کۆمپانیای فایزەر: ڤاکسینەکەمان 95% کاریگەری هەیە

جیهان

18/11/2020‌ 589 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپانیای فایزەر ڕایگەیاند ئەو ڤاکسینەی ئێستا تاقیکردنەوەی لەسەر دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری کۆڤید 19، لە قۆناغی سێـیەمی تاقیکردنەوەکانی دەرکەوتووە بە ڕێژەی 95% کاریگەری هەیە.

کۆمپانیای فایزەر ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕاپـۆرتێکدا بڵاویكرده‌وه‌: ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی سێـیەم کە بەسەر نزیکەی 44 هەزار کەس کراوە، ڤاکسینەکە بە شێوەیەکی گشتی بە ڕێژەی 95% کاریگەری هەبووە و بە تایبەتی بەسەر کەسانی سەروو تەمەنی 65 ساڵ بە ڕێژەی زیاتر لە 94% کاریگەربووە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ڤاکسینەکەیان بۆ کۆڤید 19 کە بە BNT162b2 ناودێرکراوە، لە پاش 28 ڕۆژ لە لێدانی دەرزی یەکەمی کاریگەری دەردەکەوێت.

دەشڵێت توانیویانە ئەو مەرجانەی پـێویستن لە ڤاکسینەکەدا هەبن بۆ سەلامەتی بەکارهێنانی، هاتوونەتە دی بەو شێویەی دەزگای حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا بۆ چاودێری خۆراک و دەرمان FDA و دەزگای ئەوروپایی EUA دەیانەوێت. 

باس لەوەش دەکات کە هیچ شتێکی مەترسیدار بەدی نەکراوە بەسەر ئەو کەسانە هاتبێت کە ڤاکسینەکەیان لێدراوە، تەنیا ئەوە نەبێت بۆ چەند ڕۆژێک لە پاش لێدانی ڤاکسینەکە لە هەموو هەزار کەسێکیان 38 کەسیان هەستی بە هیلاکی کردبوو و 20 کەسیان سەری ئێشاوە.

کۆمپانیای فایزەری ئەمریكی کە لەگەڵ کۆمپانیای بایۆنتێکی ئەڵمانی ڤاکسینەکە دروستدەکات، پـێشبینی دەکات هەتا کۆتایی ئەمساڵ بتوانن 50 ملیۆن دەرزی ڤاکسینەکە دروستبکەن و هەتا کۆتایی ساڵی 2021 یش 1.3 ملیار دەرزی لێدروستبکەن.