارەسەرێکی جادوویی" بۆ کەمکردنەوەی گیانلەدەستدان بە کۆڕۆنا ئاشکرا دەبێت

ڕاپۆرت

13/11/2020‌ 2890 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات کە لەبارەی کەمکردنەوەی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنابەئەنجامێکی سەرنجراکێش گەیشتووە، بەشێوەیەک بۆی دەرکەوتووە هۆکارێک هەیە ئەگەری گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەڕێژەی لەسەدا ٩٣ کەمدەکاتەوە.

لێکۆڵینەوەکە کە زاناکانی زانکۆی حەیفای ئیسرائیل کردوویانە دەڵێت ئەو کەسانەی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆیان دێن و دەچن و هاوڕێیەتی دەکەن، بەڕێژەیەکی زۆر کەمتر بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیان لەدەست دەدەن.

ئامادەکارانی لێکۆڵینەوەکە تێبینیان کردووە کاتێک کەسانی بەتەمەن ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو ٥٥ ساڵییەوەیە خۆیان لە تێکەڵابوون بە گەنجان بەدووردەگرن،بەدەر لەوانەی لەگەڵیاندا دەژین، ڕێژەی پێشبینیکراوی مردنیان بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنابەڕێژەی لەسەدا ٥٤ بۆ ٦٢ دادەبەزێت.

تەنانەت لێکۆڵینەوەکە گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر بێت و کەسانی بەساڵاچوو مامەڵە لەگەڵ چینە تەمەنەکەی خۆیان بکەن و هاوڕێی نوێ پەیدا نەکەن، ئەوە تێکڕای گیان لەدەستدانیان بەڕێژەی لەسەدا ٩٣ کەمدەبێتەوە.

تیمی توێژینەوەکە دەڵێت بیرۆکەکە بەسادەیی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە کەسەکان تەنیا مامەڵە لەگەڵ چینە تەمەنەکەی خۆیاندا بکەن.

تیمی سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە دەڵێت :"لە ئێستادا ڕووبەڕووی واقیعێکی نوێ و سەخت بووینەوە کە پێویستە ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا، ئەویش ئەوەیە لەم جیهانە نوێیەدا کارلێککردنی کۆمەڵایەتی سنووردارکراوە و شوێنی کارکردن داخراوە و خەڵک پێش ئەوەی ڕوو لە فرۆشگای میوەفرۆشی بکات دووجار بیر دەکەنەوە.

تیمەکە دەڵێن لەبەر ئەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەکان بۆ کەسانی بەتەمەن گرنگ و بەرچاوە، بۆیە ئێمە مەرجی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ چینە تەمەنەکەی خۆیانمان زیاد کردووە، بەشێوەیەک لەو دۆخەدا ڕێگە بەبەتەمەنەکان دەدرێت لە ژینگەی بچووکی وەک هۆڵەکانی سینەما و چێشتخانەکان چاویان بەیەکتر بکەوێت کە لەئێستادا بەهۆی ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ داخراون .

هەروەک دەڵێن " تا چارەسەرێک یان ڤاکسینێک دەدۆزرێتەوە ، ئەم ڕێوشوێنانەی جیاکردنەوەی تەمەنەکان لەیەکتری یارمەتیدەر دەبێت لەکەمکردنەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان " .

توێژەرەوان ڕوونیشیان کردۆتەوە کە ئەم چارەسەرە دەکرێت بەدیلێک بێت بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە لایەن دەوڵەتانەوە سەپێنراون و زیانی ئابووری گەورەشیان لێکەوتۆتەوە.

لەوبارەیەوە شانی ستیرن ئامادەکاری لێکۆڵینەوەکە دەڵێت " بەگشتیی ئەو مۆدێل و ئەو سیناریۆیانە گرنگی جیاکردنەوەی کەسانی بەتەمەن دەردەخات.

هەروەک دەڵێت " هەندێک جۆری پەیوەندی ڕێگەی پێدەدرێت، وەک سەردانکردنی سینەما و بازارکردن، بەڵام ئەوەی روونە جۆرەکانی تری پەیوەندیکردن هەر بە قەدەغەکراوی دەمێنێتەوە".
ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی