شارپرێس:
ئهو زانایهى پهره بهڤاكسینى كۆرۆنا دهدات ههواڵێكى دڵخۆشكهر ڕادهگهیهنێتو تهئكیددهكاتهوه، "دهتوانرێت ڤایرۆسى كۆرۆنا لهناو ببرێت"، دهشڵێت:"ئەگەر پرسیارم لێبكرێت كه ئاخۆ دەتوانین بەو ڤاکسینە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەناوببەین، وەڵامی من ئەوەیە بەڵی دەتوانین".
بەگوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، ئوغور شاهین زانای بەناوبانگی پەرەپێدەری ڤاکسینی پێشبینیکراوی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕایگەیاندوە، دەتوانرێت ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەناوببرێت.
شاهین کە سەرۆکی جێبەجێکردنی کۆمپانیای دەرمانسازی (بایۆنتیک)ی ئەڵمانییە کە بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (فایزەر)ی ئەمریکی لەبەرهەمهێنانی ڤاکسینی تایبەت بەڤایرۆسی کۆڕۆنا سەرکەتوبون دەڵێت:"ئەگەر پرسیارم لێبكرێت ئاخۆ دەتوانین بەو ڤاکسینە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەناوببەین، وەڵامی من ئەوەیە بەڵی دەتوانین".
بەڵام زاناکانو بۆریس جۆنسۆنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش هۆشداریانداوە لەوەی هیچ گەرەنتییەک نییە کە پێکوتەکە سەرکەوتوو دەبێت، هەرچەندە ئەنجامە بەراییەکان هاندەرو دڵخۆشکەرن.
هێشتا ژمارەیەک پرسیار لەبارەی پێکوتەکە هەیە پێویستی بەوەڵامدانەوە هەیە، وەک ئەوەی ئایا چارەسەرەکە لەسەر کەسانی بەساڵاچوو کاریگەرە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەشی هەرەزۆری ئەوانەی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانیان لەسەرکراوە کەسانی گەنجو لەشساغ بون.
شاهین وتویەتی:"لەماوەی سێ هەفتەی داهاتودا تەواوی داتاکان دەردەچن، پێشبینیدەکرێت ڤاکسینەکان بتوانێت ڕێگری لەنەخۆشییەکە بکات، بەڵام ڕەنگە تاساڵێکی تر نەزانرێت کە ئایا ڤاکسینەکە دەتوانێت ڕێگە لەوە بگرێت ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر بگوازرێتەوە یان نا".
کۆمپانیای "فایزەر"ی ئەمریکیو "باینتیک"ی دەرمانسازی ئەڵمانی سەرکەوتنی قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانیان بۆ ڤاکسینی کۆڕۆنا ڕاگەیاند، کە دەریخستوە ڤاکسینەکە لە 90% سەرکەوتوە لەوەی ڕێگە لەتوشبونی خەڵک بەڤایرۆسەکە بگرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی